ناونیشانی بابەت: پەروەردە و گیانی بەرپرسیارییەتی
ئامادەکردن و نووسین: #ڕەئوف ئالانی#
(لە ڕاستیدا زۆربەی خەڵک ئازادییان ناوێت، چونکە ئازادی بەرپرسیارییەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و خەڵکیش لە بەرپرسیارییەتی دەترسن- فرۆید)
بەرپرسیارییەتی بەواتای لە ئەستۆ گرتنی ئەرک بەدڵسۆزی و ئەنجامدانی و گەیشتن بەمەبەست و ئاکامێکی بەرهەمدار. لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە جیهان پێی شادبووە و هەموو دەرگاکان لەسەر پشتن بۆ گەیشتن و بینینی ئەوانەی مرۆڤەکان دەیخوازن و مەبەستیانە بەدەستی بێنن، پەروەردە بووەتە سەکۆی گەیشتن بەو خواستانەی مرۆڤایەتی لە بوارەکانی (ئاشتی، ئارامی، ئازادییەکان، خۆشنوودی، خۆشەویستی، ڕێزگرتن ....هتد) ئەمانە هەروا ئاسان و ساکاربەدەست نایەن، بەڵکوو هەوڵ و ماندوبوون و پلانی زانستی گەرەکە، کە کار لەسەر فەلسەفەی پەروەردە بکرێت و بەشێوازێکی نوێ و هاوچەرخانە و سەردەمیانە دابڕێژرێت، ئەم کار و پلانە گەورەیە خۆی لەخۆیدا گەورەترین بەرپرسیارییەتییە، بەداخەوە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان لەم بەرپرسیارییەتییە گرنگ و پڕبایەخە بێبەشکراوون، بەهۆی وابەستە بوون و گرفتە کارگێڕی و ڕامیاری و ئابوورییەکان، کە ئەمانەش لەژێر دەسەڵات و چنگی لایەن و گرووپ و دەستەو تاقمە خۆخوازە پاوانکارەکاندان، ناهێڵن هیچ پلانێک بچێتە سەرسکەی ڕاستی خۆی تا ئامانج و مەبەستی ئاوان لەبەرچاو نەگیرێت.
هەر کۆمەڵگەیەک پەروەردەی باشی نەبێت، وەک جەستەیەکی نەخۆش وایە بێ دەرمان، کە دیارە نەخۆش چارەسەر نەکرێت دەمرێت یان لاواز و بێتین و تاو دەبێت و هیچ کارێکی پێناکرێت، بەڵام ئەگەر جەستە تەندرووست بێت، پێویستی بە دەرمان و چارەسەرنییە، هەر بۆیە هەموو نەتەوەیەک لە ڕێگەی پەروەردەی باش و هاوچەرخ نەتەوەیەکی تەندرووست و ئازادی لیدەردەچێت.
بەرپرسیارییەتی لە کار و کردەوەی تاکدا لە چەند لایەنێکدا دەردەکەوێت، بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی تاک لە چاودێریکردنی دایک و باوک و منداڵ و ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە لەناو کۆمەڵگەی خۆیدا، وەک منداڵی بێ باوک و هەژار و بەساڵاچوو و نەخۆش و ئەوانی تر.
لە کاتێکدا بەرپرسیارییەتی تاک بەرپرسیارییەتی پیشەییە لە پابەندبوونی بەو ئەرکەی پێی سپێردراوە یان خۆی هەڵیبژاردووە، وەک ئەنجامدانی دڵسۆزی و خەمخۆری بە مەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی کە پێویستن، ئەوەش بە پەرۆشی و بەڕێوەبردنی کارەکان بە شێوەیەک کە پێشکەوتن و گەشەسەندنیان مسۆگەر بکات، بەرپرسیارییەتی دوولایەنی هەیە، یان خودی کە دەگەڕێنەوە بۆ تاک، یان گشتی ئەوانیش ئەرکی تاکە بەرانبەر هەمووان یان بۆخزمەتی کایەی گشتی دەبێت. جۆرەکانی بەرپرسیارییەتی کە تاکەکان پێی هەڵدەستن بەڵام لە ئاکامدا، هەمووان سوودی لێدەبینن، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کوورتبکرێنەوە:
1- ڕێکوپێکردنی کەلوپەل جلوبەرگ (پاکوخاوێنی و ڕێکپۆشی)
2- ڕێزگرتن لە گەورەکان و یارمەتیدانی بچووکەکان
3- پارستن و پاک ڕاگرتنی ژینگەم
4- خۆشەویستی و هەست و سۆز بۆمرۆڤ و گیانەوەرانی تر.
5- گرنگیدان بەپاراستنی کەلوپەل و پێویستییەکان، لەماڵ و شوێنە گشتییەکاندا.
لە کۆندا چەمکی پەروەردە و بەرپرسیارییەتی بەهەڵە شیکردنەوەی بۆکرابوو، وابەستەی لێدان و سزادان و فەرمان کردن بوو، بەڵام ئەوە لەلایەن پەروەردەکاران و شارەزایانی بواری دەروونی بوو بەمێژوویەکی تاڵ و کۆتایی پێهات.
پرسیار لە حەکیمێک کرا دەربارەی پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵ لە کۆمەڵگە و چۆنییەتی پەروەردەکردنی منداڵ...
حەکیم لەووڵامدا وتی: (من کوڕەکەم لەپێناو گەلەکەمدا پەروەردە دەکەم، پەروەردەکردنی کوڕەکەشم لە ئەستۆی هەمووانە) ئەمە ئەگەر شتێک هەبێت، تەنیا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە چەمکی پەروەردە، گەورە و گشتگیرە.
بۆیە بەرپرسیارییەتی پەروەردە لە ئەستۆی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە، لە گەورەترینەوە تا نزمترین، چ بچووک و گەورە، بەرپرسیارییەتی دایکە لە ماڵەوە، باوک لەناو خێزان، مامۆستا لە قوتابخانەکەی، هاووڵاتی لە کارەکانی، پیاوانی هێزی چەکدار لە پۆستەکەیاندا، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەکەیدا، بانگخواز لە مینبەرەکەیدا، نووسەر لە نووسینەکانیدا، بازرگان لە کڕین و فرۆشتنیدا، پزیشک لە نەخۆشخانەکەی و مامۆستا لە قوتابخانەکەیدا.
بۆ ئەم هەستە گەورەیەی بەرپرسیارییەتی (نیتچە) وتوێتی: (ئازادی ئەو خواستەیە کە بەرپرسیاربین بەرانبەر بە خۆمان) .
قوتابخانەکان و خوێندنگەکان بەزیندان دەناسرێن، دەبێ بزانرێت ئەم هەستە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ کە هەوای پەروەردەی تێدا نییە، بۆچی؟ چونکە ترس و نائارامی بەها و ڕەوشتی بەرزوون دەکات، بەڵام جیاوازی ئەمە کە پەروەردەی باشە بینایەکی بەرزە کە ڕۆحەکان پڕ دەکات لە متمانە و سەربەخۆیی، توانای درووستکردن و بنیاتنانی نەوەی سەرکردایەتی هۆشیاری هەیە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی هەبێت، وەک هەموو تاکێک بڕی پێویست پەروەردە وەردەگرێت، بە تیۆری و پراکتیکیشەوە، بۆیە دەبێت مامۆستا ئاگاداری ڕۆڵی خۆی بێت، نەک پەروەردە، بەڵکوو پەروەردەکردن پێش پەروەردە دێت، هەر لەبەر ئەوەیە، زانست و فێربوون هیچ سوودێکی نییە بەبێ پەروەردە.
جوانترین شتەکان کە باس لە وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی کراوە بریتین لە دەستەواژە و وشەی نووسراو و وێنە، بەرپرسیارییەتی شتێکە کە پێویستە فێری ببێت و لە ڕۆحی منداڵەکاندا بچێنرێت بۆ ئەوەی بتوانن پەروەردەیەکی درووستیان هەبێت، هەموومان بتوانین بۆ سوڕاندنی چەرخی پێشکەوتن لە وڵاتی خۆمان و دامەزراندن و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی کەسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانین بە خەونەکانمان بگەین و بەرپرسیارییەتی بەرزکردنەوەی پێگەی نیشتمانمان هەڵبگرین و بەرپرسیاربین.
وتارەکەم بەوتەیەکی (ئاندریە مۆرۆ) کۆتایی دەهێنم کە دەڵێت: (ئازادی و بەرپرسیارییەتی دوانەن، ئەگەر یەکێکیان لە یەکێکی تر جیا بکرایەتەوە، هەموویان دەمرن) . [1]