=KTML_Bold=زنجیرە وتاری نووسین بەرەو نووسین: دەسپێکم چۆن بێت..=KTML_End=
دەوڵەمەندی بیر و پاشخانی ئەبستمۆلۆژی و ڕۆحی ئارەزوومەندانەی نووسین، ئەو دەرگایەیە بەهەشتی خودناسین بە ڕووی پانتایی دونیای ئەدەب و هونەر و ڕۆژنامەوانی و سیاسەت و ئیکۆنۆمی و …..تاد، لە بەردەم هەرتاکێکمانە دەکاتەوە و بەخت یارمان دەکا بۆ خۆشبەختی، ڕاستە نووسین لە ئەدەبدا پێویستی بە ئارەزوویەکی هەڵقوڵاوی ناخ هەیە، چونکە نووسینێک لە ناخی ڕاستگۆیی خودەوە دەربچێ وەرگری زیاتر دەبێت، مەرج نییە هەموو سیاسییەک ببێ بە سەرکردە، ڕۆشنبیری سیاسی پانتایی و فەزایەکی ئەوتۆی بۆ دەخوڵقێ، هەم لای تاک خۆشەویست دەبێ، هەم لای دەسەڵاتیش گوێ لە دید و بۆچوونەکانی دەگیرێت، لە بەرامبەریش دا قێزی لێناکرێتەوە و گوێبیستیشی زۆرتر دەبێت، تەواوی ئەم باسەمان لە بیری مەکەن تەنها پەیوەستە بە ئەدەب و ئەوانەی دەیانەوێ لە دادێی ژیانیان ببنە ئەدیبێک یاخود شاعیرێک، کەواتە با بزانین چۆن دەست پێبکەین ؛
کەسێکی تازە هەڵدەچیت هەم لە ڕووی ئاوەزەوە هەمیش لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە، شیاو و لەباری بۆ وەرگرتنی ئەوەی دەیخوێنێتەوە، باشترین کاتیش سەردەمی دواناوەندی و ئامادەیی جاران، پۆلەکانی حەوت بۆ دوانزەیە ، هەست دەکەی لە ناخەوە مەیلێک دنەت دەدا و نازانی چییە، وەلێ ناوبەناو وڕێنەیەکی ڕستە ڕیزکردن لە بەرخودەوە دەڵێی و دەینووسیتەوە، هەندێجار ئەو نووسینەت زۆر لا ناوازەیە، دەتەوێ لێرەولەوێ باسی بکەیت و شەرم دەتگرێت، پێویستە هەر لە بەراییەوە پەردەی شەرم تووڕ بدەی دەنا ناگەی بە مەخسەد، بۆ پڕکردنی هزرت لە پاشخانێکی ئەپستمۆلۆژی پێویستیت بە کتێبخانەیەک هەیە، و نازانی چۆن ئەو ماڵە دەوڵەمەندە پێکەوە بنێی، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی داراییشەوە ڕەوشی ماڵەوەتان نالەبار بوو، دەتوانی لە نەفسی خۆت بگریتەوە، مەبەست لە نەفس کە دەچییە قوتابخانە زۆر پێویست نەبوو، پارەی ڕۆژانەکەت بە فیرۆ مەدە، ئەو ئارەزووی وڕێنەیەت تێر بکە لە بری سکت، هەوڵی کۆکردنەوەی پارە بدە بۆ دابینکردنی ئەو پاشخانە ئەبستمۆلۆژییە، واتا کتێب کڕین.
هەست دەکەی پارەت هەیە و لە بازاڕ چاوت دەچێتە سەر کتێبێک سەرنجت ڕادەکێشێت با ئەو کتێبە نەیخوێنیتیشەوە، وەلێ بیکڕە و لە ماڵەوە تووڕی بدە، ئەم حاڵەتە چەندین جار دووبارە بکەوە، تا وای لێ دێت لە ماڵەوە دایک و خوشک گلەوگازندەت لە دەست دەکەن، ماڵەکەت لێشێواندوون، دەبێ چارەیەکیان بکەی، تۆیش وەک ئەو خەسڵەتە ڕۆژهەڵاتیانەمان گوێ بە قسەی دایک و خوشک نادەی، ئەمە بۆ کچانیش هەر دەشێ، تا کار دەگاتە ئەوەی بە باوک و برا گەورە و کەسی سەرپەرشتیار دەوترێ و چاوسوورکردنەوە دێتە ئاراوە، ناچار بە هەر ڕێگایەکیش بێت، تەنانەت ئەگەر سنووقی پلاستیکی تەماتە و میوەیش بێت کتێبەکانتی لە ناو ڕێک دەخەی، گریمان ئەگەر پارە نەبوو کتێبخانەیەکی بچوک یان کۆنەی هەڕاجخانەکان بکڕی. ئەو دەم هەر خۆت پرسیار لە خۆت دەکەی چما ئەو هەموو کتێبەم لە خۆ کۆکردۆتەوە، ناچار لە کاتی شەوان یان نووستن، یا ئەو دەمانەی هاوڕێکان و کچە کەپڵەکەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لە نێو مۆبایلەکەت دوور کەوتوونەتەوە، پەنا دەبەیە بەر ئەو کتێبانە، هەست دەکەی سەرنجت ڕادەکێشێ و تام و چێژێکی زۆری لێدەبینیت، حەز دەکەی هەموو کەس بزانێ چ تامەزرۆیەکی شیرین یا مێخۆش لە هزرتدا دەخولێتەوە، جا بۆ ئەوەی لای کەپڵ و هاوڕێیەکانیشت خۆ دەربخەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی دەکەی، هەست دەکەی گوێت لێ دەگرن، لە ناویاندا کەسێکی دیاری ئیدی ناتەوێ لێی داببڕێی چونکێ هەفتەی پێشوو لێی دابڕای لای کەپڵەکەت و برادەرەکانت پەراوێزخرابووی وەک جار ئەو ژمارە نەبووی گوێت بۆ ڕادێرن، بە ناچاری ئیدی کاتی بۆ دیاری دەکەی، بە تێپەڕینی کات وات لێ دێت بە هاوڕێکانت بڵێی، ئیتر من کەم کەم دێمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێی واتساب و ماسنجەر و فایبەر و ئەوانی دیکەوە زوو زوو لە گەڵ کەپڵەکەت یەکدەگرن و کەمتر لە بە فیڕۆدانی کاتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەمێنیتەوە، پاشان حاڵی دەبیت پێویستیت بە خۆ پێگەیاندنە لە بەر ئەوەی خولیایەکیشت هەیە، بەم جۆرە هەم کتێبەکان زۆرتر دەبن هەمیش باکگراونی ئەپستمۆلۆژیت بەرەو فراوانی دەچێت، بایەخ و سەرنجت زێتر لە سەر خوێندنەوە دەبێت و کەمتر کوشتنی کاتی خۆڕایی، دەشێ کاریگەریت بە سەر یەک دوو هاوڕێی خۆتیش هەبێت و بەم جۆرە بەشدار دەبیت لە بونیادنانی نەوەیەکی دی ڕۆشنبیر. پێشوەخت باش لەوە حاڵی ببە کە خۆرۆشنبیرکردن بازرگانی نییە دەوڵەمەندت بکات، زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێ نووسەرێک دەوڵەمەندێکی باڵا بێت. خاڵێکی دیکە لە ژیانی ڕۆشنبیری پێویستی بە مەعریفی هەیە ئەوەیە، ڕۆشنبیری هەمیشە پارە خەرج دەکا کەمتر پەیدا دەکات. ئەمەیش بۆ ئەوە ناهێنمەوە هەر لە هەنگاوی یەکەمتدا ساردت بکەمەوە، نەخێر ، بۆ ئەوەیە لە ژیانی خۆت لە سەرەتاوە بزانی خولیایەکەت خولیای پێگەیاندنی ئاوەز و دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی حەزەکانتە، ئەو دەمانەی یەکەمین کتێبت دەردەچێ ئەو دەم هەموو سامانی دونیا بە ئی خود دەزانیت، لە بەرامبەردا ئەو هاوڕێی کە پەنای بۆ بازرگانی برد، ڕەنگە نیوەی سامانەکەی لە پێناوی ئەو باکگراونەی تۆ دابنێت و دەستی ناکەوێ…. لێرە گەیشتینە ئەو خاڵەی عەقڵی پڕ مەعریفی لە گیرفانی پڕ پارە گرینگترە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=