=KTML_Bold=ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان: هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی1983ی نێوان تورکیا و ئێراق=KTML_End=
#ستارە عارف#
دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان چەندین پەیمانی دووقۆڵی و چەندقۆڵی ئاشکرا و نهێنییان بۆ لەناوبردنی کورد ئیمزا کردووە، لە نموونەی پەیمانی سەعد ئاباد لە #08-07-1937# لەنێوان ئەفغانستان و ئێراق و ئێران و تورکیا بۆ دوورخستنەوەی جموجووڵی بزووتنەوەی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە دواتر بوو بە پەیمانی بەغدا. “لە #04-07-1937# ئێراق و ئێران ڕێککەوتنێکیان دەربارەی سنووری هاوبەشیان واژۆ کردووە، ” مەبەستی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆیان نەبووە، بەڵکوو ویستویانە ڕێگە لە گەشەکردنی بزووتنەوەی کوردی بگرن و قەڵاچۆی بکەن بۆ ئەوەی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان گەشە نەکات.
بۆردومانکردنی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لە دوای درووستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە بە بەرنامە دەستی پێ کردووە، لەم ساڵانەی دواییشدا لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری تەکنۆلۆجیای سەربازی و سیخوڕیی، تورکیا بە درۆن هێرشی دڕندانە بۆ سەر باشووری کوردستان درێژە پێدەدات. ڕۆژانە بە بیانوی بوونی #پەکەکە#وە خاک و کوردی باشووری کوردستان دەکوژێت و جینۆسایدی دەکات. هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکیش نییە سنووری بۆ دابنێن و وەڵامی بدەنەوە. بەپێچەوانەوە هەموویان چاوساغی بۆ پیلان و تاوانەکانی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بخەنەوە ژێر چەپۆکی داگیرکارانەی ئێراقی عەرەبییەوە. بۆیە لەگەڵ درۆنبارانکردنی تورکدا، بەعەرەبکردنی کوردیش لە باشووری کوردستان زۆر بە بەرنامە سەریهەڵداوەتەوە، یاخود دەتوانین بڵێین لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی #بەعس#ی ئێراقەوە ڕانەوەستاوە و چڕتر و ڕێکخراوتر درێژەی هەیە.
لە 1983 دا لەنێوان دەوڵەتانی ئێراق و تورکیادا ڕێککەوتننامەیەک واژۆ کراوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەردوو وڵات بۆیان هەیە بیست کیلۆمەتر لە ئاسمانەوە و پێنج کیلۆمەتر لە زەوییەوە بێنە ناو خاکی یەکترییەوە مەبەستیشیان تەنیا خاکی کوردستانە. تورکیا سوودی لەو ڕێککەوتنە وەرگرتووە و ئێراق بۆی نییە، واتە تورکیا ڕێگە بە ئێراق نادات هێرش و دەستدرێژی بۆ ناو تورکیا بکات و ئەو هێز و دەستەڵات و بەرژەوەندیشی لەوێ نییە. ئێراق بۆیە تا هەنوکە لەسەر ڕێککەوتننامەکە بەردەوامە و نیگەرانی نییە چونکە لەشکرکێشی و سنووربەزاندن و بۆردومان و درۆنبارانەکەی تورک تەنیا بۆ سەر کورد و خاکی کوردستانە. ئێراق بەو سیاسەتە سەربازییەی تورک دژی کورد هاوکار و خۆشحاڵە چونکە لە دیدی بەغداوە تورکیا لەجیاتی ئێراقیش کوردی باشووری کوردستان سەرکوت و کۆمەڵکوژ دەکات، بەغداش بەرنامەی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێش خۆی لە دژی کوردی باشووری کوردستان فاشیانەتر دەستداوەتێ.
هێرشەکانی تورک لە سەرەتای ساڵی2020 دا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، بەتایبەتیی ئەو هێرشانەی بۆ سەر ناوچەی کانی ماسی و شارباژێڕ و شەنگاڵ، کە شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک کوردی بێ چەک و مەدەنی لێکەوتۆتەوە و کاردانەوەی زۆر گەورەی هەبوو و وێنە و ڤیدیۆکانی هێرشەکان بە کاربەدەستانی ئەمریکا گەیشتووە. لەو ئانووساتدا پەیامنێری کەناڵی (NRT) ڕاپۆرتێکی لەبارەی بێدەنگی بەرپرسانی ئەمریکاوە ئامادە کردبوو. لەبەر ئەوەی کەسانێکی زۆر لە دەستەبژێری ئەمریکی لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و کۆنگرێس پرسیاری بێدەنگی کاربەدەستانی ئەمریکایان لە بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، یان وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن بۆ سەر سەروەری ئێراق، لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و ئیدارەی دۆناڵد ترامپ و کۆنگرێس و ئاستە باڵاکانی ئەمریکا ئەم بابەتە وروژێنرا و داوای شکاندنی بێدەنگی ئەمریکا کرا. بەمجۆرە وەڵامی پەیامنێرەکەی (NRT) یان دایەوە، “بێدەنگی ئەمریکا لەسەر دوو ئاستی جیاواز شکاوە و هەڵوێست هەیە و تاڕادەیەک لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە بێدەنگی لە بەرژەوەندی تورکیا هەیە و دەبوایە ئەمریکا پشتیووانی تورکیای بکردایە بەحوکمی ئەوەی هاوپەیمانێتی، بەڵام ئەمریکا هاوکاری ناکات و کەواتە بێدەنگ نییە، کۆمەڵێک کۆنگرێس وتبویان هێرشەکانی تورکیا شکاندنی سەروەری ئەو هەرێمەیە و پێویستە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس دانیشتن بکرێت و ئەمریکا نابێت ئەمە لە تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ پەسند بکات.”
دەرەنجام ئەوەی لێی هەڵهێنجێنرا بوو ئەوە بوو، بەگوێرەی ڕای دەرەوەی ئەمریکا، بێدەنگی ئەو وڵاتە بۆ چەند هۆکارێک بەتایبەتیی بۆ ئەو هۆکارە سیاسی و یاساییانەی نێوان ئێراق و تورکیا دەگەڕێننەوە، کە ئەمانەن:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= بابەتی گرێبەستە پەنجا ساڵییەکەی نێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# (پارتی) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)یە لە تورکیا، کە وەک سیاسەتمەدار و شارەزایانی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، وەک زانیومانە گرێبەستی وزەیە، بەڵام وردەکاری نازانین و لەوانەیە بەشێکی تایبەت بێت بەدۆسیەی ئەمنی.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= بێدەنگی ئەمریکا لەسەر ئەو هێرشانە بۆ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی نێوان ئێراق و تورکیا دەگەڕێتەوە، کە لە 1983 دا واژۆیان کردووە. ئەگەر ئەمریکا بێدەنگ بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئێراق لە ئەمریکا بێدەنگترن چونکە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان پشتی بەو ڕێککەوتنە بەستوە، کە تا ئێستا هەڵنەوەشێنراوەتەوە و ئێراقیش هاوکاری تورکیایە و لە پەلامارەکانی بێدەنگە. هەرێمی کوردستانیش بێدەنگە و هەوڵی هەڵوەشاندنەوی پەیمانەکەی نێوان هەردوو وڵاتی نەداوە و کاری بۆ نەکردووە، گوتووشیانە تورکیا لە ئێراق پرسی تیرۆری هەیە، مەبەستیان پە*کە*کەیە بۆیە ناتوانین ڕێگەی لێبگرین.
کەواتە پەکەکەیش هێندەی هەردوو پارتی و یەکێتیی و دەوڵەتی ئێراق بەرپرسیارە لە جینۆسایدکردنی باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، چونکە ئەگەر خاسی کوردی باشووری بوێت، مادام ناتوانێت یان نایەوێت بەرگری لە کوردی باشوور لە بەرانبەر هێرشەکانی تورک بکات، خۆ دەتوانێت کەمێک لەو بیانوانەی تورک لە باشوور کەمبکاتەوە. بۆ ئەوەی ڕای گشتی باشووری کوردستانیش بتوانێت بە ڕای گشتی دەرەوە و ناوەندە جیهانییەکان ڕابگەیەنێت کە تورکیا هیچ بیانوییەکی بۆ لێدان لە خاکی باشووری کوردستان نییە و دەبێت ڕێگە لە هێرش و پەلامارە بەردەوامەکانی بگیرێت و داوای هەڵوێستیان لێ بکرێت. ڕاستە پیلانی درێژخایەنی بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و زیندوکردنەوەی تەماعکارییەکانی سەردەمی عوسمانی لە کوردستان هەیە، بەڵام ئەو کاتە ناوەندە جیهانییەکان ناتوانن لە وەڵامدا پێمانبڵێن ناتوانین بەر بە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی تورکیا بگرین، چونکە کێشەی تیرۆری هەیە.
لەبەر ئەوەی ئێراق دەوڵەتە و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کاریان لەسەر ڕاگرتنی تاوانەکانی تورکیا بکردایە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان بکردایە و فشاری توندیان لە ئێراق بکردایە، بۆ ئەوەی پەیمانەکەی 1983 ی نێوانیان لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێننەوە و سنوور بۆ دەستدرێژیەکانی تورک بۆ سەر خاک و خەڵکی باشووری کوردستان دابنێن، چونکە هێشتا کوردستان بەداخێکی گرانەوە بەشێکە لەو ئێراقە و ئەرکی دەوڵەتی ئێراقە سەروەری کوردستانیش بپارێزێت.
حکومەتی داهاتوی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە حکومەت و پەڕڵەمانی بەغدا و سەرۆکایەتی کۆماری ئێراق پێکەوە دەتوانن ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن، بەڵام نەگبەتی کوردانی باشوور لەوەدایە بەرپرسانی بەتایبەتیی هەردوو پارتی و یەکێتیی خۆیان چاوساغی تورکیا و ئێراق و ئێرانن بۆ کاولکردنی کوردستان و جینۆسایدکردنەوەی کورد و خاکەکەی. کاتێک کورد خۆی هاوکاریان بێت ئێراق هەرگیز داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە ناکات. بەپێچەوانەوە هەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەرگای بۆ دەستدرێژیی و لەشکرکێشی تورک بۆ کوردستان کردووەتەوە، لەبەر ئەو ڕێککەوتنەیە هیچ دەنگ و فشارێکی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ باشووری کوردستان نییە، کە ئێستا تورکیا بنکەی سەربازی لەناو قوڵایی خاکی باشووری کوردستاندا هەیە.
لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکەی 1983 ی نێوان تورکیا و ئێراق دژی جووڵانەوەی کوردی لە هەردوو پارچەی باکوور و باشووری کوردستان، “تورکیا پشت بەست بەو ڕێککەوتنە، یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە #25-05-1983# دا ئەنجامدا و زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر سنووری کوردستانی بەزاند. لە 1984 و 1986 و 1987 و 1991 هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر باشوور کردووە” ئیتر لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و لە 1992 وە پەکەکە بووە بە باشترین بیانو و پاساو بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاکی باشووری کوردستان. یەکەم ئۆپەراسیۆنی لە 1992 بە ناوی قەڵاچۆکردنی پە*کە*کەوە بۆ کوردستان ئەنجامدا. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ڕانەوەستاوە و بگرە وەحشیانەتر لە ڕابردوو خەڵک و خاکی باشووری کوردستان جینۆساید دەکات.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان تا مانگی حوزەیرانی 2020 زیاتر لە 38 بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری تورک لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. لە #07-07-2020# دا سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە تویتەر نەخشەیەکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا 38 بنکەی سەربازی لەسەر خاکی باشووری کوردستان ئاشکرا کرد، ” کە گەورەترینیان دەکەوێتە دەڤەری بامەڕنێی لە پارێزگای #دهۆک#. سەربازگەیەکی دیکە بەتەواوی چەکەوە لە بەعشیقەی موسڵ هەیە. هاوکات، هەزاران سەربازی تورک لە هەرێمی کوردستاندان و بەسەر چەندین سەربازگەی دیکەدا دابەش بوون. بەشێک لەو سەربازگانە بۆ پێواژۆی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتیی و پارتی دەگەڕێنەوە، کە ئێستا خەریکی خۆفراوانکردن و داگیرکاری زیاترن.بەکوورتی، تورکیا بەدرێژایی 40 کیلۆمەتر لەناو خاکی باشووری کوردستاندایە، ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی لە ڕێککەوتنەکەییاندا هاتووە.
هەرچەندە چەندینجار لە پەڕڵەمانی کوردستان و ئێراق فشار لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێراق کراوە و داوای کردنە دەرەوەی ئەو هێزە داگیرکەرەی تورک لە کوردستان کراوە، کەچی هەردوو حیزب هیچ پێداگریەکییان بۆ کردنە دەرەوەی سەربازگە و سوپای تورک نەکردووە و بێئیرادە بوون لە ئاستییاندا. ئێراقیش بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەوە هەرگیز فشاری لێنەکردون و کورد لەلای ئەوان گرنگ نەبووە و نییە. پەکەکەش بووەتە هۆی دوورخستنەوەی فشار و ستەمکارییەکانی تورک لە تورکیا و پەلکێشکردنی بۆ باشووری کوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهۆی بوونی هێزێکی وەها لە ئۆپۆزسیۆن دەبوایە تورکیا هەرگیز نەیتوانییایە دەستدرێژی بکاتە سەر باشووری کوردستان و کاردانەوەی توندییش نیشان بدرایە.
کاتێک کورد خاوەنی ئەم جۆرە بەرپرس و حیزب و نوێنەرانە بێت لە کوردستان و ئێراق، ئیدی ئەرکی دەستەبژێر و چالاکوان و ئازادیخوازانی کوردستانە دوای ئەم مژارە گرنگە بکەون و هەوڵ و کار و فشار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەی 1983 ی نێوان ئێراق و تورکیا بکەن و بە شوێنی سەرەکی و گرنگی خۆی بگەیەنین. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خاک و میللەتەکەمان نەبنە قوربانی لەشکرکێشی و بنکە سەربازییەکانی تورکیا و بەعەرەبکردنی ئێراق، ئەم تاوانانە بۆ داهاتوی سەرجەم باشووری کوردستان و #کەرکووک# و موسڵ بەتایبەتیی مەترسیدارە و مایەی مشتومڕ و هەڵوەستە لەسەر کردنە. [1]