کە پارە بوو خزم زۆرە
سەرم سوڕماوە نازانم چ شەخسێ بێ غەش و چاکە
لەناو ئەم قەومەدا کێیە لەگەڵ هاوجینسی خۆی پاکە
لەلام وا باشە ئێستاکە بەکەس پشتێ نەبەستی تۆ
لە خزم و دۆست و ئاشنایان هەتا ئەتوانێ هەر ڕاکە
ئەگەر پارەت نەبێ بەخوا هەزار خزمت ببێ پەشمە
کە پارەت بوو هەموو عالەم براتە و پێت ئەڵێ کاکە
کەس و کارت وەکوو مارن، ئومێدت هیچ نەبێ پێیان
لەژێر سایەی ئەوان دەرچۆ برادەر خۆتی لێ لاکە
بەڕەنجی خۆت لە دنیادا بژی ئازاد و سەربەست بە
هەموو کەس پێت ئەڵێ مەردە و کوڕێکە چوست و چالاکە
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس. [1]