عەیبە... عەیبە
«... عەیبە... عەیبە» ئەی ڕەفیقان ماڵی خەڵک وێران ئەکا
پیاو ئەخاتە سواڵ و سووکی، گەورە سەرگەردان ئەکا
واسیتەی عەیبە کە دائیم قەومی کورد بێ سەروەتن
بێ مەعاریف، بێ سەنایع تووشی سەد دەردیان ئەکا
سەیر ئەکەی شەخسێکی مەئموور گەر وەزیفەی لێ بڕا
هیچی پێ ناکرێ لەبەر عەیب، ماڵی خۆی تاڵان ئەکا
ناعیلاجی دێ بەسەریا دەس لە خەڵکی پان ئەکا
یا کەسێکی زۆر بەسەروەت هات و لێی قەوما، ئیتر
هەر لە ترسی دەنگی عەیبە تەرکی گشت فرمان ئەکا
حاسڵی بێ کاسبی و کار دائەنیشێ بێ قەدر
بێ عەزییەت خۆی ڕەزیلی خزم و ناو یاران ئەکا
سەیری کە ئەم عەیبە عەیبە چەندە تەئسیری هەیە
کوردی کردۆتە موهاجیر ئیشی ناو شاران ئەکا
چونکە پێی عەیبە لە جێی خۆی ئیش بکا قەدری ئەبەن
بۆیە وا ئەڕواتە غوربەت تەرکی کوردستان ئەکا
بەسیەتی ئەم فکرە پیسە، غەفڵەت و نوستن بەسە
سەیری ئەقوامی غەرب کەن کەشفی ناو ئاسمان ئەکا
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس. [1]