ناونیشانی بابەت: داستانی دابان هەلاج
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
سەعات 2-ی شەوی #15-02-1985# بەفر سەراپا زنجیرە چیاکان و دۆڵی جافایەتی گرتبوو ، چەند پلەیەک لە ژێر سفرا بوو ، دارو درەخت و بەردوهەموو سروشت ، ببوو بە شەختە ، بەستبووی . تەوژمی سەرماکە هورژومی بۆ هەموو شوێنێک و پەناگەکان دەبرد .
هێزی پێشمەرگە ی تیپەکانی (مەڵبەندی دوو و مەڵبەندی یەک ), بە سەپەرشی ملازم عومەر لێپرسراوی مەکتەبی عەسکەری و قادری حاجی عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی دوو، بەره و ئەو شوێنانەی هەنگاویان نا ، بۆیان دیاری کرابوو .
ملازم عومەر ، هێزەکەی کرد ، بە دوو بە شەوە، هێزێکیان لە گوندی هەڵەدنەوە ، بەرە ئاڕاستەی دابان و هێزەکە ی تریان ، لە گوندی سەرگەڵووە وە، بەره و ئاڕاستەی هەلاج ، چەرماوەند سەرکەوتن .
ملازم عومەر و قادری حاجی عەلی ، ماوەیەک لەوەو بەر، نەخشەی شەڕەکەیان ، بە پێی هەڵکوتنی شوێنی بەرزایی ڕەبایەکان و بارەگای (سریە وفەوجەکە) ، دیاری کردبوو .
ئەو ڕێچکانەیان دیاری کردبوو ، کە دەبوایە پێشمەرگەکان ، پیا سەرکەون ، بۆ بەرزایی چیاکەو گرتنی ڕەبایەکان.
( سەعاتی سفر )
لە سەعات 4-ی سفردا ، دەنگی تەقینی ئاربیجی بۆ سەر ڕەبایەکان ، سەراپا ناوچەکەی لە هەموو قۆڵەکانە وە هەژاند .
پێشمەرگەکان هێرشیان کردە ، سەر ڕەبایەکان ، لە ماوەیەکی دیاری کراودا ، (17 )رەبایە یان لە ( دابان ، هەلاج ، چە ڕماوەند ) گرت .
دوای کۆنترۆڵ کردنی زنجیرە چیای دابان ، هەلاج ، چەرماوەند ، پێشمەرگەکان لە بەرزای دابانەوە ، بە ڕێگا خۆڵەکەدا ، بەره و خوارەوە ی دابان کشان ، هەڵمەتیان بۆ مقەر سریەکەی ، نزیک گوندی شەدەڵە بردو گرتیان .
هیزێکی تر ی پێشمەرگە ، پەلاماری ڕەبایەکانی مقەر فەوجەکەی (هۆمەر قەوم )یان دا ؟
(والی باریکەیی)
والی باریکەیی جێگری فەرماندی کەرتی دووی تانجەرۆ ، لە تیپی 55ی قەرەداغ ، لە کاتی هەڵمەت بردن ، بۆ ڕەباییەکانی مقەر فەوجەکە ، پێکراو گیانی سپارد.
دوو هێزی سەربازی سوپای عێراق ، لە جادەی دوکان - سلێمانی یەوە بەره و ئاراستەی گوندی هۆمەرقەوم و گوندی شەدەڵە کشان .
( هەڵۆ چەمچەماڵی )
هێزی پێشمەرگە لە سابوئاوا و حاجی تان -ەوە ، بەسەرپەرشتی (هەڵۆ چەمچەماڵی ) ، جێگری سەرتیپی 23 سورداش، دیوار بەدیوار ی ماڵەکان ، بە ئاربی جی ، دەبابەکانی شکاند.
بەجۆرێک ڕووبەرووی. دەبابەکان بوەوە و بواری نەدا، بێنە پێشەوە، زیان به و پێشمەرگانە بگەیەنن .
پێشمەرگەکان لە سەر چیای دابانەوە ، هاتبونە خوارەوە بۆ شەدەڵه و نزیک هۆمەر قەوم .
( سابیر ڕەسوڵ و عومەر پاڵەوان )
( سابیر ڕەسوڵ و عومەر پاڵەوان ) دۆشکەیەکیان ، لە سەر دابان دامەزراندبوو ، ڕۆڵی سەرەکی و گرنگیان بینی ، بواریان نەدەدا ، هیزەکانی سوپا ی عێراق، لەسەر جادەی سڵێمانی-دوکان و لە کۆتەڵەوە ، بەرەو ئاراستەی ( شەدەڵەو هۆمەر قەوم) بێنە پێشەوە .
عومەر پاڵەوان و سابیر ڕەسووڵ ، بە جۆرێک بەو دۆشکەیە ، کۆپتەرەکانیان بە ئاسمانەوە داگرتەوە ، بواریان بە کۆپتەرەکان نەدا ، ئەو پێشمەرگانە دابێژن ، بەدیل و دەسکەوتەوە ، لە شەدەڵەوە ، بە لاپاڵی چیای دابان دا سەردەکەوتن بەرە و بەرزاییەکانی شاخی دابان .
عومەر پاڵەوان بە جۆرێک ، لە کاتی دەسڕێژدا ، پەردەی گوێی بریندار بوو ، خوینی پیا هاتە خوارەوە ، ناو بەناو دۆشکەکەی ، بە بازوە بەهێزەکەی ، لە شوێنێکەوە دەگواستەوە بۆ شوێنێکی تر ، بۆ ئەوەی کۆپتەرەکان دۆشکەکە نەپێکن .
لەم داستانەدا ( 540 )سەربازو ئەفسەرو جیش شەعبی کوژران . (198 )سەربازو ئەفسەرو جیش شەعبی بەدیل گیران، 18 پێشمەرگەی شەهیدکران.
پێشمەرگەکان دەستیان بەسەر چەکی قورس و سوک و کەرەسەی جیا جیای سەربازی دا گرت .
(ئیسماعیل عەترەو ئەیوب)
ئیسماعیل عەترە پێشمەرگەی تیپی 53 ی شیروانە ، لە نزیک ڕەبایەکەی دابان پێکرا ، پێشمەرگەیەک کردیە کۆڵ ، بۆ ئەوەی بیگەینە هەڵەدن ، لە ناو قەدی شاخەکەدا گیانی سپارد .
مامۆستا عەلی عەبدوڵڵای ڕابەر سیاسیی، تیپی 51 ی گەرمیان ، لە گەرمیان بە ئیسماعیل عەترە و ئەیوبی برای وتبوو :
- ئێوە دووبرا ، تەنیا یەکێکتان لە گەڵمانا وەرن ، هەردووکتان پێکەوە ، مەیەن بۆ ئەو شەڕە .
بەڵام ( ئیسماعیل عەترە و ئەیوب )ی برای هەردوو کیان ، پێکەوە لە گەڵ هێزە هاوبەشەکەی (تیپی 51ی گەرمیان )و (تیپی53ی شیروانە)دا ، هاتبوون بۆ شەڕەکە .
تەرمی ئیسماعیل عەترەیان ، لە مزگەوتەکەی هەڵەدن دانرابوو ، دەبوایە (ئەیوب) ی برای و چەند پێشمەرگەیەک ، تەرمی براکەی بە ناو دەیان ڕەبایەو سەربازگەو بۆسەی جاش دا ، لە هەڵەدنەوە بگوێزنەوە بۆ گەرمیان .
(سەید برایم )
سەید برایم ی فەرماندەی بە جەربەزەی کەرتی 3ی 25 خاڵخاڵان ، لە گەڵ حەوت پێشمەرگە، لە قوڵە پوشین ی کلکەی پیرەمەگرون ، دەستەی هجوم بوون بۆ گرتنی ڕەبایەک .
سەید برایم ئاربیجیەکی نا بەرەبایەکەوە ، بروسکەئاسا ، لە کاتی هەڵمەت، بۆ سەر ڕەبایەکە ، ڕۆمانەیەکی هەڵدایە ناو ڕەبایەکەوە ، لەو کاتەدا سەربازێک دەسرێژێکی لێ کردبوو ، دەیپێکێت وگیانی لەدەست دا.
( وەستا محەمەد )
پێشمەرگەیەکی تر ناوی وەستا محەمەد بوو ، لە تەنیشت عەبدولکەریم هەڵەدنی، لە پاڵ ڕەبایەی (گۆڕە جولەکە )ی دابان دا بوون ، وەستا محەمەد هەستا سەر پێ و لە کاتی دەسڕیژ لە ڕەبایەکە ، بروسکە ئاسا هەڵمەتی بۆ ڕەبایەکە بردبوو ، لە ناکاو گولەیەک سەرسنگی پێکا، لە شوێنی خۆی دا گیانی سپارد ، عومەر هەڵەدنی ، بە خیرایی تەرمەکەی بە کۆڵ ، گواستەوە، بۆ دوای سەنگەرەکان .
لە مزگەوتەکەی هەڵەدن ، جلەکانیان لە بەر شەهیدەکان داکەند ، بۆئەوەی کفن بە بە باڵایان بپۆشن ،
دەستیان کرد بە گیرفانیای وەستا محەمەدا ، وێنەی دەسگیرانەکەی تیا بوو.؟
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
سەرچاوە و پەراوێز :
1- ئەکاونتی مەحمودی حاجی عومەر
*بۆ ڕۆژی 15 / 2 / 1985 دوای داستانی دابان ، هەلاج، چەرماوەند و ڕۆژانی داواتر ، دەیان فەردە نان و ناوساجی و ئازوقەی جۆراو جۆرو گۆشتی قوتو ، لە جەماوەری شاری سلێمانی و ڕێکخستنەکانی ناو شارو خەڵکی گوندەکان ، بە تراکتۆرو وڵاخ گەیشتنە بارەگای کەرتی ڕێکخستنی دوکان لە ناو گوندی هەڵەدن و بارەگای مەڵبەندی دوو لە گوندی سەرگەڵو.
*ئەم نوسینە کورتە ، تەنیا بۆ یادکردنەوەی، چەند دیمەنێکی ، ئەو داستانەیە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=