نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی شەشەم:
دۆڵپا؛ دۆڵپای بەحری: بوونەوەرێکی دەریاییە؛ خۆی دەخاتە سەر شێوەی پیر و پەککەوتە و داماو و داوای هاوکاریی دەکات! هەرکەس لە کۆڵی بکات و بیەوێت بیپەڕێنێتەوە؛ ئاوقای دەبێت و خۆی لە کۆڵی توند دەکات و خۆی هەڵدەچەقێنێت لە گیانی و لە کۆڵی نابێتەوە.
قژنەسەرە مرۆڤی کێویی و سەروپرچ ناشیرین.
تەهووج؛ تەیرەهووج؛ تەلەتیش: گوایە ناوی جنن و ئەگەر بتەوێت ئامادە بن؛ بەو ناوانەوە بانگیان دەکەیت بۆ یارمەتیدانت.
وەک (بەختیار زێوەر) ی هۆنەر دەڵێت:
تەلتەھیش یا تەیرەھووج سێ چوار ھەزارێکم ئەخوێند
فائیدی چی ھیچ نەھات بۆ لام جنۆکەی ڕووتوقووت
تەنتەڵ: دێوەزمە.
شمشاڵی ئەفسووناویی شەیتان: ئەم شمشاڵە لە دوو ڕێگەوە دەست دەکەوێت؛ یەکەم ئەوەی شمشاڵژەن؛ خۆی شارەزایی تێدا پەیدا دەکات؛ دەتوانێت بە شمشاڵەکە قسە لەگەڵ ئاژەڵەکانی بکات.
یان شەیتان ئەو شمشاڵەت بە دیاریی دەداتێ و دەتوانیت هەرچییەکت بوێت بە ئاژەڵی بکەیت؛ بۆ نموونە دەتوانیت لەسەر دوو پێ هەڵیانپەڕێنیت؛ یان دەتوانیت پێی بڵێیت لە شاخێکەوە خۆی فڕێبداتە خوارەوە!
تەبەرە: ناوی یەکێک لە دێوەکانە؛ کە لە چیرۆکەکاندا ناوی هاتووە.
باشکوج: ئەم بوونەوەرە وەک شێرداڵ وایە؛ بەڵام ئەمیان سەری باشە (باشوو؛ باشک-صقر) ە و ئەوی تری جەستەی شێرە و دوو باڵی هەیە.
لە ئەفسانەی فارسییدا بە گریفن/گریفون هەیە.
خرس: جادوو
هێلکەی نامێ: هێلکەیەکی ئەفسانەییە؛ ئەگەر دەستت بکەوێت و بیشکێنیت؛ جوانترین کچی لێ دێتە دەر.
ڤزاب: ئەژدیها
هەنوونێ مەنوونێ: وشەیەکی بێمانایە؛ گوایە جادووگەران کە ئەو وشەیە دەڵێن؛ ئەوی دەیانەوێت دەیکەن.
واتە بەرانبەر بە (ئاداکەدابرا) ی نەتەوەکانی ترە.
همێلی: دوعای نوشتە. کرفە: دەنگی ئاسمانیی؛ دەنگی فریشتە و دەنگی سروش (وحي) . هووت: ڕۆحی شەڕەنگێز و ئەهریمەنیی کوڵەنان: کەسێک کە دەتوانێت زاوای بەستراو بکاتەوە (وێنەکانی خوارەوە یەکیان شامارانی ئەفسانەی کوردیی و ئەوی تریا (medusa) ی ئەفسانەی بێیانییە) هەردوویان لاشەیان ئافرەت و سەریان مارە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]