#فەرەیدون سامان#
فەیلییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەی کوردن لە دێرزەمانەوە لەسەر خاکی کوردستاندا ژیاون. یەکەم گرووپی ئیتنیکی کوردیشن لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەپەرستی ئێراقەوە دووچاری بەعەرەبکردن و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن هاتوون. وێڕای ئەوەی کە زمانەکەیان زارێکی کوردی (زاری کەڵهور) ڕەسەنە، هاوکات فەیلییەکان خاوەنی دابوونەریتی ڕەسەن و فەرهەنگ و ئەدەبی زارەکی خۆیانن. لە ڕووی زمانەوەش بنزاری فەیلی سەر بە زاری کوردی باشوورە و وەک زارەکانی لەک و لوڕ، کەڵهووڕ، کرمانج، گۆران کە زمانی کوردی پێکدێنن.
بە پشتبەستن بە پۆلێنکردنەکانی پەرتووکی مێژوویی “شەرەفنامە”ی شەرەفخانی بەدلیسی، زمانناسان پێیان وایە کە زاری فەیلی لە بنەڕەتدا بە کۆمەڵێک هۆزی لوڕی نیشتەجێی کێوەکانی (پێشکۆ، پشتکۆ) ی زنجیرە چیای زاگرۆس دەگوترێت، بەڵام ئەم بۆچوونە زانستی نییە، تەنێ لەبەر ئەوەیە کە فەیلییەکان لە ڕابردوودا لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە هەرێمی #لوڕستان# بوون، واتە بۆ خۆیان لوڕ نین، بەڵکوو دیالەکتێکی کوردی خوارینن کە لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق لە ناوچەکانی مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جاسان، خانەقی، #کەرکووک#، بەغدا، کوت، عەمارە و ناسریە و بەسرە ژیاون. لەلایەن چەند کەسانێکی ڕۆژهەڵاتناسی وەکوو “فلایدمێر مینۆرسکی”ی ڕووسی و “جۆن ماڵکۆن”، هەروەها زانا و توێژەری کوردی فەیلی “ئیسماعیل قەماندار” پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن. ئەوان بڕوایان وایە سەرەتای دەرکەوتنی زاری فەیلی لە سەدەی شازدەهەم بووە، ئێستاش ئەم زارە بۆ ئەو کوردانە بەکاردێت کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی ئێراق کەوتون. لە ڕووی جوگرافییەوە ناوچەکانیان بەشێکیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە دەڤەرەکانی لوڕستان و #کرماشان# و #ئیلام#ی سەر بە ئێران دەژین و بەشێکی دیکەش لە باشووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە دەژین.
کوردی فەیلی بە ئایین موسڵمانی شیعەن، بەشداری کارایان هەبووە لە بوارەکانی ئەدەب و زانست و ڕۆشنبیریدا، بە دەیان شاعیر، نووسەر و زمانزان، لە بوارەیلی هونەر وەک گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەنی و نواندن و شانۆ و وەرزش و تێکڕای بوارەکانی ژیانی مەدەنییانە لە کوردستان و ئێراقدا هەبووە و بەشدارییان کردووە. ناوە هەرە دیارەکانی ڕووناکبیرانی کوردی فەیلی وەکوو: کامل حەسەن ئەلبەسیر، ئیسماعیل قەمەندار، عەدنان عودە عەباس، غائب توعمە فەرمان، داری ساری، عەباس بەدری، حسێن مردان، خەلیل ڕفاعی، محەمەد بەدری …هتد.
سەرچاوەی مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە کوردانی فەیلی بەشدارییان لە درووستکردنی شاری بەغدا دا کردووە لە 762 ی زایینی و لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی ئەبوو جەعفەر ئەلمەنسوور دا. فەیلییەکان بە سەرۆکایەتی زولفەقار موسلی لەنێوان 1623 تا 1629ی زایینیدا حوکمی ئێراقیان لە کەرکووکەوە تا بەسرە کردووە، بەڵام لە ئەنجامی ڕێکەوتنێکی نێوان هەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا حوکمیان لە کوردە فەیلییەکان سەندۆتەوە و زاڵ بوون بە سەریاندا.
ناسنامەی نەتەوەیی
بە بۆچوونی ئیسماعیل قومەندار لە پەرتووکی “توێژینەوەی زاراوە کوردییەکانی باشوور، کوردانی فەیلی هەزاران ساڵە لەو ناوچانەی کە تا ئێستا نێشتەجێن و دەژین جێگیرن، نیشتمانەکەیان دەکەوێتە هەردوو دیوی باشووری کوردستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران، لە #خانەقین# لە باکوورەوە تا عەلی غەربی لە باشووری ئێراق، لە ئیلام، کرمانشان و لوڕستان و شوێنی دیکە لە وڵاتی ئێران نیشتەجێن. کوردانی فەیلی بە ژمارەیەکی بەرچاوی زۆرەوە لە هەردوو شارە گەورەکانی وەک بەغدا و تاران دەژین و نیشتەجێن، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ ئامارێکی متمانە پێکراو بۆ ژمارەی فەیلییەکان نەکراوە. بە گشتی بە زیاتر لە سێ (3) ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن. ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی کوردستان دەکەوێتە پشت خانەقینەوە و لەنێوان خانەقین تا دواسنووری خاکی باشووری کوردستان سەدان گوند و چەندان شارەدێ و دوو شارۆچکەی تری کوردستان هەن، کە ئەوانەش شارۆچکەی مەندەلی، لەگەڵ دوو شارەدێی بەلەدروز و قەزانییە و 234 گوندن، کە ڕووبەرەکەی 6586 کیلۆمەتر دووجایە. شارۆچکەی بەدرە و شارەدێی جەسان و زوڕباتییە، لەگەڵ 53 گوند کە ڕووبەرەکەی 3650 کیلۆمەتر دووجایە. جگە لەو ناوچانەش شارۆچکەی عەزیزییە و ناوچەکانی عەلی غەربی و عەلی شەرقی و شارۆچکەی حەی یش ناوچەی کوردە فەیلییەکانن.
هەموویان دەکەونە سنووری پارێزگای واست لە خوارووی ئێراقدا، ئەمە جگە لە شاری کووت، کە ناوەندی پارێزگاکەیە و کوردانی فەیلی بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن. شارۆچکەی بەدره (بەێرە) و شارەدێکانی جاسان و زوڕباتییە لە پارێزگای واست، لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتوون، دەروازەی سنوورییان هەیە لەنێوان ئێران و ئێراقدا. بەدرە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کووت. شارەدێی جەسانیش دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای شاری بەدرە و 15 کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە. شارەدێی زوڕباتییەش دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری بەدرە و 18 کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە.
لە 1947 دا ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی بەدرە نزیکەی 22 هەزار کەس بووە. سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی ئێستای قەزاکە، ئامارێکی ورد و فەرمی لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی بەدرە لەگەڵ هەردوو شارەدێی جەسان و زوڕباتییە لەنێوان 30-40 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. کوردانی بەدرە و جەسان و زوڕباتییە بە شێوەزاری کوردیی کەلهوڕی-فەیلی قسە دەکەن.
هاوشێوەی کوردانی فەیلیی ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی، کوردانی خەڵکی شارەکانی بەدرە و جەسان و زوڕباتییەش لە سەردەمی ڕژێمی #بەعس# کۆچی زۆرەملێیان پێ کرا بۆ بەغدا و ناوچەکانی تری ناوەڕاست و خوارووی ئێراق و ناوچەکانیان بەعەرەبکردن کرا. سەبارەت بە ناوی بەدرە، کە کوردانی خەڵکی شارەکە بە کوردی پێی دەڵێن بەێرە)، بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەدرە لە “بەد+راﮪ”ەوە هاتووە، کە مانای ڕێگای سەخت و دژوارە. بەدرە خاکێکی پڕ پیت و بەرەکەتی هەیە و ژمارەیەکی زۆر باخی خورما و میوەی لێیە. ڕووباری “گەڵاڵ” کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و به شاری بەدره دا دەگوزەرێت، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی شارەکە و باخەکانییەتی.
لەپاڵ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەدرە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت و غاز، کە یەدەگی نەوتەکەی بە 109 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت و نەوتەکەی نەوتی خاوی API=35Oە. ڕووبەری کێڵگەی نەوتی بەدرە 96 کیلۆمەتر دووجایە. لەپاش پڕۆسەی ئازادیی ئێراق، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەی بەدرە بەشێوەی فەرمی لە 26-08-2014 لەلایەن کۆمپانیای گازپروومی ڕووسییەوە دەستی پێ کرد، بە بەرهەمهێنانی 15-17 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
فەیلییەکان لە مێژووی نوێدا
سەرەتای کێشەی فەیلییەکان بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە دەست پێدەکات، کە بە پێی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ دەستی پێ کرد، لە یەکەمین بڕیاری یاساییدا بۆ هاووڵاتییانی ئێراقی یاسای ژمارە 42 ی ساڵی 1924 بەوەی کە ئێراقییەکانی سەر بە تەبەعیەی عوسمانی هاووڵاتی پلە یەک و تەبەعیەی ئێرانی بە هاووڵاتییانی پلە دوو و سێ سەپاند و دەسڵاتدارانی ئەوکاتی ئێراق کوردی فەیلییان خستە خانەی تەبەعیەی ئێرانییەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کوردی فەیلی بە پلە دووی هاووڵاتییانی ئێراقی دەژمێردران، بەڵام لە دامەزراندنی ئابووری دەوڵەتی ئێراقەوە لە ڕووی خاوەندارێتی تایبەتدا بەشدارییان کرد، بۆیە دەڵێین لە ڕێگای خاوەندارێتی تایبەت، چونکە دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا بە سەریاندا داخراوو ڕەوا نەبوو، لە ڕووی سیاسیشەوە بەشدارییەکی چالاکانەی جموجووڵی بزووتنەوەی دیموکراسی ئێراقی و کوردستانی بوون.
فەیلییەکان لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا توانیان دەست بەسەر کەرتی تایبەتیی بازرگانی لە بەغدای پایتەخت بگرن و لەو ڕووەوە لە جموجووڵ و کاری بازرگانیدا سەرکەوتوو بوون، بەشداری فەیلییەکان لە ژیانی سیاسی ئێراق و لەنێو ڕیزەکانی هێزە دیموکراسی و پێشکەوتوخوازەکانی ئێراقدا بەرچاو و چالاکانە بووە، تا ئەو ئاستەی گەیشتنیان بە پۆستی بەرپرسایەتی باڵا لە ڕیزەکانی ئەو بزووتنەوانە. لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی کوردانی فەیلی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا لە سەرەتای دامەزراندنییە.ە کاریگەر بووە، فەیلییەکان بەشێک بوون لە دامەزرێنەرانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە 1946 لە بەغدا. بۆ نموونە، تا پێش ئاداری 1975 سەرۆکەکانی یەکێتیی ئافرەتان، یەکێتیی قوتابییان، یەکێتیی لاوان و سکرتێری خودی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیشی لە کوردانی فەیلی بوون. لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی ئێراقی و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیشدا ڕۆڵی کارایان گێڕاوە.
فەیلییەکان بە گشتی بە دەستواڵایی پشتگیریی ئابووری، سیاسی، لۆجستیکی و بەشداری چەکداری لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها بەشداری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خزمەتی ئەکادیمی، پزیشکیی و تەندرووستی و ئەندازیاری بیناسازی لە کوردستان و ئێراق دا کردووە. بەهۆی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی کوردی فەیلی لە ژیانی ئابووریدا ( بازرگانی کەرتی تایبەت) و کایەی سیاسی لەنێو ڕیزەکانی بەرهەڵستکاریی ئێراقی و کوردستانیدا لە بەرانبەر سەرنەکەوتنی بەعس لە بەدەستهێنانی پشتگیری فەیلییەکان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی بەعسییەکان، بۆیە فەیلییەکان بوونە ئامانجی زەبروەشاندن و لێدانی سەرەکی لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتی بەعس لە ئێراقدا، هەر بۆیە دەوڵەتی ئێراق دەستی کرد بە زۆرەملێ ڕاگواستنی پەنجا هەزار ڕۆڵەی کوردی فەیلی لەنێوان 19691972 بۆ ئێران.
لە 1924 یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی جەختی لەسەر دابەشکردنی گەلی ئێراق کرد، بۆ سێ بەش لە سەربنەمای ئایین و نەتەوە، کوردی فەیلی لەبەر ئەوەی لە پەیڕەوکەرانی ڕێبازی مەزهەبی شیعەی جەعفەری بوون، بۆیە بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناونووس کران، بە بەردەوامی کەوتنە بەردەم هێرش و پەلامار و شاڵاوەکانی فەرمانڕەوایانی ئێراق، چ بە کوشتن و زیندانی کردن، یان بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانەکانیان و وەدەرنانیان لە ئێراقدا.
ئەم کوردانە لەلایەن دەوڵەتی ئێراقی لە 1963 وە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی بوونەتەوە، بەڵام بە درووستی لە سەرەتای هەفتاکانەوە شاڵاوی کۆمەڵکوژی فەیلییەکان دەستی پێ کرد، کە 40 هەزار خێزانی کوردی فەیلی بۆ ئێران ڕاگوێزران. لە 1980 بە پێی بڕیاری ژمارە 666 وەزیری ناوخۆی ئێراق وڵاتبەدەرکردنی کوردە فەیلییەکان لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئێراق بەفەرمی کرا. بەمەش ئەو ئێرانیانەی لە ئێراق بوون و ڕەگەزنامەی ئێراقییان نەبوو، هەروەها ئەوانەش کە مامەڵەیان کردووە و بڕیارییان لە بارەیەوە دەرنەچووە، دەردەکرێن. لە هەمانکاتدا بڕیارەکەی حکومەتی ئێراقی ئەوەشی تێدا بوو کە لاوانی کوردی فەیلی لە تەمەنی 18 تا 28 ساڵ، بگیرێن و لە بەندیخانەی پارێزگاکاندا تا ماوەیەکی نادیار دەسبەسەر بکرێن. هەروەک بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی ئێراق ئەوەشی دووپات کردووەتەوە، کە هەر کەسێک لەو کوردانەی ئاودیوی ئێران دەکرێن، ئەگەر هەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان لێ بکرێت، واتا بکوژرێن.
لە 26-02-1981 لە ڕۆژنامەی ئەلسەورەی زمانحاڵی حکومەتی بەعسی ئێراق سەدام حسێن لەبارەی کوردە فەیلییەکانەوە دەڵێت: ئەم توێژە لە ئێراق ڕیشەکێش بکەن، تاکوو خاک و خوێن و هەوای ئێراق پیس نەکەن.
بەپێی زانیارییە بەردەستکەوتووەکان تاوەکوو 2003 زیاتر لە 200 هەزار دانیشتووانی ئێراق ئاوارە یان ڕاوەدووی ئێران نراون، کە 65٪ ئەو ژمارەیە لە کوردی فەیلی بوون و تا ئێستاش زۆرێکیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا بە هەزاران کوردی فەیلی زیندانی کراون و لە سێدارە و کۆمەڵکوژی کراون.
فەیلییەکان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاند:
لە 1930 دا، کوردە فەیلییەکان وەکوو دەسپێکی هۆشیار بوونەوەی نەتەوەیی لەنێو یەکەم وەچەی کوردە سکولار و شارنشینەکاندا، هێندێکیان بەگەڵ حزبی شیوعی ئێراق کەوتن، خەڵکی دیکەش چوونە ناو ڕیزەکانی گرووپێکی لیبڕاڵی ئێراقی ڕیفۆرمیست. وروژاندنی پانعەرەبایەتیی بە نۆرە خۆی بووە هۆی گەشانەوەی هەستی نەتەوەیی کوردی، بەتایبەتیی کاتێک کە بڵاوکراوە عەرەبییەکان کوردەکانیان تاوانبار دەکرد بە پشتیووانیکردن لە تورکەکان بۆ وە دەست خستنی ئەسکەندرون لە سوورییە لە 1937 دا.
هێندێک لە ڕووناکبیرانی کورد بانگەشەیان دەکرد هۆی کێشەی نێوان کورد و عەرەب لەبەر بوونی گرژیی لەنێوان کۆمەڵگەکاندا نییە، بەڵکوو لە بەر زۆرداریی حکومەتە دژی کۆمەڵگەکان جا هەر کامێکیان بن.
شەڕ بە دژی شۆڤینستەکان کە هیچ ڕێزێکی لە ئەوانی دی نەدەگرت کە ئازادانە چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بووە مایەی دەرکەوتنی توێژێکی نوێ لە کوردە گەنجە پڕۆفیشناڵەکان کە هیوایان ئەوە بوو ئاستێک لە سەربەخۆیییان هەبێت.
زۆر ڕێکخراوی سیاسی و گرووپ درووست بوون، بۆ نموونە کۆمەڵە، برایەتی، ئازادی، هیوا …هتد. کوردە فەیلییەکان بەگەڵ ئەو گرووپانە کەوتن و زۆر لەوان لە هاودامەزرێنەرانی ئەو گرووپانە بوون و ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کورد خەریک بوو خۆی دادەکوتا، لە 19-08-1946 پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) دامەزرێندرا، لێرەشدا فەیلییەکان لە هاودامەزرێنەرانی بوون.
کوردە فەیلییەکان پشتیووانی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە و شۆڕش لە کوردستان بەردەوام بوو، چ لە ڕووی ماددی و چ مەعنەوی. بۆ نموونە، یەکەم ئامراز و کەرەستەی ڕادیۆ بۆ شۆڕش لە کوردستان لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی عەبدولحسێن فەیلی کڕدرا و بە نهێنی بە ڕێگای شەریکەی تڕانسپۆرتەوە گەیەنرا.
لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەرکردنی بە کۆمەڵی زیاتر لە میلیۆنێک کوردی فەیلی بۆ ئێران ئەنجامدرا، موڵک و ماڵ، حیسابی بانکییان زەوت کرا، بە هەزاران گەنجی خوێندەواری فەیلی شوێنبزر کران یان کوژران. لە مارسی 1974، هەزاران پیر و لاوی فەیلی کچ و ژن و پیاو چوونە ڕێزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، چ وەک پێشمەرگە یان پشتیووانی، زۆر لەوان میداڵیای شانازیان وەرگرتووە لەبەر ئازایەتی خۆیان و ئەوانی دی لەبەر دڵپاکی، لێوەشاوەیی بەڕێوەبردن و فیداکارییەکانیان. لەو ساڵەدا ڕژێمی فاشیزمی بەعس هێرشی کردە سەر هێزی پێشمەرگە و بەتایبەتیی هێرشی خەست بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، تەنانەت نەخۆشخانەکانیشیان نەبوارد.
مەینەتی کوردە فەیلییەکان
کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەکان پەیوەستە بەو ململانێیە سیاسیانەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی، کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ دابەشکردنی دانیشتووانی ناوچەکە لەنێوان دوو دەوڵەتی سەفەوی ئێرانی و تورکی عوسمانیدا. زۆر لە شیعە ئێراقییەکان بە دووکەوتەی ئێرانی ناونووس کران، کە لە ناویاندا کوردە فەیلییەکان بوون.
لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقی ڕووبەڕووی جیاکاریی بوونەتەوە. لە 1924 یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی ئێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. لەبەر ئەوەی کوردە فەیلییەکان سەر بە ڕێبازی شیعە بوون بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە هەمیشە کەوتونەتە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی ئێراق، لە دوای هاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەستەڵات و دەست بەسەرداگرتنی لە 1968، کوردە فەیلییەکان ڕووبەڕووی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناوبردن بوونەوە . لە سەرەتای 1970 ڕژێمی بەعسی نزیکەی 400 چل هەزار کوردی فەیلی بۆ ئێران دەرکرد، بەو بیانووەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە. لە درێژەی ئەم سیاستە بەرانبەر بە کوردە فەیلییەکان، لە 1980بەپێی بڕیاری 666 مافی هاووڵاتیبوونیان لێسەندرایەوە، ئینجا دەست گیرا بەسەر ماڵ و موڵک و سامانەکانیان. هێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرانە سەر کوردە فەیلییەکان ئەویش بە بە زەوتکردنی ژن و کوشتنی پیاو و منداڵەکانیان، کە لە مێژوودا کەموێنەبووە.
لە سەردەمی سەدام حسێن، دەوڵەتی ئێراقی بڕیارێکی نوێی دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، ئەو پیاوەی ئێراقییە و ژنەکەی فەیلییە دەبێت لێی جیا ببێتەوە بەرانبەر بە چوار هەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، دوو هەزار و پێنج سەد دینار ئەگەر مەدەنی بێت. بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی چوارسەد هەزار هاووڵاتی فەیلی بوونەتە قوربانی ڕژێمی پێشووی ئێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە.
هێرشی بە زۆرەملێ گواستنەوەی کوردانی فەیلی لە 04-04-1980 دا، سەرەتا لە بازرگانە گەورەکانەوە دەستی پێ کرد و تا 1990 بەردەوامی کرد. دوای ئەوەی کە ڕەگەزنامەی ئێراقییان بەپێی بڕیاری 6666 لێسەندرایەوە دەستیان بە سەر هەرچی ماڵ و موڵکی ڕاگوێزراو ڕانەگوێزراو داگرت و گشت سەنەد و دۆکومێنت و بەڵگەنامە فەرمی و نافەرمییەکانیشیان لێ زەوت کردن. بە پێی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێراقی فیدڕاڵ نوری ئەلمالکی، ئێراق هەزاران کوردی فەیلی لە تەمەنی نێوان 11 تا 30 ساڵییەوە دەستبەسەرکرد و بێسەروشوێنی کردن، کە ژمارەیان لە 20 هەزار کەس زیاتر بووە.
بە پێی داواکاری گشتی لە کەیسی بە زۆر ڕاگواستن و کۆمەڵکوژی کوردە فەیلییەکان، عەبدولقادر ئەلحەمدانی کە لە ڕۆژنامەی شەفەق نیوز لە 04-08-2021 شەش سەد هەزار لە کوردی فەیلی لە هەموو لایەکی ئێراقەوە ڕاکێشرانە سەنتەرەکانی کۆکردنەوە و یەکسەر ڕەوانەی ڕاگوێزرانە سەر سنوورەکانی ئێران. بە گوێرەی بنەماکانی بنکەی سەرژمێرییش بێت، کۆی ژمارەی کوردی فەیلی کە بەزۆر ڕاگوێزراون نزیکەی ملیۆنێک و شەش سەد هەزار کەس دەبێت.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، لە 2006 دا یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی بڕیاری 666 ی ساڵی 1980ی پوچەڵکردەوە. بەم پێیە کۆمەڵێک لە کوردە فەیلییەکان توانییان مافەکانیان بەدەست بهێننەوە. بەڵام ژمارەیەکی کەم نەبێت نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و موڵک و ناوچەکانیان، تا ئێستاش حکومەتی ئێراق هیچ زانیاری و ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی چارەنووسی ونبوو و دەستبەسەرەکانی پێشکەش نەکردووە کە بە چ شێوەیەک ڕژێمی بەعس لە ناوی بردوون و ئێسک و پروسکیان کەوتووەتە کوێ؟
دوای 2013، کوردە فەیلییەکان دیسان ڕووبەڕووی کارەساتی نامرۆڤانەی تازە بوونەوە، ئەمجارەیان لەسەر دەستی چەتەکانی بەعس و سەلەفی و بەکرێگیراوانی تر و دواتر بەدەستی چەتەکانی #داعش#ەوە بەتایبەت لە خانەقین، مەندەلی، شارەبان، سەعدیە و #جەلەولا# و بەغدا و مەدائن (سەلمان پاک) و چەند شوێنێکی تر.
کوردی فەیلی لە ئێراقدا داوای چارەسەرییەکی ڕیشەیی کێشەکانیان دەکەن و داوا و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان پێویستی بە جێبەجێکردنە، لە دوای ڕووخانی بەعس تا ئێستا چاوەڕوانیی درێژەی کێشا و ئەو ڕەوشەی ئێستای گشتی لە ئێراقدا هەیە تروسکەی ڕووناکی بۆ وەرگرتنی مافەکانی کوردی فەیلی بەدی ناکرێت و بێ هیوان لێی، مەگەر بزووتنەوەیەکی جیدی و دڵسۆزانە بۆ کەیسەکە کار بکات.
داخوازییە سەرەکییەکانی کوردە فەیلییەکان
ئەنجامنامەی یەکەم کۆنفرانسی نێونەتەوەیی کوردی فەیلی کە لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە 02-05-2016 دا بەسترا، ڕاگەیێندرا. لەوێدا چەندێک لەو داواکارییانە پەیوەستن بەو بەسەرهاتانەی کە لە ڕابردوودا بەسەر کوردی فەیلیدا هاتوون و لە بەندەکانی 1 8 لە داواکارییەکان پێویستی بە وەڵامدانەوەی حکومەتی ئێراقی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە هەیە، بە تایبەت کە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق لە ڕێکەوتی 29-11-2011 ەدا بڕیارێکی دەرکرد کە بەسەرهاتی کوردانی فەیلی و بە کۆمەڵکوژی جینۆساید ئەژمار کرد. پەڕڵەمانی ئێراقیش بڕیارێکی لە 08-01-2011 دا دەرکرد ئەو تاوانانەی کە بەسەر کوردە فەیلییەکان هێنرا بە تاوانی کۆمەڵکوژی ئەژمار دەکات.
لێرەدا داواکاریش هەیە کە بەستراوە بە داهاتووی کوردی فەیلیەوە لە ئێراقدا، خاڵی 9و 11 و 13 و 14 بە تایبەت خاڵی 9 کە گرنگە و لەوانەیە ببێتە مەسەلەیەکی چارەنووسساز بۆ داهاتوویێکی دوور.
زۆرینەی کوردانی فەیلی خۆشحاڵ بوون بە گرتنی کۆنفرانسی یەکەمی نێونەتەوەیی لەسەر دۆزەکەیان لە برۆکسل. دەمانەوێ پشتڕاستی بکەینەوە کە هەر پێشکەوتنێک لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بەسەر کەیسی فەیلییەکاندا بێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی دەبێت لەسەر باری دەروونی و ژیانی کوردی فەیلی لە ئێراق و پەنابەر و ڕاگوێزەکان لە ئێران و هەموو ئەوانەیش کە لە وڵاتانی جیهاندا ژیان بەسەردەبەن.
لە خاڵی دوازدەی ئەنجامنامەی کۆنفرانسدا هاتووە کە بەردەوامی لە کارو هاوکاری لەسەر ئاستێکی بەرفراوانتر لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک دا، سیمینار و کۆنفرانس لە وڵاتانی ئەوڕوپا لەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ببێتە بەشێک لە بەرنامەی ساڵانەی کارو خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.
کوردانی فەیلی لە ئێراقی نوێدا
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کوردانی فەیلی هەموو هەوڵەکانی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی چەند کورسییەکی کۆتا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق مسۆگەر بکەن. بەڵام پاش هەوڵێکی زۆری فەیلییەکان بۆ ئەو مەبەستە، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییە ئێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سەرەنجام ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق لە دانیشتنی ڕۆژی 22-01-2018 دا بڕیاریدا تەنیا یەک کورسی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست دیاری بکرێت.
لایەنە سیاسییەکانی ئێراق، بە تایبەتیی هێزە شیعەکانی نێو پەڕڵەمانی ئێراق، ڕازی نەبوون بەوەی لە بەغدا و دیالە کورسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی دیار بکرێت تەنیا کوت نەبێت. ئەمە لەکاتێکدا کە ژمارەی کوردانی فەیلی لە بەغدا و دیالە، زیاترە لە پارێزگای واست، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان دەزانن بەپێی واقیعی سیاسی و جیۆگرافی و دیمۆگرافی، لە پارێزگای کوت کە پارت و لایەنە سیاسییە شیعەکان تێیدا باڵادەستن، چانسیان زۆرترە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەو کورسییە کۆتاییەی کوردی فەیلی، بەڵام لە بەغدا و دیالە، ئەگەری زۆر بوو کە پارت و لایەنە کوردستانییەکان ئەو کورسییە کۆتایانەی کوردی فەیلی بەدەست بهێنن، بۆیە بەوە ڕازی نەبوون کە لە بەغدا و دیالە کۆتا بۆ کوردانی فەیلی دیار بکرێت.
ئەگەر واقعبینانە تەماشای ئەو پرسە بکەین، نەک کورسییەک و دوو کورسی، تەنانەت ئەگەر پێنج کورسیش بۆ کوردانی فەیلی دیار بکرێت، نە هیچ لە واقیعی ئەم پێکهاتە ستەملێکراوە دەگۆڕێت و نە دەبێتە کارتێکی بەهێزیش بۆ پارت و لایەنە کوردستانییەکان، چونکه کێشەی کوردانی فەیلی زۆر لەوە قووڵتر و گەورەترە کە بە چەند پەڕڵەمانتارێک لە پەڕڵەمانی ئێراق چارەسەر بکرێت. سەبارەت بە پارت و لایەنە کوردستانییەکانیشەوە، هیچ لە هاوکێشەکان ناگۆڕێت، ئەگەر 60 کورسیان هەبێت یان 63، خۆ هەر عەرەب زۆرینەیه.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تاقە کورسییەی کە لە کوت بۆ کوردانی فەیلی دیارکراوە، بایەخێکی یەکجار زۆری بۆ کورد و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر بپرسن بۆ؟ دەڵێم بە لایەنی کەمەوە، دیارکردنی کورسییەک بۆ کورد لە واست، خۆی لە خۆیدا دانپێدانانێکە بە بوونی کورد لەو ناوچەیە و شەرعیەتدانە بەوەی کە بەدرە و جەسان و زوڕباتییە ناوچەی کوردستانین و دواخاڵی سنووری باشووری کوردستانن.
لەگەڵ سەرەتای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ ئێراق و پێکهاتنی میلیشیاکانی #حەشدی شەعبی# لە 2014 دا، چەند هەواڵێکى بێبنەما لە میدیاکانی ئێراقدا بڵاو کرانەوە، کە گوایە چەندان هەزار کوردی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانی تری ناوەڕاست و باشووری ئێراق و لەو ناوچە کوردستانییانەی کە کوردانی فەیلی تیایداندا نیشتەجێن، پەیوەندییان بە ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە کردووه. زۆری پێ نەچوو کە هەمان هەواڵ، بوو بە مانشێتی سەرەکیی زۆربەی ئاژانس و ماڵپەڕه هەواڵدەرە کوردییەکان و میدیاکانی تریش دوو ئەوەندەی تر ئەو بابەتەیان ورووژاند، بەبێ ئەوەی شرۆڤەی ناوەرۆکی هەواڵەکان بکرێت و لە ڕاستی و درووستیی زانیارییەکانیان بکۆڵدرێتەوه.
پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی
لە 25-09-2017 کە ڕیفڕاندۆم بەڕێوەچوو، دەوڵەتی ئێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هاندانی وڵاتانی دراوسێ بوونە هەڕەشە بۆ سەر کوردستانی باشوور، مخابن دواتر ئەو هێزە داگیرکارە دەڤەرەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان داگیرکردەوە کە بەشێکی زۆری ناوچە فەیلینشینەکانیشی گرتەوە، دیسان پرسی کوردانی فەیلی وەکوو ماددەیەکی میدیایی بە مەبەستی شەڕی سایکۆلۆژی لە دژی شەقامی کوردستانی و بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن بۆ شەقامی ئێراقی بەکار هات، وا پیشاندرا کە گوایە بەشێکی زۆری گەنجانی کوردی فەیلی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی حەشدی شەعبیەوە کردووە و ئەو گەنجە کوردانە ئامادەی بەشداریکردن لە هەر شەڕ و پەلامارێکن کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەنجام بدرێت.
ئەو لایەنانەی که ئەو جۆرە لێداونانەیان دەدا لە ماکینە میدیاییە زەبەلاحەکانیان خزمەتیان بە پارت و لایەنە سیاسییە شیعەکانی ئێراق دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە چەندین هەزار چەکداری فەیلییان ناردووەتە ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە، پڕوپاگەندەکانیان هیچ بنەمایەکی نەبوو. ئەوانەی کە بە ناوی کوردی فەیلییەوە بانگەشە بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکەن، چەند گرووپێکی بچووکى سەر بە پارتە ئیسلامییە شیعەکانن و لەلایەن ئەوانەوە دامەزراون و پاڵپشتی دەکرێن، ئامانجى سەرەکیشیان سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلییە و دەیانەوێت بە بیانووی تایفەگەری و مەزهەبییەوە ئینتیمای نەتەوەییان کاڵ بکەنەوه.
بەجیهانیکردنی دۆسییەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی
سازکردنی کۆنفرانسێکی ئەکادیمی لەگەڵ پەڕڵەمانی ئەوروپادا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان دەسکەوتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کوردە فەیلییەکان کە بتوانن ئەو کەیسە تەکانێکی پێبدرێت، چونکە ئەو کەیسە کە بە دەیان ساڵە خۆڵی لەسەر نیشتووە، توانرا جارێکی تر لاپەڕەیەکی تر لەم کەیسە لاببرێت، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت کە زیاتر ئەم کەیسە بناسرێت. داواکە ئەوەبوو بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای تاوانەکان لە ئێراق ئەوەی بەسەر کوردە فەیلییەکاندا هاتووە جینۆسایدە، داواکرا لە پەڕڵەمانی ئەوروپا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوانیش دانیپیادا بنێن کە کوردە فەیلییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئێراقەوە ڕووبەڕووی کارەساتی جینۆساید بوونەتەوە.
جینۆسایدی فەیلییەکان لە باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێراقەوە چەندین وێستگەی جۆراوجۆری بەخۆوە بینیوە. حزبی بەعس وەک پارتی فەرمانڕەوای ئێراق لە 1963 تا 2003 گەورەترین بەرپرسیارییەتی تاوانەکانی جینۆساید دژ بە گەلی کوردی لە ئەستۆیە. ئێستاش لەگەڵ پشتگیری فەیلییەکان لە گشتپرسی باشووری کوردستان، جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەر هەڕەشی میلیشیا شیعەکان و ڕووبەڕووی مەترسی جددی بوونەتەوە.
لە 7 ی نیسانی هەمووساڵێک گەلی کورد بە تایبەتیی بۆ کوردانی فەیلی یادی جینۆساید و ئەنفالکردنی ڕۆڵەکانیان دەکەنەوە، کوشتن و بڕین، ئەنفال، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی کورد و کوردستانیان لەناو دەوڵەتی ئێراقدا و بەدەستی ڕژێمە داپلۆسێنەرەکانی داگیرکەری ئێراق، ھەر لەدەستپێکی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە دەستی پێ کردووە و لە مافەکانیان بێبەشکراون. لە بەرانبەریشیدا کورد بە ھەموو چین و توێژو دین و مەزھەبەکانییە.ە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو بەدەستھێنانی ئەو مافانەدا کردووە و قوربانیی داوە.
کوردە فەیلییەکان پێکھاتەیەکی دانەبڕاو و کارای ئەو تێکۆشان و خەباتە مێژوویی و نەتەوەییەن، بۆیە بوونە یەکەمین قوربانیدەری لێکترازان و پارچەبوونی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان. کوردە فەیلییەکان بەھۆی شوێنی جوگرافیای نیشتەجێبوونیان کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئێراق و بەدرێژایی سنووری درووستکراوی ئێراق و ئێران وەک خانەقین، مەندەلی، بەدرەو جەسان و زورباتییە …ھتد و خودی شاری بەغداش بڵاوبوونەتەوە، لە هەمان کاتیشدا بەشی هەرە زۆریان موسوڵمانی شیعە مەزهەبن. مێژووی دەستپێکردنی ئەو کارەساتانەی کە دژ بە کوردە فەیلییەکان دەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی دوورودرێژی نێوان ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی لە دەورانی سەدەکانی پازدە و شازدەدا. وەکوو توێژ لەنێوانی ئەو دوو دەوڵەتەدا لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕە خوێناویەکانی ئەم ململانێیە بوون و بوونە قوربانی کێشمەکێشمەکانیان.
بە سەقامگیربوونی دەوڵەتی ئێراق و ھاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسی شۆڤێنیستی عەرەبی لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا. بۆ پاڵاوتنی حساباتی لەمێژینە و ئاڵۆزکاوی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان، بەتایبەتیی عەرەب و فارس و بەعەرەبکردنکردنی ناوچە کوردستانییە.انی ژێر دەسەڵاتی ئێراق، ئەو ڕژێمە داگیرکەرە ھەڵمەتی لەناوبردنی کوردی دا بەتایبەتیی لە سنووری شاری بەغدا و باشووری شاری کەرکووک و ناوچە سنووریەکانی نێوان ئێراق و ئێران. ئامانجیان کوردە فەیلییەکان بوون. ھەم لەبەر ئەوەی بە ھۆکاری سەرەکی کوردبوونیان و ھەم شیعە بوونیان وەکوو مەزهەب.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی فاشیستی ئێراقی داگیرکەرەوە گەورەترین پیلان و پیلانگێڕی بۆ سەرکوتکردنی کوردە فەیلییەکان ئەنجام درا. لە 1980 بە بڕیارێکی دەوڵەتی ئێراقی بە بیانووی ئەوەی کە کوردە فەیلییەکان ھاوڵاتی ئێرانین، پڕۆسەی ئەنفال، کوشتن و بڕین و ڕاگواستنیان بەسەردا سەپێنرا و کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵکران. بە ھەزاران ژن و پیاو و پیر و منداڵیان بە دڕندانەترین شێوە قەتلوعام و بێسەروشوێن کرد. بە ھەزارانی دیکەشیان بۆ سەرسنوورەکانی دەوڵەتی ئێران گواستەوەو دەربەدەرکران و زۆریشیان بێ سەروشوێنکران. تاوەکوو ئێستایش چارەنووسیان دیار نییە. جگە لەو زیانە مرۆییەی کە کوردە فەیلییەکان دووچاری ھاتن، موڵک و ماڵیشیان بە تاڵان برا و دران بە خەڵکی عەرەبی ناوچەکە. ئەوانەی کە مابوونەوەش لە ھەموو مافەکانیان بێ بەشکران و لە کارەکانیان دەرکران و لە ژیاندا سەرگەردان کران و بەکولەمەرگی ژیانیان بردەسەر.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەوا 20 ساڵە ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس و شۆڤێنی عەرەبی لە ئێراقدا ڕووخاوە و لە جیاتی ئەو دەوڵەتێکی فیدڕالی فرە پێکھاتەیی دامەزراوە. باشووری کوردستانیش 32 ساڵە لە قەوارەیەکی سەربەخۆ و ئازاددایە کەچی ھێشتاش ئەو کۆمەڵکوژیەی کوردە فەیلییەکان بە کەیسێکی ھەڵواسراوی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە. سەرگەردانی بە دوای مافە مرۆیی و مادیەکانی خەڵکانی کوردی فەیلی ستەملێکرا و ھەر بەردەوامە و بە ڕەسمی پێناسەیەکی نەتەوەیی، نیشتمانی و مرۆیی لەهەردوو دەستووری ئێراق و کوردستاندا بۆ دانەنراوە، بۆ ئەوەی ببێ بە پشتیوان و پاڵپشت و بە مافەکانیان شاد بن و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.
ڕاسپاردەکان
داوا لە ھەردوو حکومەت و پەڕڵەمانی کوردستان و فیدراڵی دەکەین بەتایبەت نوێنەرانیان خەبات بۆ ئەوە بکەن کە بەزووترین کات کۆمەڵکوژی کوردە فەیلییەکان لە ناوەوەی ئێراق و کوردستان و سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا بە جینۆسایدی دژ بە مرۆڤایەتی و سیاسیانەی دژ بە خەڵکی کورد بناسێنرێت.
وەک کەیسەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال، کەیسی کۆمەڵکوژی کوردەفەیلییەکانیش بایەخی پێبدرێت و لە ھەوڵ و تێکۆشانی جدیدا بن بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی زیانپێکەوتوان و قەرەبووکردنەوەیان.
بۆ دڵینابوونی کەسوکاری کوردە فەیلییەکان، کاری جدی و پراکتیکی بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراونیان بکرێت.
داوا لە حکومەت و پەڕڵەمانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە ھۆبەیەکی تایبەت بە کەیسی کۆمەڵکوژی و شەھیدانی فەیلی لە لیژنەی شەهید و ئەنفالی پەڕڵەمان و لە وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوەکان دابمەزرێت و کارا بکرێت.
بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کورد و بەتایبەت کوردە فەیلییەکاندا هاتووە، پێویست دەکات، وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە کار بۆ پاراستنیان بکرێت، لە بەرانبەر عەرەبە فاشیستەکان بەتایبەت میلیشیا شیعەکان، تا بتوانن بەشداربن لە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی گەلی کورد لە ئێراق.
هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە باڵاکان لەگەڵ بەغدا ئاوڕی جددی لە پاراستنی ئەو کوردانەی بەغدا و ناوچەکانی تری ئێراق بدەنەوە تا چیدی تووشی ماڵوێرانی و کوشتار نەبنەوە.
ئەگەر بە کۆتا وەرگرتنیش بێت، ھەوڵ بدرێت لە ھەردوو پەڕڵەمانی بەغدا و ھەرێمدا کورسی نوێنەری کوردە فەیلییەکان وەک پەڕڵەمانتار مسۆگەربکرێت.
ئەنجام
دۆزی کوردی فەیلی وەک پرسی بەشێک لە نەتەوەى کورد و مەزهەبى شیعە، پەیوەستە بەو ململانێ سیاسییە دوورودرێژەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی تورک و دەوڵەتی سەفەوی فارس، کە هۆکار و ڕێخۆشکەر بوو بۆ پەرتکردن و دابەشبوونی ناوچەکەیان لەنێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا. وەک زۆرێک لە شیعەکانی ئێراق بە دواکەوتەی ئێران ناونووس کران، کە لە ناویاندا کوردی فەیلییەکان پشکی شێریان بەرکەوت و لە سەرەتای درووستبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەی ئێراقی جیاکرانەوە. بۆیە گەرەکە لە ئێراقێکی دیموکرات و فیدراڵدا چارەسەری بنەڕەتی کوردانی فەیلی بکرێت و بە گشت مافەکانی هاووڵاتی بوونیان شاد بن، ئەویش گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان و ناسنامەی هاووڵاتیبوون و نیشتمانی بوونیانە لە ئێراق و کوردستاندا.
سەرچاوە عەرەبییەکان
د.احمد ڕاسم النفیس، من هم الکرد الفیلیون.
کاظم حبیب، محنة الأکراد الفيلية في العراق.
عبدالکريم ابراهيم، الأکراد الفيليون الانتماء المذهبي والهوية القومية.
– عزيز الحاج، دراما الأقليات العراقية والديمقراطية المزيفة.
سەرچاوە کوردییەکان
ئاورەحمانی حاجی مارف، چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، بەغدا، 1974.
کۆڕی زانیاری کورد، وشەی زمانی کوردی، 1975 و 1979.
نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی، ھەولێر 1986.
سەلام ناوخۆش، نەریمان عەبدوڵڵا و ئیدریس عەبدوڵڵا، پەرتووکی کوردۆلۆجی.
ڕه فیق سابیر، به ستاندار کردنی زمان و ئه لفوبیی کوردی.
یونیسکۆ، ڕۆژی نێونەتەوەییی زمانی دایک.
سمکۆ ئەبرام، کوورتە باسێک سەبارەت بە زبان ناسی کوردی و ڕێزمان.
چاوپێکەوتنێک لە یوتوب لەگەڵ ئەمیر حەسەنپوور. [1]