ناونیشانی بابەت: یادەوەرییەکی تاڵ؛ تارمایی ژەهر و مەرگ؟
ئامادەکردن و نووسین: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
لە کۆتایی مانگی ئابی 1987 لە ماڵی کاک جەلال محێدین کچانی بووم ، لە گوندی کچان ی سەنگاو ، دەمویست لە گەرمیانەوە بگەرێمەوە ، بۆ گوندی یاخسەمەر لە دۆڵی جافایەتی .
لەوکاتە ئیڤایەکی عەسکەری گەیشتە ناو گوندەکە ، دەستم لێ ڕاگرت ، (سەید محەمەد) * و کەرتەکەی بوون ، دەچوون بۆ سەرکردایەتی ، لە گەڵیان دا سەرکەوتم .
ڕویان کردە کربچنە ، هەنارە ، بەلۆفەکانی سەگرمەدا تێپەڕین ، لەم دیوی سەنگاوە بۆ قەرەداخ ، بە جافەران و تافان دا بە جادە قیرەکەدا تێپەڕین ، ئیڤاکە لە نزیک گوندی گەرەزیل لە کار کەوت .
مەسافەمان وەرگرت ، ڕێگا خۆڵەکه مان گرتە بەر ، تا گەیشتینە قازان قایە ، سەید محەمەد فەرماندەیەکی نمونەیی خاوەن ئەزمونی خاکی بوو ، ئازاری فەقەراتەکەی لە کاتی ڕۆیشتنا بە جەستە ماندووکەیەوە دیار بوو .
ئه و شەوە لە قازانقایە ماینەوە ، بەیانیەکەی کەوتینە ڕێ ، بە گۆربازدا تێ پەڕین ، نیوەڕۆکەی گەیشتینە گوندی دێلێژە .
کاک مەحمود سەنگاوی سەرتیپی 57ی سەگرمە و کاک پۆڵای موهەندیس لێپرسراوی ڕێکخستنی 57 سەگرمە ، لە ماڵی باوکی شەهید عادل بوون ، کاک مەحمود سەنگاوی ڕووی کردە سەید محەمەد –ی هاوڕێ ی و پێی وت :
_ دوای داستانی ڕزگاری ، سوپای عێراق ، چەند ڕەبایە یەکی نوێ ی ، لە م بەرو ئه و بەری قەراغ جادەی سلێمانی -کەرکووک داناوە ، شەوان لەچەند شوێنک کەمین بۆ ئه و پێشمەرگە دادەنێن ، به و دەوروبەرەدا تێ دەپەڕن ، بە وردی لە جادەی سلێمانی – کەرکووک ، نزیک دەواجنەکە ی تەیناڵ بپەڕنەوه ، کاک سەید محە د ، لە کاتی پەڕینەوەدا ، ئاگاتان لە م نووسەرەی گەرمیان بێت .
ئێوارەکەی مەسافەمان وەگرت کەوتینە ڕێ ، ئەوشەوە سەید محەمەد و کەرتەکەی بەناورەباییەکان دا تێپەڕین ، 3 پێشمەرگە پێشمان کەوتن ، ئە م لاو ئەولای ڕێگاکە وئە م بەرو ئه و بەری جادە قیرەکەیان بەوردی تاقی کردەوە .
یەک بە داوای یەکدا ، مەسافەمان وەرگرتبوو ، لە نزیک دەواجنەکە ، بە بەڕاکردن لەم بەری جادەکە وە پەرینەوە بۆ ئه و بەری جادەکە .
ڕەبایەکان کویرانە ، فیشەکی گڕداریان بە سەلیە بە هەر چواردەوەی خۆیان دا دەباراند ، ناوبەناو تەلقە تەنورە یان به ڕه و قوڵایی ئاسمان دا هەڵدەدا ، هەموو ئه و دەورو بەرەیان له و شەوەزەنگە دەکرد بە ڕۆژی ڕووناک .
نیوەشه و گەیشتینە گوندی حاجی ئاوا ، زۆر ماندووبوین ، خەوێکی قوڵ دایگرتین ، ئه و ڕۆژە لەوێ بە ئیختیفا ماینەوە .
زەردەی ئێوارە دوو کۆپتەرمان بینی بە نزمی و بە هێواشی ، بە ئاڕاستەی جادە قیرەکە دا ، بەره و دوکان دەفڕین ، کۆپتەرەکان لە چاو ون بوون ، مەسافەمان وەرگرت ، لە جادەی سلێمانی - دوکان بە بەینی ڕەبایەی جاشەکان دا پەرینەوە ئه و بەر ، ڕوومان کردە زێوێ .
بۆ بەیانیەکەی بە بەرزاییەکانی پیرەمەگرونا سەرکەوتین ، گەیشتینە ناوگوندی قزلەر، چۆڵ و هۆڵ بوو .
سەید محەمەد و کەرتەکەی ماڵئاوایی یان لێ کردم ، بە شاخەکەدا سەرکەوتن ، ڕوویان کردە مێوڵاکە ، سنگر، قوڵەچاخ ، بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانیان ، ڕووبەرووی سوپای عێراق و جاش دامەزرێن .
ئەوە یەکەم بینین ودوا بینینی سەید محەمەد و هاوڕێکانی بوو .
ڕووم کردە ماڵی (عەبدوڵڵا فەتاح) ** –ی هاوڕێم ، تەنیا ماڵی ئەو ، لە سەروی ڕۆژهەلاتی قزله ڕبوو ، هاوسەر و جگەرگۆشەکانی ناردبووە بۆ سلێمانی ، هەر خۆی لە خانوەکەی کاک ڕەسوڵی سایەق دا بوو ، خەڵکی ئاواییەکە لە بەر کیمیاباران ، ڕوویان کردبووە ، دەرەوە ی گوندەکە و.مێرگەپان وبەختۆخە.
دوای چەند ڕۆژێک ، دەمەوبەیانیەک لە قزلەرەوە گەیشتمە چۆخماخ ، لەوێ وە ڕووم کردە بارەگای یەکێتی نووسەرانی کوردستان لە یاخسەمه ڕ ، مامۆستایان حەمە کەریم عارف و محەمەد موکری و ئەحمەد عارف لەوێ بوون ، تازە گۆڤاری نووسەری کوردستان و گزنگ دەرچوو بوون .
ئەرکی قورسی ئه و بڵاوکراوانەی شاخ ، لەسەر ماندووبوونی بێ سنووری مامۆستا ئەحمەد عارف بوو ، وەک سەربازێکی ون ، لە خزمەتی ئەدەبی بەرگری دا بوو .
خەڵکی گوندی یاخسەمەر ، لە بەر بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکان وژەهرباران هەر یەکەیان لە هەوارێکی دوور لە ئاواییەکە ، لە ژێر کەپرو کوخ دا گیرسابوونەوە .
ژیان لە ئاواییەکەکان لە بەر ژەهرباران ، زۆر قورس وئاڵۆز و دۆزەخ بوو، هەموو سنووری دۆڵی جافایەتی، بۆنی باروت و ڕەشەبای ژەهر وتارمایی مەرگیان گرت بوو؟
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
*سەید محەمەد پێشمەرگه و فەرمانده و کادرێکی خاوەن ئەزمونی بە توانا بوو، لە ئەنفا ل و دوای ئەنفال وەک فەرمانده و پارتیزانێک . لە گەڵ دەستە پارتیزانەکانی گەرمیان دا ، لەقوڵایی گەرمیان دا مایەوە .
ئەزمونی پارتیزانی ، دوای ئەنفال لە گەرمیان ، تایبەتمەندیەکی پڕلە تراژیدیا ی دژوار و زۆر سەخت وقورس بوو ، لە گەڵ ئەزمونی پارتیزانی گەلانی دنیا دا جیاوازە .
پارتیزانەکانی گەرمیان لە بن تاشە بەردو و دۆڵ و و نشێو و کونە سوچڕو هێلانە قەل و خاکێکی سوتماک دا مانەوە ، خاڵی بوو لە مرۆڤ ، لە ئاوەدانی لە ژیان .
ئەوان لە گەرمیان ی خاپووردا مانەوه و چۆڵیان نەکرد ، بە بەردەوامی هێزەکانی سوپای عێراق و جاش لەسەر زەوی و کۆپتەر و پیلاتۆزو فرۆکەی جەنگی بە ئاسمانەوە ، بە نزمی کێوماڵی ، بست بە بست و کون وقوژبنی گەرمیان دەکرد ، بەدوای پارتیزانەکان و حەشارگەکانیان دا دەگەڕان ، بۆ ئەوە بیاندۆزنەوە و لە ناویان بەرن .
سەید محەمەد لەگەڵ شەهید مەلا ئەحمەدی گەرمیان و هاوڕێکانی دا لە ناو ئەشکەتی داری خلەدا بوون ، ئێوارەی 19 / 2 / 1989، لە ناکاو بەردەمی ئەشکەوتەکە ، هەرەس دێنێ
( مەلا ئەحمەدی گەرمیان و حاجی حەمید و سەلام محەمەد حسین و حەیدەر محەمەد کەریم و نوری قادر ناسراو بە پۆڵا ، ڕەحیم ڕەشید ، دارا قادر ) لە ناو ئەشکەوتەکەدا دەخنکێن .
سەید محەمەد وحەمە سۆران ، پێش هەرەسەکە چووبوونە دەرەوەی ئەشکەوتەکە ، بۆ ئەوەی بە جیهازی تلفن کن ، پەیوەندی بە بنکە جیاجیاکانی پارتیزانەکانی گەرمیانەوە بکەن
بە ڕێکەوت ئەوان ، نەبوون بە ژێر هەرەسی ئەشکەوتەکەوە ، دواتر لە سیناریۆیەکدا ، سەید محەمەد دەسگیر کرا.
دوای ئەشکەنجە جەستەیی و دەرونی جاسوس و جەلادەکان ، لە لوتکەی باڵاترین هەڵویستی شکۆی ناوزیندان دا ، هیچ نهێنییەکی نەدرکاند ،
ئیعدام و بێ سەروشوین کرا .
هاوسەرو جگەر گۆشەکانی ، پێش مەرگی خۆی ، لە ئەنفالی 3ی گەرمیان دا ، بێ سەروشوین کران .
**عەبدوڵڵا فەتاح ، تێکۆشەرێکی بە هەڵوێستی دیارو دەرون پاک و بەوەفا بوو ، لە نەبەردیەکدا هەوڵی فڕاندنی قوسەی سەدام حسین ی لە بەغداد دا بوو ، هەوڵەکەی سەری نەگرت بوو ، رووی کردەشاخ ، لە گوندی قزلەر دادەنیشت ، لە مانگی 12ی 1996، عودەی سەدام بە ئوتۆمۆبیلەکەی بە شەقامێک دا تێدەپەڕی ، دەسڕێژی لێکراو 30 ی فیشەکی بەرکەوت و بریندارکرا ، ئەمنی عامەی بەغداد ، عەبدوڵڵا فەتاح یان لە بەغداد دەسگیر و بێ سەروشوین کرد.. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=