دکتۆر #ڕێبوار فەتاح#
لە باشوور لە کۆتایی هەشتاکاندا، ڕژێمی ئێراق هێز و حزبی چەکداری کوردی تەفروتونا کرد و بە کونوکەلەبەری دنیادا پەرتی کردن. ئامانجی خەباتی دوورودرێژی شەڕی پارتی، یەکێتی و هەموو ئەوانی دیکە لەگەڵ ڕژێمدا لە 1961ەوە تا 1991 بە ڕۆشنی دیاری نەکرابوو. لە قۆناغێکدا کورد داوای ئۆتۆنۆمی کردووە. ئەمە سیستمێکی حوکمڕانی دیاریکراو نییە، پێویستە ناوەرۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چێوەی ئێراقدا پێ بدرێ. لە 1992دا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای خۆی گۆڕی بۆ ئەوەی ببێ بە هەرێمێک لە ئێراقی فیدڕاڵ. پەڕڵەمانی کوردستان یان حزبەکان هەرگیز نەیانتوانی ناوەرۆکی ئەم سیستمی حوکمڕانیە بخەنە سەر کاغەز. هەڵبەت هەرچ قانونێک دەسەڵاتی خێڵی سەپاندبێ و کردبیەتی بە واقع، دەریان کردووە. دواتر لە 2005دا، دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، دەستووری ئێراق سیستمی حوکمی ئێراقی پێناسە کرد. لەمیشدا، دیاریکردنی دەسەڵاتی هەرێم و فیدڕاڵ ڕۆشن نەبوو.
لە 1962دا شای ئێران فەرمان دەدات بە دەستگای هەوڵگری ساواک، هاوکاری خەباتی چەکداری مستەفا بەرزانی بکەن بۆ لەقکردنی ڕژێمی بەغدا. لە 1964ەوە ئیسرائیلیش، لە ترسی بەهێزبوونی ئێراق، بەشداری ئێرانی کرد. ئامانجی هاوپەیمانی ئێران و ئیسرائیل ئاشکرا بوو: هەتا کورد لە شەڕدا بێ لەگەڵ بەغداا، بەرژەوەندی و خواستی ئێران لە کەنداوی فارسدا لە مەترسیدا نابێ و ئیسرئیلیش دەپارێزرێ لە سەرهەڵدانی ئێراقێکی بەهێز. هەرواش دەرچوو. لە پالاماری پان-عەرەب دژی ئیسرائیل لە 1967دا، دواتریش لە 1973دا، ئێراق نەیتوانی کاریگەرانە بەشداری جەنگ ببێ. لە سەدا 80 هێزی سەربازی ئێراق، سەرقاڵی کورد بوو. سەرکردایەتی پارتی خوێنی کوردی دەڕشت بۆ پارێزگاری ئیسرائیل و ئێران.
ئەمەریکا درەنگ هاتە ڕیزی هاوپەیمانی دژ بە ئێراق، لەنێوەندی 1960ەکانەوە بڕیار دارابوو، دەستوەرنەدەن لە کاروباری ناوخۆی ئێراق. لە 1968دا، کە ڕژێمی بەعس بە کودێتا حوکمیان گرتە دەست، ئەم سیاسەتە لەق بوو. کە تەمەنی حوکمڕانی بە ئاستەم دوو ساڵ بوو، بەعس لەگەڵ کورددا لە 1970دا لەسەر ئۆتۆنۆمی ڕێککەوت، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆگرامەکە بۆ 1974 دواخرا. ئەمەش، ساویلکەیی سەرکردایەتی کورد نیشان دەدات. دەنا ئاشکرا بوو، بەعس ئەو چوار ساڵەی پێویست بوو بۆ قایمکردنی پێگەی ناوخۆ و نێودەوڵەتی خۆی. هەر واش بوو. لە دێسەمبەری 1971دا، ئێراق پەیمانی چەک کڕینی لەگەڵ سۆڤیەتدا واژو کرد و دواتر لە ئەیپڕلی 1972دا پەیماننامەی دۆستایەتی. ئەمەریکا نزیکبوونەوەی ئێراق و سۆڤیەتی بە مەترسی زانی و بڕیاری دا هاوکاری کورد بکات بۆ لەقکردنی بەغداا. لە ئۆگەستی 1972ەوە بۆ 1974 ئیدارەی نیکسۆن بەردەوام لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل و سەرکردایەتی بەرزانیدا کۆدەبووەوە بە ئامانجی ئامادەکردنی کورد بۆ جەنگی چاوانواڕکراو لەگەڵ ئێراقدا. لە 1974دا شەڕی کورد و بەغدا دەستی پێ کردەوە. بەرزانی دەگاتە تاران و لەگەڵ شای ئێران و کارمەندانی سی ئای ئەی کۆدەبێتەوە. ئەمەریکا هاوکار دەبێ؛ بەهای 900 هەزار پاوەند چەکی سۆڤیەت-لە بازاڕی ڕەش دەکڕێ، دەدات بە کورد و بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ کاروباری ئاوارەبوون.
گفتوگۆی چڕ لەنێوخۆی ئیدارەی ئەمەریکیدا دەکرێ لەسەر جۆر و ئامانجی ئەم پەیوەندییە. لە ئەنجامدا ئەمەریکا سێ خاڵ لەبەرچاو دەگرێ: (1) هاوکاری کورد دەکات تا بنەمایەکی باشی هەبێت بۆ بەدەستخستنی مافی لەلایەن حکومەتی بەغداەوە؛ (2) حکومەتی ئێستای ئێراق سەرقاڵ بکات، بەڵام (3) ئێراق بۆ هەمیشە دابەش نەکرێ چونکە ناوچەیەکی کوردی سەربەخۆ لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی نابێ و ئەمریکا و ئێران لە بەرژەوەندیان نییە دەرک لە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئێراقێکی ژێر سەرکردایەتی میانڕەودا دابخەن.
هەرچەند ئەمەریکا و ئیسرائیل نەیاندەویست بزووتنەوەی چەکداری کورد شەڕ ڕابگرێ، لە بەرژەوەندیان بوو ئێراق سەرقاڵ بێ ، بەڵام پێدەچێ شای ئێران، ئامانجی ستراتیجی خۆی پێکابێ و ئیدی کاری بە سەرئێشەی کوردەوە نەمابێ. ڕەنگە لەوەش ترسابێ، کە خەباتی کوردی باشوور، کاریگەر بێ لە هەڵسانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و نائارامی ئێران. لە فەبیریوەری 1975دا لە زیورخ، شای ئێران لەگەڵ #هێنری کیسنجەر# ، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا نیکسۆن، کۆدەبێتەوە، پێی دەڵێ، کورد تێکشکاون و لە کۆبوونەوەی ئۆپیکدا لە جەزائر، ئەم لەگەڵ سەدام کۆدەبیتەوە.
ڕێکەوتننامەی جەزائر لەنێوان ئێراق و ئێراندا-سەدام و شا، لە جەزائر بە ناوبژی سەرۆک کۆمار هواری بەمدین بەسترا. بەندێکی گرنگی دیاریکردنی سنووری ئەو دوو وڵاتە بوو، بەپێی پڕۆتۆکۆلی قوستەنتەنیەی 1913 و کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لە 1914، نەک ئەوی لە 1937دا بەریتانیا واژوی کردبوو. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران دەشکایەوە. لە بەرانبەردا، شای ئێران قایل بوو بە کشانەوەی هاوکاری لە بزووتنەوەی چەکداری مستەفا بەرزانی. هەر لەگەڵ ڕێککەوتننامەکە واژو کرا، چەک دانرا و میدیای ئێران لە زاری سەرۆکی پارتییەوە نووسی، کاری من تەواو بوو! دەیان هەزار کورد ئاوارە بوون دوورخرانەوە. ئیدی کورد هەرگیز خۆی نەگرتەوە. دوی تێکشکان بەعس کوردستانی کاولکرد و سەدان هەزار کوردی کوشت بە جەنەساید، جەنگ و هەڵواسین. هەزاران گوندیشی خاپور کرد و دانیشتووانی خستە کۆمەڵگەی زۆرەملیەوە. دەبوو هەر ئەودەم، هەموو سەرکردایەتی بزووتنەوەی چەکدار لە بەردەم دادگای مێژوودا لە قەفەزی تاوان بئاخنرایە، نەک دواتر وەک سەرکردە بگەڕێنەوە.
لە ڕێکەوتنی 1975ی جەزائر، ناوی کورد لە کولەکەی تەڕیشدا نەبوو، تەنیا مقاشێک بوو: ئێران، ئیسرائیل و ئەمەریکا پشکۆیان پێ دەگرت. هەڵبەت ڕێککەوتن، هەم گوزارشت بوو لە بەفیڕۆچوونی دەریایەک خوێنی کورد، هەم هاڕەی خەباتی چەک و هیوای کورد بوو. دەبووایە دوای ئەم شکستە گەورەیە، کوردی هیچ لایەک جارێکی دیکە بەلای چەکدا نەچووبا. کەچی ساڵێکی نەبرد، لەژێر چاودێری ڕژێمی سووریادا، یەکێتی نیشتمانی دامەزرا و دەستی دایەوە چەک. ئەمجارەیان، کورد بوو بە بەشێک لە کێشەی بەعسی ئێراق و سووریا. ئەمیش نزیکە دیەیەکی دواتر، بە هەمان دەردی بزووتنەوەی چەکی مستەفا بەرزانی چوو.[1]