بەهار
سەحەر لە تەرفی بۆستان لە سەحنی لالەزارەوە
نەسیمی جانفەزا وەزی بە موژدەیی بەهارەوە
زەوی زموڕڕودیی بووە بە فەڕشی زەڕنیگارەوە
وەکوو دوڕ و عەقیق ئەچن شکۆفەکان بە دارەوە
ئەوا دەچێتە گوڵچنین گوڵێ بە لەنج و لارەوە
نیگاری ماهڕوویی من بە شەو دەمێ کە دێتە دەر
لە دەوری کوڵمە پەرچەمی دەڵێی لە عەقرەبا قەمەر
لە بۆنی میشک و عەنبەری جیهان بەهەشتە سەربەسەر
دەمی مەسیحە وا کە دێ لە بەر دەمم دەمی سەحەر
وە یا شەمیمی میشک بۆ لە نافەیی تەتارەوە
شکوفتە بوون گوڵ و سەمەر بە ئەمری «حي ذوالمنن»
یەکێ عەرەق بە کوڵمەوە وەکوو نیگاری سیمتەن
یەکێ شنەی موعەتتەری میسالی عەتری یاسەمەن
بە بێ قیامەت ئەو دووە دەکەن قیامی تەن بە تەن
لە سەحنی گوڵشەن و چەمەن لە لێوی جۆیبارەوە
عەرووسی مانگی بانەمەڕ وەدەر کەوت وەکوو پەری
بە عیشوە و بە نازەوە بە خشڵ و زێڕ و زیوەری
چیا وەکوو بەهەشت ئەچێ لە بۆنی میشک و عەنبەری
لە قەهقەهەی کەوی دەری کە دێنە دەر لە دوو دەری
چ زوهرە بێ چ موشتەری دەکەونە ئیزتیرارەوە
نەمامی داری سەروە یا قەدی نەمامی دڵبەرە
شەمیمی عەتری یاسە یا بخووری عوود و عەنبەرە
لە بۆنی یاس و یاسەمەن چڕ و چیا موعەتتەرە
دەمێ بە داری سێوەوە شکۆفە میشکی ئەزفەرە
دەمێ عەقیقی خالیسە بە دەم لقی هەنارەوە
فڕێ دە غەم کە مووسمی نیشات و شادییە و سروور
دوبارە غەمڵی کێو و کەژ بە ڕەنگی زەرد و سەوز و سوور
بە ڕەغمی ئاهوی خوتەن هەڵاڵە بۆنی دێ لە دوور
گوڵ ئاتەشی بە ڕەنگی سوور وەکوو قەبەس لە کێوی توور
بە سانی خشڵی کێوی نوور بە سینەیی نیگارەوە
دەڵێن لە پەردەیی خەفا ئیرەم چەلێکی هاتە دەر
بە سەد هەزار ڕەنگ و بۆ بە زیوەری دوڕ و گوهەر
وەلێ گوڵی بەهاری من وەرای تەسەووری بەشەر
دەسی مەشاتەیی قەدەر کراسی نازی کردە بەر
کڵاوی زێڕی نایە سەر بە تۆق و گۆشوارەوە
گەلی کچانی چاوبەکل فریشتەکانی ئاو و گڵ
دەمێ کە دەچنە گوڵچنین بە عەینی هی خەزاڵی سڵ
دەسێ لە گوڵ دەدەن دەمێ، دەمێکی پەنجەیێ لە دڵ
هەڵاڵەکان چەپک چەپک دەبەن وەنەوشە چڵ بە چڵ
دەمی بەیان و تاوپەڕان بە بەر قەد و نسارەوە
نە هەر لە خەڵوەتا بە شەو خەریکی زیکرە مورغی حەق
نە ئینس و جینن و جانەوەر نە هەر مەلەک تەبەق تەبەق
وەرە ببینە بێ خەبەر دەمێ بەیان ئەدا شەبەق
چیا، چەمەن، گوڵ و سەمەن، گەڵا گەڵا، وەرەق وەرەق
بەیانی کیبریایی حەق بە کێو و چێو و دارەوە
بە شەو کە دەنگ ئەداتەوە لە کێوی قاسپەقاسپی کەو
تروسکەیێ بە گوڵ دەدا نەسیم و نووری مانگەشەو
من و نیگاری نازەنین بە مەزهەبم حەرامە خەو
دەمێ نیاز و ڕازی من دەمێکی غەمز و نازی ئەو
«حەقیقی» فرسەتی وەها قسەی دڵت مەشارەوە
سەچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]