ناونیشانی پەرتووک: پرسگیرییەکانی باشووری کوردستان لە ئەرشیفخانەکانی بەریتانیادا لەنێوان ساڵانی 1918-1926.
ناوی نووسەر: کۆمەڵێک نووسەر
کۆکردنەوە و پشکنین و وەرگێڕان و ئامادەکردنی: ڕەنجدەر محەمەد عەزیز
وەرگێڕدراوە لە زمانی: ئینگلیزی
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: کارۆ
ساڵی چاپ: 2024
ژمارەی چاپ: یەکەم
ئەم پەرتووکە، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی وەزارەت و فەرمانگە جیاوازەکانی حکومەتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیایە. کۆکردنەوە و پشکنین و وەرگێڕان و ئامادەکردنی: پ.ی.د. (ڕەنجدەر محەمەد عەزیز)ە، لە (535) لاپەڕەی قەبارە گەورە پێکهاتووە.
ئەم بەرهەمە کۆکراوەی چەندین سەرچاوە ودەزگا پڕبایەخەکانی ئەرشیفخانەکانی شانشینی وڵاتی بەریتانیایە، کە ئەم سەرچاوە زانیارییانەی لێ وەرگیراون، بریتین لە هەریەکە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، وەزارەتی ئاسمانی، وەزارەتی داگیرگەکان، وەزارەتی جەنگ، کابینەی وەزاری لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی بەریتانی لە شاری لەندەن، دەستنووسەکانی نێومۆزەخانەی جەنگی و دەستنووسەکانی نێو ئەرشیفخانەی سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆلێجی ست ئەنتۆنیۆ/ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، ئەمە جگە لە تەلەگرام و یادداشت، ڕاپۆرت و نامەکانی لێپرسراوانی بەریتانیا لە نووسینگەکانی سەر بە کۆمیسیاری باڵای بەریتانیا لە هەریەک لە وڵاتانی هندستان، مسر، ئێراق و ئەستەمبوڵ کە کاریان لەسەرکراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵە ئەوەیە، ئەم بەڵگەنامانە وەک سەرچاوەی زانیاری لەلایەن خوێنەری کوردەوە سوودیان لێ ببینرێت بۆ تێگەیشتن لە دید وتێڕوانینی لێپرسراو و بڕیار بەدەستە سیاسی و سەربازی و دبلۆماتکارە بەریتانییەکان، لە ئۆفیسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەندەن، ئێراق و باکووری ئەفریقایاندا، لەمەڕ پرسی باشووری کوردستان لە هەلومەرجی هەستیار و مێژوویی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و قۆناغی حوکمی ڕاستەوخۆ و دواتر هەژمونی ناڕاستەوخۆی سیاسی و سەربازی و ئابووری بەریتانیا لە ئێراقدا. هەر بۆیە لەپێناو شارەزابوون لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە ناوچە کوردنشینەکاندا خوێنەر دەتوانێت لە کاتی توێژینەوە زانستییەکانیاندا، پشت بەم سەرچاوە وەرگێڕدراوانە ببەستن لە لێکۆڵینەوە و شیکارییە مێژووییەکانیاندا. [1]