نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی چواردەیەم:
تەلیسم شکاندن: بەتاڵکردنەوەی تەلیسم؛ هەر نووسین و کارێکە کە بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەلیسم و جادوویەک. لە چیرۆکەکاندا؛ بە چەندین جۆر هاتووە بۆ نموونە دێوی جادووکار کۆمەڵێک مرۆڤی کردووە بە مەڕ تا بە نۆرە بیانخوات مەڕەکان بە پاڵەوان دەڵێن دێوەکە بکوژە خوێنەکەیمان بەسەردا بکە دەبینەوە بە مرۆڤ.
ئیجازەی مار و دوپشک: مۆڵەت یان پارێزێکە؛ شێخەکان دەیکەن، گوایە هەرکەس بۆی بکرێت؛ مار و دووپشک پێوەی نادات.
ماری بێ ئیجازە: هەندێک مار مل بۆ ئیجازە نادەن و ئیجازە و میجازە نازانن، جاران شێخەکان بە پارە ئیجازەکەیان دەکرد؛ دەیانوت ئیتر هیچ مار و دووپشکێک پێوەت نادات تەنیا ئەوانە نەبێت کە ئیجازەیان نییە و جنن! ئیتر هەرچییەک پێوەی بدایە دەوترا ئەوە لە بێ ئیجازەکەیە! شێخ و جادووبازان؛ ئەم فێڵ و گزییەیان بۆ خۆپەڕاندنەوەیان بە کار هێناوە.
نموونەی تر؛ دەچوونە لای؛ نووشتەی بۆ دەکردن؛ دەیوت نووشتەکە سەر دەگرێت بەڵام تەنیا نابێت بە هیچ جۆرێک وشەی (مەیموون) بە بیر و هۆشتاندا بێت! ئیتر ئەمە بەس بوو؛ کە کەسەکە هەموو بیر و خەیاڵی لای مەیموون بێت و لەسەرنەگرتنی نووشتەکەدا؛ تەنیا خۆی بە خەتابار بزانێت!
درەخت: تێروو؛ دەعبا و گیانداری دڕندە و دڕ و زیاندەر.
پیاوخۆر: یەکێک لە ماناکانی (مرۆڤخۆر)ە وشەی پیاو لەوێدا مانای خۆی لە دەست داوە و مانای مرۆڤ دەدات.
وەک وشەی پیاوکوژ کە بەرانبەرە بە مرۆڤکوژ؛ هەر وشەی (مرۆڤ)یش خۆی لەپێشدا مانای (نێر؛ مێر)ی هەبوو؛ بەڵام ئەمڕۆ ماناکەی بەرانبەر ئادەمیزادە پیاوخۆر بە گیانەوەری ترسناکیش دەوترێت.
ئەرنەبووت؛ ئەرنەئووت؛ مەڕنەمووک؛ مەڕنەمووکە؛ مەڕنەبووکە: مرۆڤی دزێو و ناقۆڵا و ناشیرین و هۆڤیی ناوی مەڕنەبووکە؛ مەڕنەمووکە؛ هەڵگەڕاوەی (من ڕبک)ەیە؛ واتە (خودات کیێە؟) کە وتراوە یەکەم پرسیاری دوو مەلائیکەی ناحەز و ناشیرین و ترسێنەرن کە لە گۆڕدا لە مردووی دەپرسن.
#قانع# وتوویەتی:
ئەگەر مەڕنەمووک؛ بێتە سەرینم
بە زمانی عەرەب بکا تەڵقینم
ئەنەوم لە دار زۆر بە ئاسانی
لیسێ لە ڕانی؛ چوار لە ناوشانی
#هەژار موکریانی#ش وتوویەتی:
تۆش وەک مردووی تر؛ وەک هامفەردانت
دوو پەری خودا دێنە سەردانت
دووی ددان زەردی سووری چاوشینن
بە گورز و مەتاڵ؛ بە تەوەرزینن
تۆزێ مڕومۆچ؛ ڕووتاڵ و تفتن
بەڵام وەک دەڵێن؛ بە گفتولفتن
هەزار جار بڵێن کوا (مەڕنەمووکە)
بێدەنگ؛ قڕوقپ لێت نەیە جووکە
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]