ناونیشانی بابەت: لە ڕۆژە جیهانییەکەیدا؛ (تەلەڤزیۆن) لە کوێوە بۆ کوێ؟
ناوی نووسەر: د. #هێرش ڕەسوڵ#
دەگوترێت؛ لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، لە باخچەی منداڵانی وڵاتێکی ئەوروپاییدا، لە منداڵێک دەپرسن: خێزانەکەتان لە چەند کەس پێکهاتووە؟ منداڵەکەش بێدودڵیی دەڵێت: دایکم، باوکم، براکەم، تەلەڤزیۆنەکەمان.
ڕۆژی 21ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی تەلەڤزیۆنە، کە لە ساڵی 1996 ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیارییکرد. ئامانج لەوەش، بۆ بەدەستهێنانی پشتیووانیی حکومەت و ڕێکخراو و کەسێتییەکانە بۆ پەخشی تەلەڤزیۆنیی لەپێناو پێشکەشکردنی بێلایەنانەی زانیاریی لەبارەی پرس و ڕووداوە گرنکەکان، کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵ دەبێت.
لە ساڵی 1884 یەکەم هەوڵ بۆ درووستکردنی تەلەڤزیۆن لە ئەڵمانیا و لەلایەن داهێنەرێکەوە درا بە ناوی (پۆل نیپکۆ) ، کە ویستی ئامێرێک درووست بکات (وێنە) بگوازێتەوە، بەڵام نەیتوانی ئامێرەکە پێشبخات، هەشت ساڵ دوای ئەوە، (کارڵ فاردیناند) هەوڵیدا ئەم ئامێرە بەرەوپێش بەرێت، ئینجا ساڵی 1921 زانای فرەنسی (ئێدوارد بیلین) هەوڵیدا لە ڕێگەی شەپۆلەکانی دەنگەوە وێنەکان بگوازێتەوە و، ئیتر پاش پێنج ساڵ زانا (جۆن لۆگی بێرد) یەکەموێنەی تەلەڤزیۆنیی گواستەوە.
دوای ئەو هەوڵانەش، ئەم ئامێرە بەرەوپێشچوونێکی خێرای بەخۆوەبینی و بوو بە جێسەرنجی داهێنەر و حکومەتەکان لەو سەردەمەدا، ئەوە بوو لە ساڵی 1928 لەسەر دەستی زانایەکی سۆڤێتیی بە ناوی (هوڤانس ئدمیان) لە لەندەن، هەوڵدرا بۆ ئەوەی ئەم ئامێرە پتر بەرەوپێشببرێت و بکرێتە ڕەنگاوڕەنگ، بەڵام لەو کاتەدا سەرکەوتونەبوو و تەلەڤزیۆنی ڕەشوسپیی تا کاتی درووستکردنی تەلەڤزیۆنی ڕەنگاوڕەنگ، بەردەوام بوو.
دەبێت ئاماژە بەوەش بدەین؛ داهێنان لە بواری ڕاگەیاندنی بینراودا هاوزای داهێنانی کامێرادابوو و یەکەم بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی کە پەخشدەکرا کاتەکەی کاتژمێرێک بوو لە هەفتەیەکدا، دواتر لە ساڵی 1934 پەخشی تەلەڤزیۆن درێژکرایەوە بۆ پەخشی ڕۆژانە، دوای ئەمەش لە ساڵی 1962 لە پەخشی ناوخۆوە بۆ پەخشی مانگی دەستکرد گۆڕا.
وردەوردە شاشەی تەلەڤزیۆن بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و بە قەبارەی جۆراوجۆر گۆڕا، کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن زیادیانکرد، بە تێپەڕینی کات قەبارەکەی بچوک بووەوە و بوو بە شاشەیەکی تەنک، بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێک جێگای ببێتەوە. تا بگاتە ترۆپکی گەشە و پێگەیشتنی خۆی لە جیهاندا و هەموو کەسێک، وەک منداڵی باخچەکە، تەلەڤزیۆن بە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بزانێت.
لە ڕوی ناوەرۆک و ئاستی پەخش و وردەکاریی دیکەی تەکنیکییەوە، لەگەڵ هاتنەکایە و گەشەی بەردەوامی ئامرازە نوێچەشنەکانی ڕاگەیاندن (New Media) یش، تەلەڤزیۆن بەردەوام دەیەوێت خۆی لەگەڵ بارودۆخە تازەکاندا بگونجێنێت و خۆی نوێبکاتەوە، لە ئەنەلۆگەوە بۆ دیجیتاڵ، تا دەگاتە وێبتیڤیی و جۆر و شێوازە هاوچەرخەکانی تر، یان لە ناوەرۆکی گشتییەوە بۆ تایبەتمەند و تایبەتمەندتر، یاخود لەناوخۆیی و نیشتمانییەوە بۆ هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی و لە پەخشە ڕەسەنەکەیەوە بۆ پەخشی هاوچەرخ لە باوەشی سەکۆ و تۆڕ و پەڕە و چەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا و چەندین بەرەوپێشچوون و خۆنوێکردنەوەی دیکە.
بەڵام پرسیارەکە لێرەیە؛ ئاخۆ ئەو ئامرازە کۆنباو (تقلیدي) ەی ڕاگەیاندن، کە سەدەیەکە ئەندامی خێزانەکانە، تا کەی دەتوانێت کێبەرکێی سەکۆکانی نیو میدیا بکات و تەنیا وەک میوانێکی بێدەنگ و کوژاوە لە ژوری میوانی ماڵەکان نەمێنێتەوە؟! [1]