ناونیشانی هۆنراوە: بلوێرەکەم
هۆزانەوان: #جەلادەت بەدرخان#
داڕشتنەوەی: ڕێبین محەمەد
بلوێرە شیرینەکەم
تۆ لە ساردیی سپێدە و
زەردەپەڕی ئێوارەدا
ھاوڕێی بێھاودەمانیت،
دەستەبرای شوان و دڵدارانیت
دەنگی تۆ
ڕۆندکی دڵە زامدارەکان و
سڵاوی لێکدابڕاوان و
گرین و زاری دڵدارانم
بیر دێنێتەوە،
بلوێرەکەم تۆی
غەمڕەوێنی دەربەدەرانی دونیا،
ئەی سەدای بلوێرەکەم
چیا و کوێستانە بڵندەکان
کانیاوی خەمڵیو بە گوڵ و ڕەیحان
گوێی ئەشکەوت و سەری زناران
بیسەری تۆنە
سڕیی بای شەماڵە
وا دەتگەڕێنێ بە نێو گەڵای درەختەکان..
دە وەرە بلوێرەکەم
با بەسەر ئەم چیا بەرزەوە
هەڵبفڕین
ببینە ھاوسێی بایە تووشەکان
ھاوڕێی دوندەکانیان
دوندەیلی نێو تەموتوومان،
لەوێ ھاوار بکەین
با زیڕەی دەنگمان
بڕژێتە نێو قۆرتاڵ و دۆڵەکان
جەستەی خاکی ژێرەوە با بھەژێنێ
با شەپۆلانی ئاوی حەفتڕەنگی غەمزەباز
شیوەنی ئێمە
بە دەشتی سرووچ و دیاربەکر بگەیێنێ
بەر لە مێرخاسانی بەرازان و
ناڵەی بەرخەکان
ھەموو حیلەحیلی ئەسپەکان
بھێننەوە بۆ مان
بلوێرەکەم
بنواڕە و گوێ ڕادێرە
وا خۆر ئاوا بوو
ئەستێرەی ئێواران گەش بوو
شەددەی چیا بۆرەکان و
جببە سۆر و زێڕینەکانیان
ھاتن و بەسەرچوون؛
شەپۆلانی ئاوی ڕەشەشەوان
کەوتوونە دەشت و دۆڵەکان
ھەتا تەپک و گردۆڵەکان
بەردەکانیش لە بیاباندا ھەڵدەخەڵەتێنن پێی شەوگەڕان
لە بێدەنگیی شەودا،
وا دێت دەنگی تەپەتەپی پێی مێرخاسان،
بلوێرەکەم دەنگت ھەڵێنە
دونیا وەک منداڵێکی بەرشیر
کەوتە نێو لانکەکەی خۆی
شمشاڵەکەم
دەنگت ھەڵێنە
بۆی بژەنە
خەمانی بڕەوێنە!
تۆی بلوێری من!
غەمڕەوێنی دەربەدەرانی دونیا
کاتێ ڕۆژ ھەڵدێ و لەخەو ھەڵدەستێ
سترانی ئازادی و سەربەستیی کوردستانمان
بۆ بژەنە
با دەنگی ئەم سترانە
وەک تیڕۆژە پاک و زێڕینەکان
بکەوێتە نێو دڵ و گوێمان
بلوێرەکەم
ھەر تۆی غەمڕەوێنی عاشقانی نیشتمان!
سەیدایێ گەڕۆک (جەلادەت بەدرخان)
(گۆڤاری ھاوار؛ ژمارە 32، ساڵی 1942، شام) [1]