ناونیشانی بابەت: هەناردە کردنی نانی تیریی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە
نووسەر: هانی موڕتەزا
نانی تیری یەکێکە لەو نانانەی لە کوردستان درووست دەکرێت و دەخورێت. نانی تیری کە سەرچاوەی درووستکردنی لە لادێکانی کوردستانەوە سەری هەڵداوە، بەهۆی مانەوەی و شێوازی درووستکردنە جوانەکەی وای لێ هاتووە هەناردەی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپی بکرێت. ئەو نانە کە زیاتر لەلایەن خانمانەوە درووست دەکرێت سەرەڕای جوانی و ناسکییەکەی، لە ڕووی تەندرووستیشەوە سوودی هەیە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە سۆدەی تێدا نییە و بۆ ڕیخۆڵە تەندرووستە و بۆ نەخۆشیی کۆڵۆن سوودی هەیە و تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی نەخۆشی شەکرە و پەستانی دڵیان هەیە بەسوودە؛ چونکە لە نانی تیریدا هیچ ڕێژەیەک لە چەوری و شەکر بوونی نییە. پسپۆڕانی خۆراک دەڵێن بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە وەک تەندرووستترین بژاردە نانی تیری و نانی هەورامی هەڵبژێرن.
نانی تیری بەهۆی سادەیی درووستکردنی و بەکارنەهێنانی مەوادی زیانبەخش لە پێکهاتەکەیدا، هەناردەی وڵاتان دەکرێ. لە ساڵی 2022 ڕێژەیەکی زۆر لە نانی تیری کە لەلایەن خانمان و کارگەکانیانەوە بەرهەم هێنرا، ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپی کرا. بەتایبەتیش بەریتانیا و وڵاتانی تری وەک ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و سوید و نەرویج و چەند وڵاتێکی تریش لە بەرهەمی نانی تیریی کوردستان دەکرێن. ئەو ڕێژە نانە تیرییەی هەناردەی وڵاتانی ئەورووپا کراوە لە ساڵی ڕابردوودا 90 هەزار دۆلار بووە. پلان بۆ بە هەناردە کردنی زیاتری نانی تیری و هەورامی لە ساڵانی ئاییندەدا، دانراوە؛ لەبەر ئەوەی خواست لە سەرئەم جۆرە نانە تەنک و سادەیە ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بووندایە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن کارگەی درووستکردنی نانی تیرییەوە بڵاوکراوەتەوە، 8 نانی تیریی هەناردەکراو بەنرخی 2-3 دۆلار دەفرۆشرێت. هەر کیلۆیەک ئارد نزیکەی 10-13 نانی لێ درووست دەکرێت، نانی تیری و نانی هەورامی و جۆ سێ جۆری تایبەتیی نانی تیرین. لە ڕووی کواڵیتیی و کۆنترۆڵی زۆربەی ئەو وڵاتانەی نانی تیری هاوردە دەکەن، کواڵیتییی نانی تیریی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا دەخەمڵێنن. بەکارهێنانی نانی تیری لە وڵاتانی دەرەوە نەک تەنیا لەلایەن کوردەکانەوە بەڵکوو لەلایەن دانیشتووانی ڕەسەنی وڵاتەکەشەوە خواست و داواکاریان لەسەر نانی تیری هەیە.
لە هەمانکاتدا هەناردە کردنی نانی تیری لە کوردستانەوە وای کردووە ڕێژەیەکی باش لە خانمان لەم بوارەدا کار بکەن و نانی کوردی بەرهەم بهێنن، واتا دەستی کارێکی باش بە تایبەتیش خانمان لەم بوارەدا کار دەکەن کە ئەمە کاریگەریی لەسەر بوژاندنەوەی داهاتی تاک و وڵات هەیە.
بەشێک لە کارگەکانی درووستکردنی نانی تیری پەیوەندییان لەگەڵ ئەو کارگانە هەیە کە لە وڵاتانی ئەوروپی نانی تیری بەرهەم دەهێنن و لەوێ دامەزراون، ئەم کارانەش لەلایەن چەند بازرگانێکی کوردەوە بە مەبەستی پتەوتربوونی پەیوەندیی ئابووریی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ کوردستان و بەدەست هێنان و دەست کەوتنی قازانج و بەرز کردنەوەی داهات ئەنجام دەدرێت.[1]