ئەی مەلا
ئەی مەلا دیارە خەریکی فیتنەیەک بەرپا ئەکەی
دەوری پاپا و عەسری ئیرهاب لێرەدا ئیحیا ئەکەی
تۆ کە هیچ کەڵکت نەبێ غەیرەز سوواڵ و تەمبەڵی
ئێستە وا هاربووی لەبەرچی پێم بڵێ بۆ وا ئەکەی؟!
تۆ لە باتیی وەعز و ئیرشاد و نەسیحەت کەی، کەچی
بوویتە شەیتانی عەوام و جاهیلان ئیغوا ئەکەی
گا بەنووسینی مەزابیت، گەﮪ بە تەحریکاتی خەڵک
بۆ ڕەزای شەخسێ هەزاران ئیشی بێ مەعنا ئەکەی
ئالەتی دەستت، کە کز بووی، دینە تەنها بۆ سوواڵ
ڕۆژی دەست دارییش سیلاحتە و خەڵقی پێ ئیمحا ئەکەی
نووری ئازادی جیهانی گرتەوە، وا تازە تۆ
مەحکەمەی تەفتیشی نەگبەت سەر لە نوێ ئینشا ئەکەی
واز لە عالەم بێنە، دانیشە، بەرۆکمان بەر بدە
مەلعەنەت بەسیە هەتا کەی خۆت وەها ڕیسوا ئەکەی
من ئەزانم تۆ بەفیتی کێیە کەوتوویتە سەما
سەگ کە هار بوو چل شەوی عومرە ئەگەر بڕوا ئەکەی
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]