پاش ئەوەی ئەمڕۆ #21-11-2023# بەخشینی خەڵاتی هێلدێ-دۆمن 2023 بە نووسەری کورد و جیهانی #بەختیار عەلی# ڕاگەیەنرا، ژمارویەکی زۆر خوێنەر و ئەدەبدۆست خۆشحاڵی و شادمانیی خۆیان دەربڕیوە و دەردەبڕن، چونکە لەو باوەڕەدام ئەوانیش وەک من پێیان وایە کە هەر خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بۆ نووسەرێکی سەر بە نەتەوەی کوردی بێ دەوڵەت و دەرەوەی مێژوو هەڵگری واتایەکی گەورە و قوڵە و جۆرێکە لە داننان بە بوونی خۆمان و زمان و ئەدەبیات و کەلتوورماندا.
هاوکات کەمینەیەکی کەم بوون بە مەحموود باکسیی سەردەم و لە هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو خەڵاتە گرنگەدان. ئەمانە بە شوێن پێی ئەو کورد و تورکانەی دانیشتووی سویددا دەڕۆن کە بە پێی چەند گەواهییەک ڕۆڵیان هەبووە لەسەر لابردنی سەرنجی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبێل لەسەر نووسەری گەورە #یەشار کەمال#.
چەند نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی کورد و تورک لە وتار و بیرەوەرییەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە ھەندێک لە کورد و تورکەکانی دانیشتووی سوید ڕۆڵیان ھەبووە لە گۆڕینی ڕای کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ لەسەر یەشار کەمال. بەپێی وتارێک بە زمانی تورکی کە بەستەرەکەی لە کۆمێنتە، ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی خەڵکی باتمان ئەحمەد گوینەش تەکین دەڵێت: دوای ئەوەی یەشار کەمال بۆ خەڵاتی نۆبڵ پاڵێورا، ھەندێک بەناو نووسەری کورد و تورکی دانیشتووی سوید دەچنە لای ئەندامێکی دەستڕۆیشتووی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ و پێی دەڵێن «خەڵاتی نۆبڵ مەدەن بە یاشار کەمال. ئەو نووسەرێکی پلە پێنجە. پیاوی دەوڵەتی تورکە و لەگەڵ دەوڵەت ڕێککەوتنی ھەیە...» لە سۆنگەی ئەو قسانەوە خەڵاتی نۆبڵ بە یاشار کەمال نەدرا. ئۆلۆف تاندبێرگی سکرتێری ئەو سەردەمەی کۆمیتەی نۆبڵ ئەم قسانەی بۆ من گێڕایەوە.
بە قسەی ھەردوو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد موحسین کزلکایا و ئەیوب بورج بێت، سەرکێشی ئەو کەسانەی کە لای کۆمیتەی نۆبڵ زمانیان لە یەشار کەمال داوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کوردی کۆچکردوو مەحموود باکسی (1944-2000) بووە. باکسی ساڵانی دواتر لە ھەموو شوێنێک بە شانازییەوە دەیوت کە ئەو ڕێگر بووە لە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە یەشار کەمال. باکسی بەر لە مردنی، نووسەری کۆچکردوو محەمەد ئوزوون (1953-2007)ی کرد بە تکاکار و زۆر ھەوڵی دا یەشار کەمال لێی خۆش بێت، بەڵام ئەو ھەرگیز لێی خۆش نەبوو.
گوینەشتەکین پایزی ساڵی 2015 لە #سلێمانی# ئەو قسانەی بۆ نووسەری ئەم دێرانەش گێڕایەوە. خۆمیش یەک دوو جار باسەکەم لەگەڵ یەشار کەمالدا کردەوە، بەڵام هەستم کرد حەز ناکات باس بکرێت.
ئاشکرایە بارودۆخی ئەم سەردەمە جیاوازە و ئەستێرەی بەختیار عەلی تا دێت درەوشاوەتر بە ئاسمانی ئەدەبیاتی جیهانییەوە دەدرەوشێتەوە. [1]
#بەکر شوانی#
ئەڵمانیا