سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، بەهۆی قسەکانی #سەزگین تانریکوڵو# ، پەڕڵەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد کە گوتبووی سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانە خوارەوەی 15 هاونیشتمانی کورد لە هەلیکۆپتەر و سووتاندن و بۆردوومانکردنی گوندەکانی کورد، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە ڕاگەیێندراوێکدا بە تووندی وەڵامیدایەوە.
سەزگین تانریکوڵو، شەوی هەینی 08-09- 2023، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، ڕەخنەی لە سوپای تورکیا گرت و ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی ئەو دۆسیانەی لە دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بەدواداچوونیان بۆ دەکات، سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانە خوارەوەی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەرەوە. هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیا گوندە کوردنشینەکانیان سووتاندووە و بۆردوومانیان کردووە.
گوتەکانی تانریکوڵو کاردانەوەی بەشداربووەکانی دیکەی بەرنامەکەی لێکەوتەوە، کە لە ستۆدیۆ ئامادەبوون. ئەوان ئەو پەڕڵەمانتارەی جەهەپەیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە بری ڕەخنەگرتن لە پەکەکە، ڕەخنە لە سوپای تورکیا دەگرێت و بەردەوام بەها نەتەوەییەکان پشتگوێ دەخات، سووکایەتی و بوختانی ناشیرین هەڵدەبەستێت.
تانریکوڵو لەسەر کاردانەوەکانیان لە ئامادەبووانی پرسی، ئەو هەموو گوندە کێ سووتاندنی، ئەو سوپایەی کە لە ڕووسیاوە هاتبوو؟ ڕووداوەکانی ڕۆبۆسکی هێشتا تازەن، ئایا ئەو فڕۆکانە لە ڕووسیا هاتن، یان ئەو فڕۆکانەی لە ئەرمینیاوە هاتن، ئەوان بۆردوومانیان کرد؟
ئەو پەڕڵەمانتارەی جەهەپەی ئامەد ئاماژەی بەوەدا، لێپرسینەوە لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکەن، وتی هەموو کارێک کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەیکات دوور نییە لە ڕەخنە، ئێمە پەڕڵەمانتارین و لێپرسینەوەیان لێ دەکەین. ئێمە بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە گومانانە لەسەر هێزە چەکدارەکانی تورکیا، ئەو لێپرسینەوەیە دەکەین.
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 09-09 2023، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، بە تۆمەتەکانی سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە گەل و دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆماری تورکیا و، هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردن و نانەوەی ڕق و کینە تۆمەتنامەی ئامادەکرد و لێکۆڵینەوە لە دژی سەزگین تانریکوڵو ڕاگەیاند. جەخت لەوەش دەکاتەوە، بەپێی ماددەی 216ی یاسای سزاکانی تورکیا، تووندترین سزا ئاڕاستەی ناوبراو دەکەن و سەرەتا لە لێسەندنەوەی پارێزبەندییەوە دەستپێدەکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، بەتووندی وەڵامی پەڕڵەمانتارە کوردەکەی جەهەپەی دایەوە و ڕایگەیاند، سوپای تورکیا هەمیشە چالاکییە سەربازییەکانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە گونجاندووە و لەبەرچاوی هەموو جیهان ڕێکارەکانی بە شەفافی کردووە و دەیکات، سوپای تورکیا قەڵخانی نیشتمان و گەلەکەیەتی و هیچ کاتێک ڕووبەڕووی هاووڵاتییانی نەبووەتەوە و تەنانەت بیرکردنەوەیشی تاوانە، بەڵام لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بە دەستی پۆڵایین ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاشیگەیاندووە، سەرباری هەموو ئەو ڕاستییانە، کەچی کەسانێک هەن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ڕەفتارە دڕندانەکەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن لە کوشتن و ڕفاندنی خەڵکی سڤیل و تاڵانکردن و کاولکارییەکانیان، دەست دەبەنە بەر تۆمەتی ناڕەوا و تۆمەتبەخشین. ئەو کەسانە بێهۆش و نابووت و گومڕاون. سوپای تورکیا هەمیشە ڕووبەڕووی پڕوپاگەندەی ڕەشی هاوشێوەی ئەو کەسانە دەبنەوە، بەڵام ئەو ڕەفتارە قێزەونانە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا سڵمان ناکاتەوە و درێژە بە خەباتی نیشتمانی دەدەین. [1]