پارێزگاری #هەولێر# لەبارەی هاتنی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر و بەڕێکردنی پشووەکانی سەری ساڵ دەڵێت: هاتنی ئەو هەموو گەشتیارە، بەڵگەی پێشکەوتن و ئارامی شاری هەولێرە.
ئەمڕۆ شەممە #30-12-2023#، #ئومێد خۆشناو# پارێزگاری هەولێر لە بازگەی شێراوە و لەکاتی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ شاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق دێنە هەولێر و پشووەکانی سەری ساڵ لەو شارە بەڕێدەکەن، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر گلەیی ئەوە دەکرا کە لە بازگەکاندا کاروباری گەشتیاران دوا دەکەوێت و دەبێتە مایەی نیگەرانیان، بۆیە هەوڵدرا بە شێوازێکی درووستتر پێشوازی لە میوانان بکرێت و کارئاسانی زیاتریان بۆ بکرێت، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی ئێستا لە ماوەی تەنیا سێ خولەکدا مامەڵەی هەر گەشتیارێک لە بازگەکان ڕایی دەکرێت و، گەشتیار دەتوانێت بۆ ماوەی سێ مانگ هاتوچۆ بەو پسوولەیە بکات کە بۆی دەردەکرێت.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بەردەوام لە زیادبووندایە، وتی: لە #25-12-2023#وە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر لەگەڵ ئەفسەر و کارمەندانی بازگەکان لە پێشوازی گەشتیاراندان کە سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن، پارێزگاری هەولێر ستایشی ئەفسەر و کارمەندانی ئاساییشی هەولێری کرد لە بازگەکان لەو گۆڕانکارییانە کردوویانە بۆ ڕایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتییان. دەشڵێت: پلانی ئەوە هەیە هۆڵی زیاتر لە بازگەکان درووستبکرێت کە گەشتیاران تێیدا چاوەڕوانی دەکەن، ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو ژمارەی گەشتیاریان بۆ هەولێر زیادیکردووە و گەیشتۆتە زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ئەوەش بەڵگەی ئارامی و پێشکەوتنی هەولێرە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تێڕوانینی کابینەی نۆیەمی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و خودی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان #مەسرور بارزانی#یە لە هەموو ئاستەکاندا، شارەکان پڕۆسەی پەرەپێدان و گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و ئارامی و ئاساییشی زیاتری تێدا هەبێت، بۆ ئەوەی ببیتە دەروازەیەک بە ڕووی گەشتیاران، بەوەش شوێنە گەشتیارییەکان بووژانەوەیەکی گەورەتر بەخۆیانەوە ببینن، وتی: ئەو گەشتیارانە کە ڕوو دەکەنە شارێک و ناوچەیەک، بەڵگەی پێشکەوتنی شارەکەیە. [1]