دۆ
ئەی دۆ لە دووریت دوورم لە خۆشی
گرتوومە بێ تۆ دەرد و نەخۆشی
ئەی دۆ بە بێ تۆ دەردم گرانە
گشت خۆراکێکم وەکوو سندانە
ئەی دۆ بە بێ تۆ جەرگم کەبابە
دڵی پڕ خوێنم کاسەی شەڕابە
ئاوی حەیاتی ئاواتی ژینی
سوکنایی دڵی گیانی شیرینی
تا تۆم نەماوی ئەمنیش نەماوم
سووتا لە دووریت جەرگ و هەناوم
تۆ تا ترش بی لای من شیرینی
ڕووحی ڕەوانی ئاواتی ژینی
مەزەی مزری تۆ شەڕابەن تەهوور
گوڵ و قەزوانت نووری عەلا نوور
کاسەیەک لە تۆ پڕ لە شیوت و گوڵ
ئاوی حەیاتە و دەوای زامی دڵ
بە ئاوی کەوسەر دەژێ مەشکەی تۆ
پپسی و کانادا کەی دەگەن بە دۆ؟
تەعام گەر یەکە و ئەگەر هەزارە
بێ تۆ خۆش نییە و جێی تۆ دیارە
ئاوی کەوسەری یا ئاوی زەمزەم
بۆ خواردنەوەی تۆ نییە ژەم و دەم
پڕیشکی مەشکەت بارانی ڕەحمەت
کەف و کوڵەکەت لافاوی نیعمەت
بە گرمەی مەشکە و بە خرمەی بازن
نە هەر من گشکەس ئاواتەخوازن
دۆ یا بە کاڵی یا بە کوڵیوی
هەر دوو نیعمەتە و هەر دوو بژیوی
نادەم جامێکی دۆکوڵیوی یەک جەم
نە بە تاجی کەی نە بە تەختی جەم
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]