کۆسار عوسمان
وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو وشەیەی جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا ڕۆژی 26-10-2023 ئاڕاستەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-#هەدەپە# ی کرد، پەڕڵەمانتارانی ئەو پارتە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا ڕۆیشتنە سەر سەکۆی وتاری پەڕڵەمان و بە چەپڵەلێدان سەرکۆنەیان کرد.
جوێنەکەی بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمان کە گرژی درووستکرد ئەوە بوو دوای قسەکانی پەڕڵەمانتارێکی هەدەپ، وشەی گەوادی بەکارهێنا.
کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 21-11-2023ی پەڕڵەمانی تورکیا گرژی تێکەوت. پەڕڵەمانتارانی هەدەپ دەڵێن، دەبێت جەلال ئادان بەهۆی ئەو زمانەی بەرانبەر فراکسیۆنی هەدەپەی بەکارهێنا، داوای لێبووردن بکات.
سری ساکیک، پەڕڵەمانتاری هەدەپ بە ئادانی گوت، دەبێت داوای لێبووردن لەم پەڕڵەمانە و لە ئێمەش بکەیت؛ هەروەها داوای لێبووردن لە ملیۆنان دەنگدەری ئێمە بکەیت؛ ناتوانیت بەمشێوەیە بابەتەکە تێپەڕێنیت.
ئەو گوتەیەی ئادان لە کاتێکدایە، ئەو وشەیەی بەکاری هێنابوو لە کاتێکدا بوو وای زانیبوو مایکەکەی داخراوە، کەچی مایک کراوە بوو و لە ڤیدیۆکانیشدا بە ئاسانی ئەو وشەیە دەبیسترێت. سری ساکیک بە بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی گوت، دەبێت داوای لێبووردن بکەیت.
لەو کاتەدا جەلال ئادان ویستی بابەتەکە دابخات و پەڕڵەمانتارێکی بانگهێشتی سەر سەکۆ کرد تاوەکوو وتار پێشکەش بکات. بەڵام سری ساکیک بێ مایک و لە دەرەوەی کورسییەکانی فراکسیۆنەکەی قسەی دەکرد. لەو نێوەندەدا جەلال ئادان پێی گوت، درۆ دەکەیت؛ سری ساکیک وەڵامی دایەوە و وتی، تۆ درۆ دەکەیت.
پەڕڵەمانتارانی هەدەپ چوونە سەر سەکۆی پەڕڵەمان
گرژی بەردەوام بوو و هەرچۆنێک بێت ئەو پەڕڵەمانتارەی لەسەر سەکۆ بوو، وتارەکەی پێشکەشکرد. دواتر ساروهان ئۆڵوچ، پەڕڵەمانتاری هەدەپ لە بازنەی ئەنتاڵیا وتی، ئێمە ئەم شێوازەی کارکردن قبووڵ ناکەین. هێشتا داوای لێبووردن ناکەن.
ئەوەبوو پەڕڵەمانتارانی هەدەپ کورسییەکانیان جێهێشت و چوونە سەر سەکۆی نێو پەڕڵەمان و بە چەپڵە، مامەڵەی جەلال ئادانیان سەرکۆنە کرد.
هەرچەندە جەلال ئادان زۆری لەو پەڕڵەمانتارە کرد کە لە شوێنی خۆیەوە وتاری پێشکەش دەکرد لە قسەکردن بەردەوام بێت، دەنگی چەپڵەڕێزانی پەڕڵەمانتارانی هەدەپ زۆر زاڵ بوو.
چی ڕوویدابوو؟
ڕۆژی 26-10-2023 دوای ئەوەی سری ساکیک، پەڕڵەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپ لە کۆبوونەوەی پەڕڵەماندا ئەو گوتانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای وەبیرهێنایەوە کە ساڵی 2013 لەبارەی کورد و جوگرافیای کوردستان کردبووی و بەرپەرچی جەهەپە و مەهەپەی دایەوە، دیالۆگ لەنێوان جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمان و سری ساکیک درووستبوو. دوای دیالۆگەکە جەلال ئادان وای زانی مایکرۆفۆنەکەی داخراوە و وشەی گەوادی بەکارهێنا. ئەگەرچی ئەو وشەیە لە پرۆتۆڵی پەڕڵەمان تۆمارنەکراوە، بەڵام لە ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی پەڕڵەماندا بەڕوونی تۆمارکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاوکراوەتەوە.[1]