=KTML_Bold=جەنگی گێڕانەوەکان و وتاری خۆبەقوربانیکردن=KTML_End=
#نەوزاد جەمال#
لە دووهەفتەی پێکدادانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیلدا، ئەوەندەی جەنگەکە لە گۆڕەپانەکاندا گەرمە، دەهێندەش لەسەر تۆڕەکانە بەجۆشە. جەنگێکی دیجتاڵی توند وایکرد دیمەنەکانی جەنگەکە سەرگەرمکەرەیەکی بەکاربەرانی تۆڕەکان بێت. بەکاربەران بە پاڵنەری جیاواز خۆیان لەو جەنگە هەڵدەقورتێنێنن و کاردانەوە دەنوێنن.
ئیسرائیل کە توانایەکی دیاری لەتەکنۆلۆجیای نوێدا هەیە، بە لەشکرێکی سایبەری سیستماتیکی کاردەکات. حەماسیش (پاڵپشتەکانی) کەناڵەکانی خۆی بۆ جیهادی دیجتاڵی خسووەتەسەرپشت و بەتایبەت لە تۆڕەکاندا بەهەموو جۆرێک دەیەوێت سەرنجی ڕای گشتی جیهان بەتایبەت “مسوڵمانان” بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
دیمەنی گریانی منداڵ و ژن و هاواریان، داڕمانی باڵەخانە و توڕەیی فەلەستینییەکان تۆڕەکانی تەنیوە. هاوکات هاووڵاتییانی ئیسرائیلیش و لۆبییەکانیان لە جیهاندا بەهەمان شێوە، وێنەی قوربانی و کوژراوەکانیان هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماسەوە لە جیهاندا زەقکردەوە.
بەڕای من پرسەکە لەوەدایە کە ئێمە لە بەردەم تۆخکردنەوەی وێنەی “قوربانیدان” و بکەری قوربانیخەرەوە بزردەکەین. چونکە، لە دووبەرەی جیاواز و دژبەیەکدا، هەر بەرەیەک ئەوی تری دەکاتە ئامانج و خۆشی وەک قوربانی پیشاندەدات.
لێرەدا ئەوەی قوربانی پێئەدرێت، چەمکی قوربانییە. حەماس تا ئەو کاتە خۆی بەقوربانی دائەنێ، کە فەلەستینیەک لە خوێندا گەوزابێت، بەهەمان شێوە ڕاستڕەوێکی پەڕگیری ئیسرائیلی تا ئەو جێگەیە خۆی بەقوربانی دائەنێ، کە ئیسرائیلەک کوژراوە. بەڵام هەردوولا بەڕووی یەکتردا دەستکراوەن و بێسڵکردنەوە دەست دەوەشێنن.
لەوەش سەیرتر، بەکاربەرانی تۆڕەکان هەریەکەو خۆی لە بەرگی یەکێک لەلایەنەکانی جەنگەکەدا بەقوربانی دەزانێت. بۆیە، لە سەرانسەری جیهاندا بەکاربەرەکان وەک ئەوەی هیچ کاروپیشە و خەمێکیان نەبێت، ڕۆژانە دیمەنەکانی جەنگەکە شەیردەکەن و هەڵویست دەرئەبڕن.
تۆڕەکان هێندەی دیمەنی وێرانکاری جەنگەکە، بێتام و ناشرین بوون. بارگاویین بە توەڕیی، ڕکوکینە، هەڵچوونی نائەقڵانی و زیادەڕەویی لە پەرچەکردا تا ڕادەی ئەوەی لە ڕێی وێنەی قوربانییەکانی فەلەستین یان جوەکانەوە، بەکاربەرێ ڕکوکینەی ئایینی و ئایدۆلۆجی خۆی خاڵیبکاتەوە.
لەولاشەوە، هەواڵ و زانیاری ساختەش بووەستێ، پڕوپاگەندە و پشتبەستن بە تێوری پیلانگێڕیی و بەشەیتانکردنی ‘ئەوی تر’ لە برەودایە. لەو سۆنگەوە، ڕەفتاری پەڕگیر و بناژۆخوازێکی ئیسلامیی لە ڕاستڕەوێکی ئایینی ئیسرائیلی یان ئەمریکی جیاوازترنییە. ئەو دووجەمسەرە دژیەکە، چەندە لە هەوڵی سڕینەوەی یەکتردان، ئەوەندەش لە پەیوەندییەکی یەکترتەواکەردان. چونکە، خۆراکی مانەوە و داشۆرینی مێشک و وزەی خەڵک لەخۆگردکردنەوە بەیەکتر دەبەخشن. ئیدی، ئەوەندەی وزەی پێویستی مانەوە بەیەکتر دەبەخشن، هێندە هەوڵی ڕەهای یەکتر قڕکردنیان نەداوە. جەنگ بۆ هەردوولایان، گەمەیەکی وابەستەییە کە دەبێت بەردەوامی هەبێت.
لە بۆچوونە سادەکەدا، تۆڕەکان سەکۆیەکی درووستکردنی ڕای گشتی جیهانین سەبارەت بە ڕاستی و ڕەوایەتی ڕووداو و پرسێک. بەڵام، هێندەی تۆڕەکان ئامرازی ئاڕاستەکردنی هۆش و ئاگایی جەماوەرن بەرەو وتارێکی ‘حەماسیی’ یان ئیسرائیلی، هێندە کار لەسەر ڕاستی ڕووداوەکان نییە.
ئیتر، تۆڕەکان زۆنگاوێکن بۆ جەنگاندن بە شێوازی جیا. چیتر، ئەو سەکۆ دیجیتاڵیانە لەپێناو گەیاندنی دەنگوڕەنگە ڕاستەکە نییە. بەڵکو، ئامانج درووستکردنی وتارێکن سەبارەت بە ڕەوایەتی گێڕانەوە مێژوویی و ئایینیەکان.
لە گێڕانەوەکانیشدا، بەردەوام لایەک کردەوەکانی خۆی بەهەق دەزانێت و داکۆکیکردن بەپیرۆز دادەنێت. هاوکات، ڕەفتارەکانی ئەوی تری نەیار، بە ناحەز و بەدەستدرێژیکەرێکی بێبەزەیی و دڕندە وێنادەکات.
وەکچۆن نایەکسانییەک لەنێوان هێزوتوانای فەلەستیینیەکان و ئیسرائیلییەکاندا هەیە، ئاوەهاش لای فەلەستینی و لای خەڵکی ئاسایی بەکارهێنانی تۆڕەکان هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی میدیا کاریگەرەکانی جیهانی/خۆراوا لەسەر ڕووداوەکان. چونکە، وەکچۆن سیاسەتی زلهێزەکانی خۆراوا لایەنگیریە، ڕووماڵکردنی جەنگەکەش بێلایەنی کەمی پێوە دیارە.
ئاژانسە میدیایە گەوەرەکانیش نەک هەر کەوتنە داوی گەمەکەوە، بەڵکوو وەک بەرەیەکی تری جەنگ بۆ ڕاکیشانی سۆزی جیهانی هەوڵدەدەن. لە ڕۆژانی یەکەمی جەنگەکەوە، ئەو ئامانجەیان پێکا. شاراوەنییە، ئاژانسە جیهانییەکان بە سەرمایەی کۆمپانیا سەرمایەدارەکان هەڵدەسووڕێن.
بۆیە، ئەو میدیایە نەک هەر ئامادەکردنی ڕای گشتی هاووڵاتییانی ئەوروپا و ئەمریکا بوو، بەڵکوو هاندانی حکومەتەکانی ئەورپا و هێزەکانی تریش بوو بۆ لایەندارییکردنی ئیسرائیل.
ئەگەرچی کڵپەی جەنگەکە لەسەر زەوی بوو، بەڵام، دەنگدانەوە زرمەکەی لە میدیا جۆراوجۆرەکاندا بوو. ئاخر، ساڵانێکە، ڕەنگە دەیەک پتریش بێت، پرسی فەلەستین گەرموگوڕیەکەی جارانی نەمابوو. بەڵام، ئەم پێکدادانە گەشانەوەی پشکۆیەکی ماتبوو کە تەنانەت سەرنجی لەسەر گەورەترین جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لابرد.
هەر بۆخۆی کردنەوەی بەرەیەکی تری جەنگ لە خۆرهەڵاتدا دوای سوودان، ئاماژە و ژێدەری ڕوونی تێدایە. زلهێزەکان دوای پەتای کۆرۆنا، ستراتیجیەتی هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی چۆکدادان بەنەیارەکانیان هەڵبژارد.
لەیەکەم ڕۆژی پەلامارەکەی کەتابیبی قەسام بە بەزاندنی دیواری ئاسنینی ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی ڤیدۆکان، هەوڵێک بوو بۆ دەرخستنی نەبەردی و بوێری چەکدارەکانی لە بەرانبەر دەوڵەتێکی تۆکمەی وەک ئیسرائیلدا. بەڵام هەر هەمان دیمەن، خزمەتی بە ئیسرائیل کرد و وەک قوربانییەکی نائاگا پیشاندرا.
لێکدانەوەی دیمەنی هێرشەکان زۆر کەسی دووچاری دۆشدامانکرد. تەنانەت ئێستەش وەک مەتەڵێکە کە ئاخر چۆن تەکنۆلۆجیا سەربازییە پێشکەوتووەکەی ئیسرائیل بەفریای نەکەوت؟ لێرەوە، میدیا و تۆڕەکان بوونە جێی هۆنینەوەی کۆدەکان. هەندێک دەڵێن ئەوە هەر لە بنەڕەتەوە تاکتیکە بۆ جەنگێکی پلان بۆ درێژراو تا ئیسرائیل خۆی وەک قوربانییەک دەربخات. یان ئەووترێ سوپا و دەزگا هەواڵگیریەکان لە شۆکدان کە ئاخۆ دەکرێت کەلێنێک لە سیستمەکەیاندا هەبێت. ئەوانەو زۆرشتیتریش کە دەکرێت ڕاستبن یان نا.
بەڵام، لەسەر ئاستی تۆڕەکان و میدیا جیهانییەکان، ئیسرائیل وەک قوربانییەک کە هێرشی کراوەتەسەر وێناکرا. بۆیە، مافی هەموو بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی دەبێت ڕەوابێت. ئێستە هەرچییەک کە سوپای ئیسرائیل دەیکات، لەژێر حوکمی ئەو گێڕانەوەی کە لە ڕۆژی یەکەمەوە هەیە؛ ئیسرائیل بەرگریکارە نەک دەستدرێژیکەر.
بەپێچەوانەوە، کەتایبی قەسام، هێرشەکەی وەک زەبرێکی قایم و گورزێکی کوشندە پیشاندا تا جیهان بە هەڵمەتەکەیان سەرسام بێ کە چۆن ئاودیوی کەرتی غەزەدەبن. لای ‘رای گشتی ئیسلامی’ وەک پاڵەوانی خۆبەختکەر دەرکەوت. هەروەها، لەسەر ئاستی نێوخۆی فەلەستینیش وەک تاکە نوێنەری دۆزەکە خۆی دووپاتکردەوە.
بەڵام، وەکچۆن لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکاندا تەرمی بێسەروشوێن هەیە، ئاوەهاش لە پشت پەردەی ئەو جەنگەوە بازرگانانی جەنگ، ڕابەرانی شەڕهەڵگیرسان هەستی ئایینی و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیان قۆستەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەجێنداکانیان.
لە تۆڕەکاندا باس لەجەنگی نێوان دوو ئایین دەکرێ، بەڵام لەژێرەوە بەرژەوەندییەکی سیاسیی پۆخڵ پڕۆژەی نوێ دادەڕێژێت. جەنگ، چەندە ماڵوێرانی و داڕمانی بەهاکانی مرۆڤبوونە، ئامرازێکی گرنگی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ئابووریی و ستراتیجیشە.
خەڵکانێکی زۆر کە بەدیار دیمەنی منداڵ و ژنەکانی غەزە یان ئیسرائیلییەکانەوە شیوەن دەگێڕن، ڕاستی پشتەوەی وێنەکان نابینن. چونکە، لە تۆڕەکاندا وێنەکان نەک هەروە وەک جێگرەوەی ڕاستییەکان دەردەکەون، بەڵکوو وەک تاکە ڕاستییەکی حاشانەڵگرن دەردەکەون. بۆیە، هەموومان بەهۆیانەوە، هەست بەبرینداریی مرۆڤبوونمان دەکەین.
بەڵام، دواجار هەموومان تەلەڤزیۆن و مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان کوژاندەوە و هەریەکە لەسەر جێی نەرمی خۆی نووست، لەولاشەوە منداڵ و دایک و باوکی قوربانییەکانیش لە کەلاوە و ئاوارەیی و بێئاویی و بێڕووناکییدا بەجێمان! [1]