=KTML_Bold=“دەوڵەتی قووڵ” و کارەساتی حەمدانییە=KTML_End=
نووسەر: #سامان ساڵح فەرەج#
ڕۆژی 26ی ئەیلولی 2023 (#26-09-2023#) لە شارۆچکەی حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا، کە ناوچەیەکی کوردستانیی دابڕێنراوە لە هەرێمی کوردستان لە ئێراقدا، لە کاتی گێڕانی ئاهەنگێکی هاوسەرگیرییدا لە هۆڵێکی شارۆچکەکە کاتژمێر 11:30ی شەو ئاگرێک کەوتەوە و کارەساتێکی گەورەی بە دوای خۆیداهێنا. بەگوێرەی لێدوانی مانگی سووری ئێراقی 450 کەس بوونە قوربانی، لەنێویاندا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا.
مەبەستی ئەم وتارە هەڵماڵینی پەردەیە لەسەر لایەنێکی قسەلێنەکراوی کارەساتەکە، ئەویش؛ گۆڕانی ئاگری ناو هۆڵێکە بۆ کارەساتێکی گەورەی مرۆیی-سیاسیی. لێرەدا لەبەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو لەسەر ئەوەی کە دەستی نادیار لە پشتی ڕووداوەکەوە هەبوو بێت، ئێمەش پەنا بۆ گومان و تیۆری پیلانگێڕیی نابەین، بەڵکوو لە ناخی کارەساتەکەوە چەند زانیاریی و ڕاستییەک دەخەینەڕوو لە ڕوانگەی سرووشتی ئێراقی دوای 2003وە.
یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، پاراستنی ژیان و ماڵ و کەرامەتییەتی لەلایەن حکومەتەوە، ئەم مافەش لە واقیعدا خۆی لە سیاسەتی گشتی ڕێکخەر (regulatory public policies) دا دەبینێتەوە، کە بەرنامەی حکومەت بۆ پاراستنی تاک لە ڕێگای ڕێکخستنی بواری گشتییەوە نیشان دەدات. لە نموونەی ئەو بوارانەی دەکەونە ناو ئەم سیاسەتەوە، ڕێکخستن و نەخشەسازیی باڵەخانە و ڕێگا و شوێنە گشتییەکانە، بە جۆرێک کە نەبێتە مایەی مەترسی و زیان بۆ هاووڵاتییان.
حکومەتی ئێراق لە دوای 2003 وە، یەک لەوحکومەتانەیە کە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیدا، کە لە کارنامەی کابینەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا بەردەستن و دەیبینین، شکستی هێناوە. ئەوەی جێی کارنامەکان دەگرێتەوە، سیاسەتی حیزب و گرووپە سیاسییەکانە، کە پاڵپشتە بە بەرژەوەندیی و ململانێ و دەستشکاندنەوەی یەکتری و کاری نایاسایی و نادامەزراوەیی. ئەم دۆخەش بەزیانی هاووڵاتییان شکاوەتەوە و دۆخێکی ناڕێکخراوی لە بواری گشتیدا بەرهەمهێناوە.
ئەو شکستەی لە ئەنجامی سیاسەتی گشتی ڕێکخەر، کە حکومەت لێی بەرپرسە، هاتۆتەکایەوە، کە بووەتە هۆی زاڵبوونی کەس و گرووپەکان بەسەر دەوڵەتدا، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەمە دوو نموونە لەم بوارەدا دەخەینەڕوو:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= شکستی سوپای ئێراق لە پاراستنی پارێزگای نەینەوا و درووستکردنی “#حەشدی شەعبی#” وەک سوپای هاوتەریب بۆ ڕزگارکردنی لە 2014 دا، دەرئەنجامێکی ئەو بارودۆخەیە. بۆیە لێرەدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر خستنەڕووی پرسێک زۆر گرنگە، ئەویش ئەوەیە، ئایا دەکرێت سوپایەکی تەمەن 93 ساڵە شکست بهێنێت کەچی هێزێکی چەکداری تازە درووستکراو جێیبگرێتەوە و سەرکەوتوو بێت؟
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= بەشداریکردنی “حەشدی شەعبی” لە ڕێوڕەسمە ئایینیەکانی ئایینزای شیعە لە پارێزگاکانی باشوور لەبری هێزی پۆلیس، کە ئەوان ئەرکی سەرەکییان ڕێکخستنی سیستەمی گشتییە. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە حەشدی شەعبی وەک هێز لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگرییدا ڕێکخراوە، نەک #وەزارەتی ناوخۆ#.
ئەم دوو نموونەیە سرووشتی ئێراقی دوای 2003 نیشان دەدات کە تەنیا دەتوانێت لە ڕێگای هەڵمەتی سەربازی و نافەرییەوە ئەرکی حکومەت جێبەجێ بکات، نەک لە ڕێگەی دەزگا تایبەتمەندەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان. ئەمەش هیچ نییە جگە لە حکومەتێکی نادیموکراسی و سەربازیی. بۆیە لە دوای پڕۆسەی ڕاپرسی لە کوردستان لە 2017 دا، دەستتێوەردانی سوپا و حەشدی شەعبی و هەڵمەتی داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە ناونرا (عملیة فرض القانون)، واتە پڕۆسەی سەپاندنی یاسا. لە کاتێکدا ئەو ناوچانە دەزگاکانی حکومەتی ئێراق تێیدا کارەکانیان بەڕێوەدەبرد.
ئەوەی کە پێویستە پەردەی لەسەر هەڵماڵدرێت ئەوەیە کە گۆڕینی سرووشتی ئێراق لەو ئێراقەی لەناو دەستووردا هەیە بۆ ئەم ئێراقەی لە واقیعدا هەیە، پڕۆسەیەکی سیاسیی بەرنامە بۆ داڕێژراوە کە دەتوانین بە “دەوڵەتی قووڵ”ی ناوبنێین کە لە پشتی بەشێک لە ڕووداو و کارەساتەکانی ئێراقەوەیە، کە خۆی لەو هەوڵانەدا دەبینێتەوە کە لە دەرەوەی قانون کاری لەسەر دەکرێت بۆ بەدیهاتنی مەرامە تایبەتییەکانیان.
لەناو ئەم هەوڵانەدا، ئابووری، ئەو بوارە جێی سەرنجە چونکە “دەوڵەتی قووڵ” لە ئێراقی دوای 2003 بەتوندیی کاری لەسەر دەکات. لایەنی خراپی ئەم هەوڵانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلانی گەشەپێدانی حکومەت بۆ پیلانی گەشەپێدانی ئابووری و دەستکەوتی “دەوڵەتی قووڵ” دەگۆڕن، کە پەیوەست بە کارەساتی حەمدانیە دەتوانین ئاماژە بە مۆڵەتدان بە پڕۆژە بازرگانییەکان لە دەرەوەی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکان و پێوانەکان ئەنجام دەدرێن، لەنێویاندا ڕەچاونەکردنی بنەماکانی بێوەیی و تەندرووستیی. هێزە سیاسییەکانی ناو “دەوڵەتی قوو”، بۆ پاساودان و بیانوو دۆزینەوە بۆ ئەم کارە نایاساییە، وەڵامی ئامادەیان هەیە، وەک: خێراکردنی پلانی گەشەپێدانی ناوچەکان و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە. هەر لەم بوارەدا چەندین کاری نایاسایی لە جۆری بینای هۆڵی شاییەکەی شارۆچکەی حەمدانییە درووستکراون. ڕووداوی سووتانی نەخۆشخانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئێراق، شایەتی ئەو ڕاستییە دەدەن.
ئەوەی لە کارەساتەکەی حەمدانییەوە وەک ئەنجامێکی سرووشتی کارەکانی ئێراقی دوای 2003 دەخوێنرێتەوە ئەوەیە کە لە “ئێراقی نوێ”دا هەر کەس و حیزب و ناوچە و شار و ئایینزا لە ڕەنگی “دەوڵەتی قووڵ” نەبێت، ئەوا نابێت بەپێوە بمێنێت. ناشبێت بەدەر لە کاریگەریی هێز و ڕەزامەندی “دەوڵەتی قووڵ” بتوانێت خۆی بەڕێوەببات. ئەم پیلانە چەندین ئاڕاستە و بەرنامەی جیاوازیی هەیە، بە جۆرێک ناوی دەوڵەتی ئێراق وەک پاساوی خۆسەپاندن بەسەر هەموو جیاوازییەکان بەکاردەهێنێت و پەلوپۆی دەگاتە سەرجەم ناوچەکان بەناوی یاسا جیاوازەکانی ئێراق. بۆ نموونە، ئەوە لە کۆتایی ساڵی دارایی 2023 داین، بەڵام یاسای بودجەی ئێراق هەتا ئێستا پەیوەستە بە بڕیاری هێزەکانی “دەوڵەتی قووڵ”، نەوەک کارنامەی حکومەت. ئەمە لەکاتێکدایە کە بە گوێرەی زانیارییەکان یەک لەسەر سێی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو لە ئێراق بۆ “دەوڵەتی قووڵ” تەرخان کراوە.
لە کۆتایی وا چاکە ئەو پرسیارە بوروژێنین، داخۆ بۆ دەبێت فەرمانگەی بەرگریی شارستانیی حەمدانییە خاوەنی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە نەبێت. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە لە کاتی ڕووداوەکەدا حەشدی شەعبی بەشداریی ئاگرکوژاندنەوەکە دەکات، تاوەکوو بکرێتە پاڵەوانی پڕۆسەکە.
وەک پێشبینیکردنێک لەسەر بنەمای زانیارییەکان بۆ ئاییندە، ئەوە دەخەینەڕوو کە ئەگەر پیلانی “دەوڵەتی قووڵ” لە ئێراق بگاتە ئەنجام، ئەوا ئێراق وەک وڵاتێکی فرەڕەنگ و فیدڕاڵیی کۆتایی پێدێت. [1]