ناونیشانی بابەت: پەروەردە لەنێوان ململانێی حیزبەکان و خواستی مامۆستایان
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
بۆ دە ساڵ دەچێت لە دوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا قەیرانی دارایی سەر و دڵی ئەم هەرێمەی گرتووە و بەجۆرێ شڵەژاوی هێناوە بۆ خەڵکی، نەتوانراوە بەباشی و ئاسایی هاووڵاتییان لەم جوگرافییە بچووکەدا ژیانێکی سادە و ساکار بەڕێبکەن.
هەمیشە ناڕەزایەتی هۆکارێکە بۆ وەڵامی کارێکی پێچەوانەی خواستی کەسێک یان توێژێک یان گرووپێکی دیاریکراو.
لە هەرێمی کوردستان بەهۆکاری نەبوونی شەفافی و نادادی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دەستوەردانی حیزبەکان لە هەموو بوار و سێکتەرەکانی ژیان، ئەم هەرێمە دەرگیری ناخۆشی و نائارامی بووە، بۆیە زۆربەی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگەی کوردەواری بێدەنگیان هەڵبژاردوە، جگە لە مامۆستایان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند فاکتەرێک کە لەکاتێکی تر و شوێنی تر دەکرێت ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام ئەم جارە باسەکەمان تایبەت کردووە بە پەروەردە، لە بەشێکی هەرێم کە سنووری پارێزگای #سلێمانی# و شارۆچکە و شارەدێکانییەتی ئەو ناڕەزایەتیانە براونەتە سەرشەقام، یان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پانزەوە بێجگە لە گردبوونەوەکان و خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، تەنیا لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری حەفتا خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، هەرجارەو بە جۆرێک و بێ ئەوەی وەڵامی داوا و خواستەکانیان درابێتەوە، لە پشتی هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، حیزبەکان بەعەلمانی و ئیسلامی و قەومی و چەپەکانەوە، هەوڵیانداوە بەویستی خۆیان و مەرامە ئایدۆلۆژیەکانیان بخزێننە ناو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، هەر حیزبە و بەپێی توانا و پێگەی خۆی کاریان لەسەر کردوون، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەهۆکاری بوونی دەسەڵات و بوونی هێز و بەردەست بوونی دارایی زیاتر کاریان لەسەر کردووە و کاریگەریان زۆرتر بووە.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێ خۆپیشاندەران و ناڕازیکاران خۆیان خزاندبێتە ئەجێندای حیزبەکان، بەڵام ئەگەر چەند کەسێکیشیان لەخشتە بردبێت توانیویانە، ئاقاری ئەو ناڕەزایەتیانە بگۆڕن بۆ خواستی خۆیان، کە کۆتایی هێنان بووە بەو ناڕەزایەتیانە، ئەگەر بەکاتیش بووبێت.
هەرلایەک بیەوێت پەروەردە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بەدڵی خۆی ئاڕاستەی بکات و لە ئامانجە گەورەکەی پەروەردە دووری بخاتەوە، هیچ گوومانی تێدا نییە کە ئەولایەنە نە بۆ خۆی باشە، نە لە پەروەردەش گەیشتووە، چونکە لە دۆخێکی ئاوادا پەروەردە تووشی شکست دەکات، نەوەیەکی ناووشیاری دوور لە بیرکردنەوە درووست دەکات، وەک نووسەر (عەلی ئیبراهیم موسەوی) دەڵێت: (پەروەردەی شکستخواردوو، ئەو پەروەردەیەیە، نەوەیەک درووست دەکات کە دەتوانێت تەنیا بخوێنێتەوە و بنووسێت، بەڵام ناتوانێت بیر بکاتەوە).
لەلایەکیتر ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێبینی بەندە و زۆر خەڵکیتر، وەڵام نەدانەوە و پشتگوێخستنی خواست و داواکاریەکانی هەموو ناڕەزایەتییەکان بەگشتی و ناڕەزایی مامۆستایان بەتایبەتی، زۆر جێی تێڕامان و سەرسامییە نزیکەی حەوتسەد هەزار قوتابی و خوێندکار لەماڵەوەن، بەهۆی بایکۆتی حەفتا و پێنج هەزار مامۆستا، ئەتوانین بڵێین خوێندنی بەشێکی هەرێم بۆ ساڵی 2023-2024 لە لێواری پەکخستن و فەوتان و دواکەوتندایە، کەچی بەرپرسێکی پەروەردە نەهات وەڵامێکی باوەڕپێکراو بدات بە توێژی مامۆستایان، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێبدات، بەپێچەوانەوە بە زمانی هەڕەشە دەیانەوێت مامۆستایان بگەڕێننەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەگەر نەگەڕێنەوە، ئەوە ناچار دەسەڵاتە کارگێڕیەکانیان بەکار دێنن، ئەوەش بووە هۆی تووڕە بوونی زیاتری مامۆستایان، وەک پارچە کردارێک لەجیاتی چوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن چوونە شەقام و دووپاتی بایکۆتی بەردەوامیان کردەوە، تا گەیشتن بەمافەکانیان.
ئەوەی لای زۆربەمان ئاسایی نەبوو لە ڕۆژی #22-10-2023# بەشداری چەند بەڕێوەبەرێکی حیزبی بوو لەگەڵ چین و توێژەکانی تری شاری سلێمانی، کە وا دەخوێنرایەوە بە ویست و داوای حیزب بەشداربووبن، چونکە هەر لە ڕۆژی دواتر بارەگاکانی حیزب کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک ل بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکان کرد و داوایان لێکردن بچنەوە بۆ کار و دەستبکەنەوە بەوانە خوێندن، لێرەوە گومان دەخرێتە سەر کەسێتی ئەوانەی لەو خۆپیشاندانە بەشداربوون و دەچنەوە بۆ دەوام، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان بەدەست هێنابێت، ئەوەش دووپاتکردنەوەی هێنانەخوارەوەی شکۆ و کەسێتی مامۆستایان و ئەوانەیە کە بەوکارە هەڵدەستن، ئێستاش چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و جێبەجێکردنی خواستەکانیان زۆر ئاسانە، دەسەڵاتی سنووری سلێمانی دەتوانێت خۆی بەو ڕێگایانەی دەبنە دەرچەیەک بۆ دەرباز بوون لەم دۆخەی پەروەردەی تێکەوتووە، ئەتوانن لەو پارەیەی هەیانە یان داوا لە کۆمپانیاکانیان یان ئەو دەوڵەمەندانەی درووستیان کردوون و کراون بە ملیارلێر مووچەی مانگێکی مامۆستایان دابین بکەن، تا پڕۆسەکە بچێتەوە سەرسکەی خۆی.
بەڵام دەسەڵاتداران بۆیە ئەوە ناکەن دەزانن بەڕێوەبەرەکان وابەستەی خۆیانکراون و فشار لەسەر مامۆستایانن دەکەن تا داوای حیزبەکان بەدیبێنن، ئەمەش وازهێنانە لە خواست و داواکان و بەکۆیلەکردنی نەک هەرخۆیان و مامۆستایانە بەڵکوو پەلدەکێشێت بۆ نەوەکانی داهاتوو. [1]