وەزارەتی دارایی ئێراق بەردەوامە لە وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق دەڵێت: هەر توێژێک وردبینی بۆ کرا مووچەکەی دەنێردرێت.
د. #نەرمین مەعروف# ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایگەیاند: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی دارایی ئێراقەوە دەستم کەوتووە، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر بەباشی ئامادەکراوە و وەک ئەوەبووە کە وەزارەت داوای کردووە.
وەزارەتی دارایی ئێراق بەردەوامە لە وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دوای تەواو بوونی وردبینی دەست دەکرێت بە ناردنی مووچە، بەڵام هەر توێژێک واتە فەرمانبەران، خانەننشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی، بەجیا مووچەیان بۆ دەنێردرێت، د. نەرمین وای وت.
ڕاشیگەیاند: هەر توێژێک وردبینی تەواو بوو، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەکەی کە چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی ئێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. [1]