سەروی نەوڕەس
بە ئاگری دووری تۆیە بوومە قەقنەس
نەماوە گیانەکەم، هیوام بە هیچ کەس!
ئەگەرچی پیرم، ئەمما وەک منداڵان
دڵم دەشنێ لە بۆ سەروێکی نەوڕەس
ئەتۆ سەر تا بە پێ گوڵزارە باڵات
منیش سەر تا بە پێم یا خارە یا خەس
دڵم دەڕوا بەرەو باغی جوانیت
ئەگەر پەیدا بکا ڕۆژێکی دەسڕەس
بەرەو ڕووی گۆڕ ئەچم هەرهاکە زانیت
لە سەر تەرمم بنیشن داڵ و کەرکەس
بە ناڵین و سکاڵا و شین و گریان
لە قیسی چوو «ئیمامی» ژین، ئیتر بەس
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]