هێمن عەساف
پەڕڵەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ، هێرش دەکاتە سەر پەڕڵەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (#هەدەپ# ) و پێیدەڵێت: تیرۆریست، پەڕڵەمانتارەکەی هەدەپیش لە وەڵامدا پێیدەڵێت باوکت تیرۆریستە، خۆت تیرۆریستی.
شەوی ڕابردوو، 14-11- 2023، مەرال دانیش بێشتاش، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپ، لە کۆبوونەوەیەکی پەڕڵەماندا سەبارەت بە گوشاری دەسەڵات بۆ سەر کورد، وتارێکی پێشکەشکرد و لە کاتی وتارەکەیدا پەڕڵەمانتارێکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بە تیرۆریست ناوی برد، ئەویش یەکسەر وەڵامیدایەوە و پێیوت باوکت تیرۆریستە، خۆت تیرۆریستی، بەهۆیەوە گرژیی لەنێوان پەڕڵەمانتارانی هەردوو فراکسیۆن درووستبوو.
مەرال دانیش بێشتاش لە وتارەکەیدا باسی لەوە دەکرد لە تورکیا جیاکاری لە دژی کورد و عەلەوییەکان دەکرێت و وتی؛ ڕێگری لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێت چاوی بە کەسوکار و پارێزەرانی بکەوێت، دوورگەی ئیمراڵی، گرتووخانەیەکی ئەم وڵاتە نییە؟ دامەزراوەیەکی سەر بە یاسای سزاکان نییە؟ بۆچی ڕێگەنادەن چاوی بە کەسوکاری بکەوێت؟ دەزانن ڕێگەنەدان بە بینینی کەسوکار و خێزان و پارێزەرانی مانای چییە؟ مانای ئەوەیە من دەوڵەتی یاسا نیم، دەوڵەتی هۆز و خێڵم. بە مانای ئەوە دێت کە چەتەئاسا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەم.
ئەو پەڕڵەمانتارەی هەدەپ، وتیشی ئەگەر لێرە ڕێز لە یاسا نەگیرێت، لێرە کار بە یاساکان نەکرێت، لە کوێ کاری پێدەکرێت؟ لە کوێ داوای یاسا بکەین؟ نۆ پەڕڵەمانتارمان بەبێ بڕیاری دادگە تەنیا بەهۆی بڕیارێکی وەزیری ناوخۆ، ناتوانن گەشت بکەن. تەنانەت بەشێک لە پەڕڵەمانتارانمان ناتوانن بچنە کۆبوونەوەی ئەو لیژنانەی تێیدا ئەندامن، کە یەکێکیان جێگری سەرۆکی ئەو پەڕڵەمانەیە. ئەگەر ئەمە ڕەفتاری چەتەیی نەبێت، چییە؟ با یەکێک ناوێکی ڕەوای پێبدات من، ڕێزی لێبگرم.
لەو کاتەی مەرال دانیش بێشتاش قسەی دەکرد، پەڕڵەمانتارێک لە ڕیزی فراکسیۆنی ئاکپارتی، بە دەنگێکی بەرز وتی تیرۆریست. ئەویش دوای ئاوڕدانەوە بۆ پەڕڵەمانتارەکە، پێیوت باوکت تیرۆریستە، خۆت تیرۆریستی دوای ئەمە، گرژیی لەنێوان پەڕڵەمانتارانی هەردوو فراکسیۆنەکە درووستبوو. [1]