جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق باس لە شەڕی درۆن لە ئێراق دەکات و پێی وایە ناکرێت خاکی ئێراق بەکاربهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە، بەپێچەوانەوە لە ئەگەری بەردەوامی ئێراق ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی دەبێتەوە.
د. #بەشیر حەداد# بۆ ماڵپەری فەرمی #پارتی دیموکراتی کوردستان# وتی: ئەوەی ئێستا لە ئێراق دەگوزەرێت شەڕی دەوڵەتە لە خاکی ئێراق، ناکرێت ئێراق ببێتە وەکیلی ئەم شەڕە، ئەو دەوڵەتانەی لە مێژە شەڕ دەکەن و ململانێیانە هاتوون خاکی ئێراقیان بەکارهێناوە هەر بۆیە لە ماوەی دوای شەڕی غەزە دەبینرێت جۆرێک لە نائارامی لە ناوچەکە بەتایبەت لە ئێراق هەیە و ئیستاش شەڕی دڕۆنەکان لە ئێراق پەیوەندی بە ئێراقەوە نییە و ناکرێت گۆڕەپانی ئێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم شەڕە بەکاربهێنرێت، ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە گرووپە جۆراوجۆرەکان دەیانەوێت ئامانجی ئەو شەڕە بگۆڕن بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو گرووپانە کەوتونەتە ناو شەڕی بە وەکالەوە و ئێراق بەرەو نەهامەتی گەورە دەبەن، شەڕەکەش لەگەڵ ئەمریکایە کە خودی ئەمریکا خۆی سیستەمی ئێراقی داناوە ئەم گرووپانە دەیانەوێت بەم هێرشانە ئەمریکا لە ئێراق بکشێتەوە بەڵام دیارە کشانەوەی ئەمریکا ئاستەمە، هەر بۆیە دەرەنجام ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت ئێراق تووشی شەڕێکی خوێناوی دەبێت.
لەبارەی کۆکردنەوەی 54 واژۆ لە پەڕڵەمانی ئێراقەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق بچنە دەرەوە د. بەشیر حەداد وتی: بابەتی کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق پەیوەندی بە پەڕڵەمانیشەوە نییە دەنا لە ساڵی 2019 پەڕڵەمان بڕیاری دا بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئێراق بەڵام نەکرا، بۆیە ئیستاش ئەم کۆکردنەوەی واژۆیانە بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە ئێراق بێ سوودە، ئەم بابەتە پەیوەندی بە حکوومەتەوە هەیە چونکە بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی ئێراق پەیوەندی بەڕێککەوتنی سیاسی ئەو هێزانەوە هەیە کە پێشووتر لەگەڵ ئەمریکا کرا، ئەگەر هاتوو حکوومەتی ئێراق بڕیاریدا بەدەرچوونی هێزە بیانییەکان لە ئێراق ئەو کاتە دەردەچن، لە ئەگەری دەرچوونیان لە ئێراق پێم وایە دۆخی ئێراق تەواو دەشێوێت و لە کۆنترۆڵ دەردەچێت. [1]