=KTML_Bold=لە دزینی نیشتمان بۆ دزینی گۆرانی و میوزیک “ئەی نیشتمان”ی حەسەن زیرەک چۆن بووە “مارشی ئەنکەرا”ی تورکیا؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
کەم کەس هەیە گوێبیستی سروودە بەناوبانگەکەی #حەسەن زیرەک#، “ئەی نیشتمان”، نەبووبێت. ئەو سروودەی بە هەستێکی قووڵ و نیشتمانییانە باس لە خۆشەویستیی بۆ خاک و وڵات دەکات، بەڵام هەر هەمان سروود بە هۆنراوەێکی تورکی بووەتە “مارشی ئەنکەرا” و زۆرجاریش وەکوو “مارشی میللی تورکیا” ناوی دەهێنرێت، کە یەکێکە لەو سروودانەی تورکەکان شانازی پێوە دەکەن. ئەو پرسیارەی کە ئەم بابەتە دەیەوێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە، داخۆ ئەو سروودە لە بنەڕەتدا کوردییە و تورک دزیویانە؟ یان تورکییە و حەسەن زیرەک بردوویەتی؟ هاوکات هەوڵدەدەم کە هەوڵەکانی تورک و دەوڵەتی تورکیا بخەمەڕوو کە بە مەبەستی سڕینەوەی کلتور و شوناسی کوردی داویانە لە دزین و گۆڕینی ناسنامەی میوزیک و گۆرانی و میلۆدی کوردی و بەتورککردنیان.
=KTML_Bold=مێژووی ئاوازی ئەو گۆرانییە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟=KTML_End=
ئەگەر بەدوای سەرچاوەی ئاوازی ئەو گۆرانییەدا بگەڕێیت، ئەوە هیچ سەرچاوەیەکی تورکی باس لەوە ناکات ئاوازەکە بەر لە حەسەن زیرەک هیی کێ بوو بێت یان کێ گوتبێتی. بەڵام هۆنراوەی گۆرانییە تورکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ پارچە هۆنراوەێک بەناوی “سەیری بەردی ئەنکەرا بکە”، کە لە 1919 دا لەلایەن “محەمەد عەلی ئەرتەکین”ەوە نووسراوە، کە هەر ئەوکات وەکوو هۆنراوەێکی نیشتمانی ناوی هاتووە.
جیا لەوەش، تورکەکان باس لەوە دەکەن کە ئاواز و هۆنراوەەکە لە سەردەمی وەحدەدین سوڵتانەوە نووسراوە و ئەوکات بەناوی “عوسمانیی”ەوە گوتراوە. وەحدەدین سوڵتان دوا سوڵتانی عوسمانییەکان بوو کە لە 1918 دا بوو بە سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی، کەچی لە #17-11-1922# دا دوای فشار لەلایەن مستەفا کەمال تورکیای بەجێهێشت و چووە ئیتاڵیا. دەیوت گیانم لە تورکیا پارێزراو نییە. دوای مردنی لە 1926، مستەفا کەمال ئەتاتورک، یەکەم سەرکۆماری تورکیای نوێ، نەیهێشت تەرمەکەی بهێننەوە بۆ تورکیا و بەناچاری بردرایە شام و لەوێ نێژرا. گوایە ئەو سروودە لە سەردەمی ئەودا گوتراوە، بەڵام هیچ ڤیدیۆیەک یان بەڵگەیەک نییە کە ئاوازەکە لەو سەردەمەدا گوترابێت.
=KTML_Bold=کەی ئەو سروودە لە تورکیا ناوبانگی دەکرد؟=KTML_End=
ئەسین ئانگین، کە یەکێکە لە گۆرانیبێژە ناودارەکانی تورکیا و لەسەر شێوازی پۆپ میوزیک گۆرانی دەگوت. ئەو لە 1968 دا یەکەم ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، دواتریش لە 1974 دا ئەلبوومی “سەیری بەردەکانی ئەنکەرا بکە”ی بڵاوکردەوە، کە لەو ئەلبوومەدا ئاوازەکەی سروودی “ئەی نیشتمان”ی “حەسەن زیرەک”ی بەکارهێناوە، کەچی وەک ئاوازێکی فۆلکلۆری تورکی ناوی ئاوازەکەی هێناوە.
لە تورکیا قسە زۆر لەسەر ئاوازی ئەو سروودە دەکرێت، هەندێک پێیان وایە تورکییە و حەسەن زیرەک بردویەتی. هەندێکیش پێیان وایە، ئاوازەکەی کوردییە و حەسەن زیرەک دایناوە و تورکەکان بەئاشکرا دزیویانە. بەڵگەش ئەوەیە، ئەگەر ئاوازەکە تورکییە، بۆچی تا ئەسین ئێنگین ئەو سروودەی لە 1974 بڵاونەکردەوە سروودەکە ناوبانگی لە تورکیادا بە هیچ شێوەیەک نەبووە. ئەگەر پێشتر گوتراوە و ناسراوە و ناوبانگی هەبوو، ئەی ئەوە چۆنە تازە بەو شێوەیە خەڵک پێشوازی لێ دەکات.
شێخ مووس دیکەن، نووسەری دیاری تورکیا و باکووری کوردستان، لە 2015 دا وتارێکی لەبارەی بنج و بنەوانی ئاوازی سروودی “ئەی نیشتمان”ی حەسەن زیرەک نووسیوە. شێخ مووس، دەڵێت گۆرانییەکە ئاوازەکەی موڵکی “حەسەن زیرەک”ەو تورکەکان دزیویانە، وەکوو چۆن و ناو و ئاو و خاک و جوگرافیا و مێژووی کوردیان دزیوە، ئەو گۆرانییەشیان دزیوە. لە بەشێکی وتارەکەیدا دەڵێت: هۆکاری وتنی ئەو سروودە بە دەنگی حەسەن زیرەک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە 1946 کۆماری کوردستان لە #مەهاباد# دەڕوخێنرێ، ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر زیرەک درووستکردووە، بۆیە ئەو سروودەی داناوە و ئاواز و هۆنراوەەکەش هیی خۆیەتی.
=KTML_Bold=ئەمە نە تاکە دزییە و نە دوا دزیی=KTML_End=
لە ڕاستیدا پێشتر و دواتریش تورک ئاوازی کوردی دزییە و کردوویە بە موڵکی خۆی. ئەگەر بەوردی و لێکۆڵینەوەی جیدی بکرێت لە تورکیا، بەوەی تورکیا چەند ئاوازی کوردی بردووە و کردوویەتی بە موڵکی خۆی، ڕەنگە دەیان، ئەگەر نەڵێین هەزاران، ئاواز دەربکەوێت، کە ئەسڵی ئاوازەکە کوردییە و تورک بە کردویەتی بە هیی خۆی و ئێستا بە موڵکی خۆی دەزانێت. دەکرێت چەند نموونەیەک بهێنینەوە.
گۆرانیی “قەرە زیندان” کە گۆرانییەکی بەناوبانگی “ئیبراهیم تاتڵیساس”ە، کە فیلمێکی سینەماییشی هەر بەناوی ئەو گۆرانییەوە کردووە. ئەگەر گوێ لە گۆرانییەکە بگریت، بۆت دەردەکەوێت کە ئاوازەکەی لە گۆرانی “مامە گیانی مامەی” عەلی مەردانەوە وەرگیراوە. بەداخەوە تاتڵیساس لە ئەلبوومەکەیدا نووسیویەتی ئاواز: ئیبراهیم تاتڵیساس! گۆرانیبێژی گەورەی کورد ناسری ڕەزازی، زۆر بەجوانی گۆرانیی مامە گیانی مامەی گوتوەتەوە و لەوێدا ڕوونی کردووەتەوە کە تاتڵیساس گۆرانییەکەی دزیوە و ناوی خۆی لەسەر داناوە.
گۆرانی “نەسرین ئەمڕۆ بەهارە”ی تاهیر تۆفیق، کە یەکێکە لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی کورد، کەچی تورک ئاوازی ئەو گۆرانییەشیان دزیوە و بەناوی فولکلۆری تورکی بەجیهانیان ناساندووە. بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون کۆپلەیەکی هۆنراوەی گۆرانییەکەشیان بردووە و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان کردووەتەوە. هۆنراوەە کوردییەکە دەڵێت “نەخۆش کەوتم نەهاتیت گیانە، وادەی ڕوح کێشان وەرە”. نووسخە تورکییەکە دەڵێت “هەستە دوشتم گیالمەدین ئانە، باری جان ڤێرانە گیال”، ئەو دێڕە هۆنراوەە تورکییە، ڕێک ماناکەی ئەو دێڕە کوردییەیە. ئەوەی تورکی بزانێت دەزانێت کە هەردوو دێڕەکە یەک مانایان هەیە. پرسیار ئەوەیە، باشە ئەگەر ئەو گۆرانییە ئاوازەکەی فۆلکلۆری تورکییە، بۆچی بە هۆنراوەێکی تەواوی تورکی نایڵێنەوە و بۆچی دەبێت، ئەو دێڕە هۆنراوەەی ئیبراهیم ئەحمەد ببردرێت و ئەویش هەر بەناوی خۆیانەوە بڵاو بکەنەوە.
کاتێک ئەو نموونانە هەن و بەرچاون، دوو دڵ نابین لەوەی بڵێین، گۆرانیی “ئەی نیشتمان”ی حەسەن زیرەک، تورک بردوویەتی. لە ڕاستیدا نەتەوەی بێدەوڵەت نە خاوەنی خاک و نیشتمانییەتی نە گۆرانی و میوزیک، بۆیە تورکەکان ئەو گۆرانییانە هەر بەناوی خۆیانەوە بڵاو دەکەنەوە.
نەشئەت ئێرتاش، بە یەکێک لە گۆرانیبێژە هەرە بەناوبانگ و گەورەکانی تورکیا ناوزەد کراوە، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بەڵام خاوەنی دەیان ئاواز و تێکستی تایبەت بەخۆیەتی. لەناو میوزیکی تورکیا، وەکوو گۆرانیبێژێکی باڵا و ڕەسەن ناوی دەهێنرێت، بەڵام ئەویش گۆرانی حەسەن زیرەک و ڕۆستەم ئیسکۆی بردووە و بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردووەتەوە. چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، چەند نووسەرێکی تورک نووسیبویان دووچاری سەرسووڕمان بوین کاتێک زانیمان نەشئەت ئێرتاش گۆرانی کوردی بردووە و بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردۆەتەوە.
گۆرانیی “من تە دیت بوو”ی ڕۆستەم ئیسکۆ لە 1968 بڵاوکراوەتەوە، نەشئەت ئێرتاش ئاوازەکەی بردووە و بەناوی “گۆنوول داغی” لە 1971 دا بڵاوی کردووەتەوە، کە بە یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی ئەو دادەنرێت. بەهەمانشێوە، گۆرانی “رێام دوورە”ی جوان حاجۆ کە لە 1970 بڵاوکراوەتەوە، نەشئەت هەمان ئاوازی بردووە و بەناوی خۆیەوە لە 1989 دا بەناوی “تاتڵی دیلە گولەر یوزە” بڵاوی کردووەتەوە.
خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەرشیڤی ڕۆژنامەی “باسنیوز” بەشی تورکی، کە ئەوکات بەبەڵگەوە باسیان لەو گۆرانییەی حەسەن زیرەک کردبوو کە نەشئەت ئێرتاش بردبووی و بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردبووەوە.
سێداد ولوگانە، لە وتارێکدا باس لە چەند گۆرانییەکی تورکی دەکات، کە ئەسڵی گۆرانییەکە کوردییە و تورک دزیویەتی، نموونە بە گۆرانی ئامان دکتۆر و یەڵا شۆفێری حەسەن زیرەک دەهێنێتەوە کە ئیبراهیم تاتڵیساس دزیویەتی و کردویەتی بە تورکی و بە هیچ شێوەیەک نەیگوتوە ئەم گۆرانییە کوردییە. نووسەر نموونە بە چەند گۆرانییەکی تریش دەهێنێتەوە.
ئەو ئاماژە دەدات، دوای درووستکردنی کۆماری تورکیا لە 1923، یەکێک لە کارەکانی کۆماری تورکیا ئەوەبوو، بچن لە ناوچەی ئەنادۆڵدا (واتە کوردستان و ئەرمەنستان) بگەڕێن، هەرچی داستان و ئاواز و فولکلۆری کورد و ئەرمەن و سریانییەکان هەیە وەریبگێرنە سەر زمانی تورکی و وەکوو تورکیی بە جیهانی بناسێنن. بۆیە لەو کاتەوە سەدان گۆرانی کوردی لەلایەن تورکەکانەوە دزراوە و بەناوی فۆلکلۆری تورکییەوە بڵاویان کردووەتەوە و خەڵکیان پێ چەواشە کردووە. [1]