ناو: تۆفیق
ناوی باوک: حەمەسەعید
ڕۆژی لەدایکبوون: #01-07-1954#
$ژیاننامە$
نووسەری پەرتووکی #پێنجوێن لەکوانووی مێژوودا#
لە زاری خۆیەوە:
من ناوم (تۆفیق حەمەسەعید خوامراد) ە ، لە ساڵی (1954) لە گوندی هەرگێنەی شارۆچکەی #پێنجوێن# لەدایکبووم.
لە ساڵی 1955 وە بەماڵەوە هاتووینەتە گوندی حەسەنئاوا، ئێستا2023 بووەتە گەڕەکێک لە شارۆچکەی پێنجوێن (بە پیشەی جوتیاری و ئاژەڵدارییەوە خەریک بووین) .
لە منداڵییەوە خراومەتە بەر خوێندن لە حوجرە، سەرەتا لای مەلا ئەحمەد شەریف عەزیز، مەلا محەمەدی چوێسە، مەلا قادری مەلا ڕەزا، مامۆستا ئەحمەد شەلە، مەلا محەمەد کۆڵیتانی تا پەرتووکی (فەتەحولقەریب)م خوێندووە، لە قوتابخانەش هەتا پۆلی سێی ناوەندیم خوێندووە.
لە ساڵی 1969 لە ڕێگەی (محەمەدی مینە نالەی کەبابچی) و (تۆفیق حاجی فەرەج)ەوە پەیوەندیم کردووە بە #پارتی دیموکراتی کوردستان# ڕێکخراوی پێنجوێن. تا پلەی شانەی سەرەکی و ئەندامی ڕێکخراوم بڕیوە .
لە 19-10-1973 لەگەڵ خاتوو (مەحبوبە محەمەد خەلیفە عەبدوڵڵا) ی خاڵۆزام هاوسەرگیریم کردووە، باوکی دوو کوڕ بە ناوەکانی (ئارام و ئاکام) و چوار کچم، ئارام مامۆستای زانکۆیە، ئاکام خوێندکاری زانکۆ.
لە نسکۆی ساڵی 1975 بەشێکی زۆر پەرتووک و دەستنووسەکانم سووتاون.
لە ڕۆژی 01-04-1976 پەیوەندیم کردووە بە ڕێکخستنی #کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#ەوە لە ڕێگەی ( جەلالی حاجی عەلی زەڕەنگەر) ەوە. بەرپرسیارییەتی زنجیرە و شانە و پۆلم لە ئەستۆدا بووە .
لە 19-08-1982 بەڕووپۆشەوە بەشداری کۆنفرانسی ناوچەی کۆمەڵە بووم لە باخێکی گەورەی شیوێکی شاخی کوڕەکاژاو لە گوندی باراو.
لە ساڵی 1981 وە ئاوارەیی و دەربەدەری و هەڵهاتن لە سەربازی زۆرم بینیوە، لەو سۆنگەیەوە زیاتر بەرچاو ڕوون بووم لە تۆمارکردنی یاداشتی ڕۆژانەی ناوچەکە و ئاشنابوون بە ڕووداو و کارەساتەکان.
هەر لە منداڵییەوە بیرۆکەی یاداشتکردنی کار و کرداری ڕۆژانەم لا گەڵاڵە بووە.
ڕووداوە زۆر و گرنگەکانی ناوچەکەم لە کاتی خۆی تۆمارکردووە، ساڵانێکە بە دوای ڕووداوەکانی ڕابردووەوەم لەسەر زاری کەسانی بەتەمەن و شایەتحاڵی ڕووداوەکان لە ناوچەکەدا وەرمگرتوون، لەو پەرتووکانەی پەیوەندی بە مێژووی پێنجوێن و ناوچەکەوە هەیە کەڵکم وەرگرتووە، سەرەنجام بووەتە پەرتووکی (#پێنجوێن لەکوانووی مێژوودا#) .
بە ئەرکی خۆمی دەزانم نەوەکانی ئێستا و ئاییندەمان لە ڕابردووی ناوچەکەمان و گۆڕانکارییەکان ئاگاداربکەمەوە.
چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگز
مەرگتان نەبینم هەرگیزاوهەرگیز
لەگەڵ ڕێزی براتان تۆفیق حەمەسەعید
کۆتایی ساڵی 2020
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/profile.php?id=100004310794351=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی تۆفیق حەمەسەعید خوامراد: Tofiq Hamasaiid=KTML_Link_Facebook_End=
[1]