لایەنگرانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە #کەرکووک# خۆپیشاندانیان لە دژی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک لایەنی تروکمانی و عەرەبی ئەنجامدا و خۆپیشاندەرێکی کوردیش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
لایەنگرانی پارتی لە کەرکووک، دژی داخستنی بارەگای ئەو حزبە و گرتنی ڕێگەکانی نێو شاری کەرکووک لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی، خۆپیشاندانیان کرد و سوپا و حەشدى شەعبى تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.
ماوەى چەند ڕۆژێکە لایەنگرانی حەشدی شەعبی چەند ڕێگەیەکی ناو شاری کەرکووکیان داخستوە و، دەڵێن ئەوان دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن و لە خۆپێشاندانیش ناوەستن تاوەکوو بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە.
کوردانی کەرکووک لە بەرانبەر ئەوەدا، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەڵێن، داخستنی ئەو ڕێگایانە لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە زیانی پێگەیاندوون و بازاڕی نەهێشتوون.
خۆپیشاندەران ھەوڵی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە دەدەن و چەکداران و لایەنگرانی حەشدی شەعبیش بە فیشەک وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێراق و فەرماندەی هێزەکانی وشکانی و چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئێراق گەیشتنە کەرکووک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ”کەرکووک گەرمیان”ی پارتی، کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای ئێراقی تێدایە.
هاتنی شاندە سەربازیەکەی سوپای ئێراق بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێراق بووە بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و ڕادەستکردنەوەیەتی بە پارتی.
لەگەڵ گەیشتی شاندی سەربازی سوپای ئێراق خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و هەندێ لایەنی عەرەبی فراوانتر بوون و بەتەواوەتی ڕێگای ”#هەولێر#- کەرکووک” لە بەردەم بارەگاکە داخرا. [1]