=KTML_Bold=شەبەک کوردە تواوەکان لە یارسانەوە بۆ شیعایەتی=KTML_End=
#فەرەیدون سامان#
=KTML_Bold=پێشەکی=KTML_End=
شەبەک یەکێکن لەو گرووپە ئیتنیکییە کوردییانەی کە لە دێرزەماندا لەسەر خاکی کوردستان ژیاون و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن، زارەکەیان سەر بە دیالەکتیکی گۆرانە و وەک لقێکی سەرەکی دەچێتەوە سەر زمانی کوردی. بە چەند هۆکارێکی جوگرافی و ئایینی و فشاری نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر دووچاری ئاسمیلە و جینۆسایدی کلتوری هاتوون. وێڕای لە دەستدانی هەندێک لە داب و نەریتی ڕەسەنی خۆیان لەوانەش جلوبەرگیان، شێوەزارەکەشیان کەوتەوتۆتە ژێر باندۆری زمانی نەتەوەکانی دراوسێیان بەتایبەت زمانی عەرەبی، کە زمانی ئایینی نەتەوە مسوڵمانەکان و تا ڕادەیەکیش زمانی تورکمانی یان تورکی کە زمانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەکان بووە. لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکارییانەش، بە پێی بەڵگەنامە و سەرچاوە مێژووییەکان، ئایینی ڕەسەنی شەبەک خۆیان لە بنەڕەتدا یارسان بوون، بەڵام دواتر لە چەند قۆناغ و سەردەمێکی جیاوازدا چوونەتە سەر ئایینزای شیعەی دوانزە ئیمامی.
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین ئاماژە بە زمان (زار یان بنزاری شەبەک) و مێژووی دابەشبوونی دانیشتووان و ناوچەکانیان و بیروباوەڕی ئایینیان و پێکهاتەی تیرە و هۆزەکانیان بکەین، هەروەها ئەو ئامارە فەرمییانەی کە لەسەر دانیشتووانی شەبەک و دەڤەرەکەیان ئەنجام دراون بخەینەڕوو. دواجاریش ئاماژەیەک بە سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستنیان لە دەڤەرەکانی خۆیان بۆ دەڤەرە عەرەبنشنینەکانی باشووری ئێراق و هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بکەین. هەروەها، ئاماژەیەک بکەین بە کۆمەڵکوژی شەبەکەکان و جینۆسایدی کلتوریان بکەین، بەتایبەتیی لە قەدەغەکردنی زمان و کلتوریان لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندن و فێرکردندا، کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی توێژینەوەکەمانە.
گەلی کوردستان لە چەندان پێکهاتە و گرووپی ئیتنیکی جیاواز پێکهاتووە، کە لە ڕووی ئایین و ئایینزاوە، هەندێکجاریش لە ڕووی ناوچە و دەڤەر و شێوەزارەوە، لە یەکتر جیا دەکرێنەوە، لەوانەش شەبەک، هەورامی، زازاکی، لەک، لوڕ، کەلهوڕ، کرمانج، کە لە بنەڕەتدا هەر هەموویان لە ڕووی ئیتنیکی و زمانییەوە، هەروەها هەستی نەتەوەییەوە خەڵکی ڕەسەن و دانیشتووی کوردستانن و بۆ گەلی کوردستان دەگەڕێنەوە. وێڕای ئەم گرووپە ئیتنیکییە کوردانە، چەندان گرووپی دیکەی ناکوردیش هەن کە کەمینەی ناوچەکەن و لە دێرزەمانەوە لە کوردستان نیشتەجێن، لەوانە جوو، بەهایی، کلدان و ئاشوور، ئەرمەن، تورکمان و عەرەب. سەرباری ئەو جیاوازیانەش کە لەنێوانیاندا هەیە بەوە ناسراون کە چەندان کۆمەڵەی جیاوازی ئیتنیکی ئایینی و نەتەوەیی لە ڕەچەڵەک و ڕەگەز و و کلتوری جیاوازیان تێدایە، کە هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کوردستانی کۆندا فرەیی کلتوری هەبووە و چەندان شارستانییەت و ژیاری جیاواز لە فرەپێکهاتەکان دامەزراوە، کە ئەویش پتر بە شارستانییەتی زاگرۆسی و میسۆپۆتامیا ناسراوە. سەرەڕای پێکەوە ژیانی ئەو پێکهاتە و گرووپانە بە درێژایی مێژوو بەڵام دەبینین جارجار سەبارەت بە ئامانجی هۆکاری ئابووری و ئایینی و ئایینزایی جیاواز دووچاری شەڕ و داگیرکاری و پاکتاوی نەژادی هاتوون، چی لەنێوخۆیاندا چی لە پەلامار و هێرشە گەورەکانی ئیمپراتۆرەکانی وەک ئاشوور و بابل و یۆنان و هەخامەنشی و دواتریش ئیمپراتۆریەتی عەرەبی ئیسلامی و تورکە عوسمانییەکان و فارسە سەفەوییەکاندا بەرجەستە دەبن. چۆن ئەو کەمینە ئایینی و نەتەوەییانە هەر لە دێریندا تا دەگاتە سەردەمی نوێ دووچاری کۆمەڵکوژیی (جینۆساید) هاتوون، لەوانەش کۆمەڵکوژی کوردەفەیلییەکان، بارزانییەکان و گەرمییانەکان دواتریش جینۆسایدی ئیزیدییەکان، شەبەک و کاکەییەکان لە دەشتی نەینەوادا دوا پەڵەی تاوانی شەرمەزاری بوون بە نێوچەوانی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە #داعش#.
شەبەکەکان وەک گرووپ یان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردستان، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی تازەی ئێراقدا لە سەد ساڵی ڕابردوودا، سەرباری سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق، لە سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبکردنیان بەشێوازی جۆراوجۆر بەڵام هێشتا پێکهاتەیەکی ئیتنیکی کۆمەڵگەی کوردستان پێکدەهێنن. بۆ نموونە، لە ئابی 2014 تا ئێستا لەلایەن داعش پتر لە 1382 هاووڵاتی کوردی شەبەک تیرۆرکراون.
=KTML_Bold=ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو=KTML_End=
ئۆلی یارسان لە باشووری کوردستان بە کاکەیی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە ئەھلی حەق یان عەلی ئیلاهی ناسراون. گرووپێکی تایبەتن ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینیی جیاوازن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون بە تایبەت لە دەڤەرەکانی #کرماشان# و #ئیلام# و #لوڕستان#، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. هەروەها لە باکووری ئیرانیشدا لە پارێزگای مازەندەران لە ناوچەی #کەلار#دەشت هەن، لە باشووریش لە #گەرمیان# و دەشتی نەینەوادا. کاکەیی دانیشتووی پارێزگای #کەرکووک# و لێواری زێی بادینانان لەنێوان #هەولێر# و موسڵ. شەبەک بە بنەچە لە ھۆزی جیاجیان بەڵام لە بیروباوەڕی ئایینی دەگەنەوە یەکتر. شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەھلی حەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاریی بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری پێداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و #شارەزوور# و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، ئەوجا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران. بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کوورتکراوەی “یارسوڵتان”ە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە (بە فارسی: سلطان اسحاق). ھەرچەند بوونی ئایینی یارسان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتراییەکان (چوار تا پێنج ھەزار ساڵ لەمەوبەر) بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئایینەکە دادەنرێت، کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. یاخود یارستان بە واتای شوێنی یار یا مریدانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانی (937-1010) یە. لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نووسراوەکانی بە زاری گۆران (هەورامی) نووسراوە، کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە.
ئایینی یارسان بە چەند گەڕێکدا ڕۆیشتووە، پەیڕەوانی ئایینەکە ماوەی ھەر گەڕێک بە سێ سەد ساڵ دەخەمڵێنن. ھەتاوەکوو سەردەمی سوڵتان سەھاک ئایینی یارسان ھەشت گەڕی بەخۆەوە بینیوە، کەواتە تەمەنی ئەم ئایینە بە لای کەمەوە بۆ 2400 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
بالولی دانا، کە کەسایەتییەکی یارسانییە لە سەدەی یەک بۆ دووی زاینیی ژیاوە، باس لە زیندووکردنەوەی ئایینی یارسان دەکات، دەفەرمووێ:
ئەی ئەو واتەی یاران، ئەو واتەی یاران
ئێمە دێوانەی ئەو واتەی یاران
ھەنێ مەگێلین یەک یەک لە شاران
تا زندەکەرین ئایینی یاران.
کەواتە، ئایینی یاران زۆر لە سەردەمی سوڵتان سەھاک کۆنترە، بۆیە داوای زیندووکردنەوەی کردووە. کەسانێک دەستکاریان کردووە بۆ مەبەستی سیاسی وتوویانە: تا زندە کەرین ئایینی ئێران.
=KTML_Bold=شەبەکەکان کێن و چین=KTML_End=
شەبەک گرووپێکی ئیتنیکی کوردستانییە. ھەڵبەتە زۆر ڕاو و بۆچوون ھەن لەسەر ئەسڵی شەبەک و زمان و ئایین و ژمارەیان، بەڵام ئەوەی بەگشتی لەسەری کۆکن شەبەک هاووڵاتی باشووری کوردستانن و بە سەدان ساڵە لە پارێزگای نەینەوا دەژین و 60٪ شیعە و ئەوانی دیکە سوننە مەزهەبن. گوند و ناوچەکانیشیان لە پارێزگای نەینەوا لە دەشتی نەینەوان، نزیکەی 72 گوندیان ھەیە، زمان و دابوونەریتی تایبەت بە خۆیان ھەیە. بە پێی گێڕاوە مێژووییەکانی دوماھی سەردەمی عەباسی و بەڵگەنامە عوسمانییەکان و ئینسکلۆپیدیای بەریتانی و ئیسلامی، شەبەک گرووپێکی سەربەخۆن و ھەر لە سەدەی شانزەھەمی زایینییەوە لە کوردستان نیشتەجێن. شەبەک لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی و حاکمانی موسڵ ھەمیشە بە چاوی نۆکەری بێگانە سەیر کراون. ئەم ڕوانینە ھەمیشە ناوبڕێکی درووستکردبوو لەنێوان ئەوان و دەسەڵاتدارانی مووسڵدا کە بە گشتی سوننە مەزھەب بوون. ھەمیشە داپڵۆسینێکی مەزھەبی و نەتەوەیی لەسەر گوندنشینانی شەبەکدا ھەبووە و خاکەکەیان بە سەر موڵکدارانی موسڵدا بەشکراوە و دانیشتووانەکەش کراون بە وەرزێر.
لە 1921، کە دەوڵەتی ئێراق دامەزرا، بارودۆخەکە کەمێک باشتر نەبوو. سەرەڕای ئەمە، لە سەرژمێرییە یەک لە دوایەکەکاندا دووچاری ستەم و پەراوێزکردن بوونەوە. ساڵی 1987 پاش دەرچوونی بڕیارەکانی بەعەرەبکردن، بەشێکی زۆر لە شەبەکەکان لە خاکی خۆیان ئاوارە کران، ئەویش بە بیانووی ئەوەی کە خۆیان بە کورد داناوە. ئێستا زیاتر لە 60 هەزار شەبەک لەناو شاری موسڵ و 35 گوندی دەوروبەریدا دەژین. لە سەردەمی #بەعس#ییەکاندا شەبەکەکانیش وەکوو ھەموو کوردەکانی دیکە ئەشکەنجە دران. ڕژێمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردەواری شەبەکەکان بسڕێتەوە و ئەوان وەکوو عەرەب بناسێنێت. ھاووڵاتیێکی شەبەک گوتویەتی “ئەگەر ئێمە کورد نەبووین، بۆ بەعسییەکان ئێمەیان لە ماڵەکان و شوێنەکانمان دەرکرد؟”
دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە 2003 دا، شەبەکەکان بە گشتی داخوازی ئەوەیان هەبوو کە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و بخرێنە سەر ھەرێمی کوردستان. بەڵام ئەوان دووبارە دووچاری داپڵۆسینی نەتەوەیی و ئایینی بوونەوە. ئەم جارە لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانی قاعیدە و داعش. ئێستا شەبەکەکان یەک نوێنەریان لە پەڕڵەمانی ئێراقدا ھەیە، ئەویش بە کۆتا.
=KTML_Bold=شێوەزاری شەبەک=KTML_End=
بە بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسان و زمانناسانی کورد، زمانی شەبەک بە لای زمانی ھیندۆئێرانی لە چەشنی (گۆرانی-زازاکی) دەشکێتەوە. توێژەری ناسراوی ئێراقی ڕەشید خەییون دەڵێت: ھەر چەند زمانی نەتەوەکانی دەوروبەر وەک تورک و عەرەب و فارس، کاری کردۆتە سەر زمانی شەبەک، وشەگەلی فارسی و تورکی و عەرەبیش خزاوەتە ناو زمانەکەیانەوە، بەڵام ئەوان بە شێوەزارێکی کوردی قسە دەکەن و بەڵگەش بۆ ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر بەکارھێنانی وشە کۆنەکانە.
بە ڕای ئێمە زمان هەر تەنیا بەکارهێنانی وشە و زاراوە نییە، بەڵکوو لە هەمووی گرنگتر ستراکتۆری زمان و ڕێزمانەکەیە. لە بنەڕەتدا شێوەزاری شەبەک، کە بنزاری باجەلانە، یاسا و ڕێساکانی بۆ زمانی کوردی دەگەڕێتەوە. ئێمە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زانستی و ورد بۆ شێوەزاری شەبەک بۆمان ڕوون بووەتەوە کە زمانەکەیان تێکەڵەیەکە لە بنزارەکانی کرمانجی و گۆران و لەک، بە تێپەڕینی ڕۆژگار ئەو شێوەزارەی لێ پێکهاتووە کە ئەمڕۆ پێیدەگوترێت شەبەک.
=KTML_Bold=بەعەرەبکردنی شەبەک=KTML_End=
هەندێک لە مێژوونووسان وا مەزەندە دەکەن کە شەبەک لە کۆتایی سەدەی ھەژدە لە ڕۆژاوای ئێرانەوە ھاتبنە دەشتی نەینەوا. لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراقدا بۆ یەکەمجار بە ڕەسمی ددانیان پێدانراوە، بەوەی کە یەکێکن لەپێکھاتەکانی گەلی ئێراق. بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەکان وەک جۆرێک لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی ئەو ڕژێمە و بە مەبەستی پاکتاوکردنی نەژادی و بەعەرەبکردنیان، بە زۆر ڕاگوێزران و لەسەر زێدی باوباپیرانیان دەرپەڕێنران بۆ هەندێک ناوچە لە باشووری ئێراق و هەرێمی کوردستان. بەگشتی ئێستا لەو شار و شارۆچکە و گوندانە نیشتەجێن: موسڵ، حەمدانییە، تلکێف، شێخان، بەعشیقە، #شنگال#، تەلعەفەر، مەخمور، عەلی ڕەش، منارە شەبەک، تەھراوە، باشیتە، لەک، جلیوخان، شەھرزاد، قەرەتەپە شەبەک، خوەیتلە، بلاوات، وەردک، کبرلی، خەزنە تەپە، کوکجەلی، بازوایا، تۆبزاوە، تەبڕەق زیارە، دەراویش، ئەبوو جەڕبوعە، خدر بەساتلی، سماقیە، نوڕان، خوبسات، شاقوڵی، شێخ ئەمیر، بەدنە وارین، بەدنە جۆرین، تەرجلە، عەباسیە، فازیلیە، سادە بەعویزە، شێخشیلی.
ژمارەیەکی زۆریش لە شەبەک لە شارەکانی ئێراق نیشتەجێن، وەک بەغدا. وێڕای ئەوە ژمارەیەکیان بۆ چەندان وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی کۆچیان کردووە. لە پاش جەنگی ئازادکردنی ئێراق کە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە ئەنجامدرا، زۆرینەی گوندەکانی شەبەک کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە بەڵام لە لە دوای ڕووداوی کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی 2014 ناوچەکانیان کەوتە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە پەنایان ھێنا بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدا بوون.
سالم جومعە نوێنەری شەبەک لە پەڕڵەمانی ئێراقدا داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە گوندەکانیان بپارێزن. ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی شەبەک ڕوویان لە شارەکانی #دهۆک# و ھەولێر و #سلێمانی# کرد. دەڤەرەکانی کوردانی شەبەک دەکەونە ناو ماددەی 140 و بەشێکن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە نایانەوێت جارێکی تر بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی موسڵ، داوا دەکەن ناوچەکانیان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، سالم شەبەک نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەڕڵەمانی ئێراق دەڵێت: نزیکەی 450 هەزار کوردی شەبەک دەبین، زۆربەمان لە سنووری بەرتلە و تەلکیف و 56 گوندی دەوروبەری موسڵ دەژین و تا ئێستا لەلایەن داعش زیاتر لە 1382 هاووڵاتیمان شەهید کراوە.
شیاوی ئاماژە بۆ کردنە نوێنەرێکی دی شەبەک لە پەڕڵەمانی ئێراق، حەنین قەدۆ، کە ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی شەبەکی دیموکراتییە، لە چوارچێوەی لیستی ھاوپەیمانی ئێراقی یەکگرتوو. ھەروەھا سەرۆکی ئەنجوومەنی کەمینەکانی ئێراقە و تاکە نوێنەری شەبەکیشە لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان. حەنین قەدۆ دژی گەڕانەوی دەڤەرەکانی شەبەکنشینە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ھەمیشە وا باس لە شەبەک دەکرێت کە گرووپێکن لە موسڵمانانی شیعە مەزھەب. ھەندێک لەوانە لەسەر ڕێبازی “بەکتاشی”ن، پێدەچێت ئەم ڕێبازەیان لە شیعەکانی تورکیا وەرگرتبێت .ھەروەھا باوەڕی تریان ھەیە کە دەڵێن: ئێمە بنەچەمان دەگەڕێتەوە بۆ “قزلباشییەکان”، کە لە سەدەی ھەژدەھەم لە ئێرانەوە ھاتوونەتە ناوچەکە و مزگەوت و حسێنییە و تەکییەیان ھەیە بۆ نوێژکردن و پەرستن. بەپێی بۆچوونی هەندێک لە شەبەکەکان جگە لە کەمینەیەکی ئێزیدی، مسوڵمانی سوننەش لەناو شەبەکەکاندا هەیە.
=KTML_Bold=پێکھاتەی ھۆزەکانی شەبەک=KTML_End=
شەبەک لە چەند ھۆزێک پێکدێن کە ھەندێکیان کەوتوونەتە ناوچەکانی ھەولێر و کەرکووک و #خانەقین#، ھەندێکی دیکەیان کەوتوونەتە ناوچەکانی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. گرینگترین ھۆزەکانیشیان بریتین لە باجەلان و زراری و داودی و زنگەنە و ڕۆژبەیانی. دەکرێت پەیوەندی شەبەک بە ناوچەکانی باشووری کوردستان بەوە دیار بکەین کە ئەوان بە ڕەگەز کوردن و ھەر لە دێرزەمانەوە لە ناوچەکەدا دەژین و بوونیان ھەیە.
توێژەری ناسراوی ئێراقی. ڕەشید خەییون، وای دەبینێت کە شەبەک ھۆزێکی کوردین، بەڵام دەوروبەر کاری تێکردوون و بوونەتە کۆمەڵ کۆمەڵ و بەسەر ئایین و مەزھەبەکانی دەوروبەردا بەشبووبن. ھەندێکیان چوونەتە ناو تەکییە و ڕێبازی سۆفییەکان، ئەمەش لەبەر بەرھەڵستکاری کردنیان بووە لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی بەعەرەبکردنیان. بەشێک لەو ماڵباتانە لە 1975 کۆچیان پێکراوە، ژمارەیەکی دیکە لە 1988 و 1989 بە زۆر لە گوندەکانیان ڕاگوێزراون و لە ئۆردوگاکان نیشتەجێکراون. ھۆکاری ئەو ڕاگوازتنەش ئەوە بوو گوایە لە سەرژمێری 1977 دا بە عەرەب نووسراون بەڵام شەبەکەکان لە سەرژمێری 1989 دا نەتەوەی خۆیان گۆڕیوە و کردوویانە بە کورد، بۆ ئەوەی لە خزمەتی سەربازیی لە سوپای ئێراق خۆیان دوورخەنەوە و بتوانن بە سانایی بچنە ناو فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی کوردی کە ئەوسا ڕژێمی ئێراق بۆ کوردە لایەنگرەکانی خۆی پێکی ھێنابوون. بۆیە دەوڵەتی ئێراق بۆ ناوچەکانی دەشتی حەریر ڕایگواستن لەبەر ئەوەی خۆیان بە کورد داناوە. پاشان لە 1991 لێبوردنی بۆ دەرکردن و دەرفەتی پێدانەوە کە بگەڕێنەوە سەر زێدی باوباپیرانی خۆیان.
لە سەرژمێری 1977 حکومەتی ئێراقی شەبەکەکانی بە عەرەبی تۆمارکردبوو. لەوە پێشتریش لە ئامارە فەرمییەکان لەگەڵ ئێزیدیەکانیان تێکەڵی کردبوون، بۆیە ڕاپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی گشتی تایبەت بە دابەشکردنی ئایین بەسەر دانیشتووانی ئێراق ئاماژەیان پێنادا.
ڕەشید خەییون لە پەرتووکی “ئایین و ئایینزاکان لە ئێراق”دا، پشت بە خەملاندنی کۆنی ئینگلیزەکان دەبەستێت کە پێشتر کردوویانە و بە 10 ھەزار کەس دەیانخەملێنێت. بەڵام لە ئاماری 1947 ھەموویان لەگەڵ ئێزیدییەکان ھەژمار دەکرێن و بە 33 ھەزار کەس لە قەڵەم دەدرێن. لە سەرژمێری 1977 دا ژمارەکەیان بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 58 ھەزار کەس. گەر ئاوڕێک لە بەڵگەنامەی ئێراقی ساڵی 1936 بدەینەوە لەگەڵ سەرژمێرییەکانی دیکە دەبینین ناوی شەبەک نەھاتووە، بەو پێیەی کە ئەوان کوردی موسڵمانن، ھیچ وردکارییەکی دیکە تایبەت بە ھۆزەکانیان کە عەرەب بن یان کورد باس نەکراوە. بەڵام ھەموویان لە ئاماری 1947 لەگەڵ ئێزیدیەکان ھەژمارکراون. ڕای فەرمیش کە پشت بە توێژینەوەکانی پێشتر دەبەستێت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان لە کورد جیاکراونەتەوە.
=KTML_Bold=شەبەک و پلانی خۆ بە کەمینە ناساندن=KTML_End=
بە ھۆی بەسیاسیکردنی پرسی شەبەک و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی جوگرافیای دانیشتووانی کورد لە موسڵ، پلانێکی کارا ھەیە بۆ ناساندنی شەبەک وەک کەمینیەیەکی نەتەوەیی جیاواز لە کورد. بۆ ئەم مەبەستە حزبی سیاسی و دارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی، بە تایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆڤێنی لە تورکیا بۆ تەرخانکراوە.
ئەو نووسەر و توێژەرانەی لەسەر شەبەکیان نووسیووە کۆک نین لەسەر دیارکردنی ئەسڵی شەبەک و ھەر یەکێکیان لەو بارەیەوە دیدی خۆی ھەیە. زۆرینەی توێژەرە عەرەبەکان بۆ مەبەستی سیاسی یان ڕەگەزپەرستی-نەتەوەیی بنەچەی شەبەک دەبەنەوە سەر عەرەب. ئەوان لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاتوون و لە ناوچەکانی موسڵ نیشتەجێن، دواتر لە ڕێگای خزمایەتییەوە تێکەڵ بە ھەندێک ھۆزی کورد و تورکمان بوون و دابوونەریت و کلتور و زمانی تایبەت بە خۆیان ھەیە.
لەو تێڕوانینە جیایانەی لەسەر ئەسڵی شەبەک ھەن، بۆچوونی تر ھەیە دەڵێت ئەوانە ئەسڵیان تورکە و لە سەردەمی سەفەوییەکان بە بیروباوەڕو مەزهەبەکەیانەوە ئاوارەی ئێراق بوون .دکتۆر داود چەلەبی لە کتێی “العراف” وای دەبینێت “کە شەبەک لە باشووری ئێرانەوە ھاتوون و زمانەکەیان تێکەڵەیەکە لەنێوان فارسی و کوردی و عەرەبی لەگەڵ کەمێک تورکی، شێوەزارەکەشیان نزیکە لە زمانی بەلوچی. نووسەرێکی کورد بەناوی شاخەوان لە گۆڤاری “سەرھەڵدان” بۆچوونی کورد لە بارەی شەبەک پووخت دەکاتەوە و دەڵێت “بە پێی بەڵگەنامە زانستییە مێژووییەکان گومان لەوەدا نییە شەبەک کوردن و بنزارەکەشیان باجەلانییە و سەر بە زاری گۆرانە. زاری گۆرانیش یەکێکە لە چوار زارەکەی زمانی کوردی”. بەڵام بۆچوونی زۆرینەش ئەوەیە کە شەبەک ئەسڵیان کوردە و ھەر لە زووەوە لەسەر خاکی کوردستانی باشوور ژیاون.
شەبەکەکان موسڵمانن و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیان لە پلەبەندی سۆفیگەری نزیکە. بۆ نموونە، بە پیاوانی ئایینی تازەیان دەڵێن “مورید”، کە ئەوە لەلایەنی ڕۆحییەوە پەیوەندی بە پلەبەندیی سەرووی خۆیەوە ھەیە کە پێی دەڵێن “مورشید”. مورشیدیش پەیوەندی بە پلەبەندیی سەرووی خۆیەوە ھەیە کە پەناگای باڵایە و پێی دەگوترێت “پیر”. پیرۆزترین پەرتووکی ئایینی لای شەبەک کە دەستنووسێکی تورکییە پێی دەوترێت “بویورق-ئەلئەوامر”.
لە نووسەرانی عەرەبیش ئەحمەد حامد مەحمود ئەلسەراف لە پەرتووکێکی چڕوپڕدا بە ناوی “شەبەک” قسەی لەسەر ئەسڵی شەبەک و شوێنی نیشتەجێبوونیان و پەرستاگاکانیان کردووە. بە توێژینەوەی مەیدانیش سەردانی ژمارەیەک گوندی کردووە لەوانە گوندی “تیس خراب” کە مەزارگەی “ئیمام ڕەزا”ی لێیە. ھەروا وێنەیەکی “زێوان”ی بڵاوکردووەتەوە. باس لە جلوبەرگەکەی دەکات و دەڵێت ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ جلوبەرگی ئێزیدییەکان، ھەرچەندە ئەو زێوانە بەرگی کۆنی شەبەکی لەبەر بووە. ھەروەھا نووسەری ئێراقی، عەلی ڕەزا، لەبارەی شەبەکەوە دەڵێت لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی زۆر لەنێوان نووسەر و توێژەران لەسەر ئەسڵی شەبەک ھەیە و لەسەر دیارکردنیشی ڕێکنەکەوتوون دەتوانین ئەو سێ بۆچوونە بخەینە ڕوو: یەکەم، شەبەک قەومێکن لە ڕۆژاوای ئێرانەوە ھاتوون و ھەر لە کۆنەوە لەو ناوچەیە نیشتەجێن، ھەرچەند جیاوازیش ھەیە لەسەر مێژووی ھاتنیان بۆ ناوچەکە. دووەم، شەبەک گرووپێکن بە ھەزار ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح لە ناوچەی باکووری دەریای قەزوێنەوە ئاوارە بوون و ھاتوونەتە ناوچەکە. ھەرچەند سەرچاوەیەک لەبەر دەستدا نییە کە بسەلمێنێت لە چ مێژووێکەوە لە ناوچەکە نیشتەجێن. سێیەم، بۆچوونێکی دیکە ھەیە کە ڕۆشنبیرە شەبەکەکان زۆرجار بانگەشەی بۆ دەکەن و دەڵێت: شەبەک پاشماوەی میدیاییەکانن کە لە 612 پ. ز. دەستیان بەسەر ئیمپراتۆریەتی ئاشووری داگرت.
ئیبن کەسیر لە پەرتووکەکەیدا لەبارەی مێژوو دەڵێت “کاتێک ساسانییەکان دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتدا گرت دووبارە قەڵاتی موسڵیان نۆژەنکردەوە و سەربازەکانیان لەوێ نیشتەجێکردن و دەوروبەرەکەیان قایمکرد بەو گوندانەی لەوێ بوون کە جوتیار و پیشەکاری فارس و لوڕ و کورد و ھەندێک خریستانی تیایدا نیشتەجێبوون”. باسیل نیکیتین ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: جڵەوی بەرفرانبوونی دەسەڵاتی میدییەکان لە 714 پ. ز. بەرەو باشوور و بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بوو، مانەوییەکان کە خووڕەوشتی ئێرانیان ھەیە بۆ ناوچەکە ھاتن. دواتر، سیتونیەکان ھاتن کە بە ڕەچەڵەک ئێرانین. پاش ئەوەی مەملەکەتی ئاشوور لە 612 پ. ز. ڕووخا، بۆشاییەکی گەورە لە ناوچەکە پەیدابوو، تەنیا ئەو ھۆزە ئێرانییانە پڕیان کردنەوە کە تازە ھاتبوونەتە ناوچەکە و لە ڕۆژھەڵاتی دیجلە نیشتەجێبوون. قەشە سڵێمان ئەلسائغ دەڵێت: “ئەوانە لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێبوون وەک براکانیان عەرەب و کورد کە بۆ ماوەی جیاجیا لە موسڵ نیشتەجێ بووبوون”. بۆچوونێکی تریش ھەیە دەڵێت: ئەوانە سەر بە ھۆزی “شبانکارە”ن کە سەر بە بنەماڵەی ڕەسەنی دلێمین و لەسەر مەزهەبی ئیسماعیلین. لە سەردەمی سەلجوقییەکان ھۆزی شەبانکارە و کورد بەسەر ئەتابیکەکان سەرکەوتن، پاش ڕووخانی دەوڵەتی سەلجوقییەکان ھۆزی شەبانکارە دەستیان گرت بەسەر بەشی ڕۆژھەڵات لە ھەرێمی فارس، بەم شێوەیە ناوی شەبەکیان لێنرا.
ھەندێک لە نووسەرانیش دەڵێن شەبەک بە ئەسڵ تورکن و لە سەردەمی سوڵتان تۆغرۆڵی سەلجوقی لە ساڵی 447 ک لە باکووری تورکیاوە ئاوارە بوون و ھاتوونەتە ئێراق (کە چەند ھۆزێکی تورک بوونە) و لە گوندەکانی موسڵ نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی فریای خەلیفەی عەباسی -قائیم بیئەمریلا -بکەون تا زاڵبن بەسەر دەسەڵاتی بوەیھیەکان.
بۆچوونی دیکە ھەیە دەڵێت: ئەوانە پاشماوەی ململانێی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکانن لە ناوچەکەدا. لەم ڕووەوە دکتۆر مستەفا کامل ئەلشەبیبی وای دەبینێت کە “شەبەک ھۆزگەلێکی تورکمانن، یان لەوانەیە بەکتاشی ڕەسەن بن و ئینتیمایان بۆ سەفەوییەکان گۆڕا بێت پاش ئەوەی حەیدەر بن جونەیدی سەفەوی بانگھێشتی کردن بچنە سەر باوەڕەکەی کە لەنێوان سۆفیگەرێتی و شیعەگەرێتی بوو، واتە سۆفیگەری و شیعەگەری بە یەکەوە کۆکردبووەوە، کە درووشمێکی سووری ھەبوو بە شوێنکەوتووانی دەگوترا، دواتر بەشێک لە تورکمان و بەکتاشی گۆڕان و بوون بە قزلباش، پاشان کە دەوڵەتی سەفەوی سەریھەڵدا ڕوونبووەوە کە ئەوان مکوڕن لەسەر ئەوەی کێبڕکێی دەوڵەتی عوسمانی دەکەن و لە ھەوڵی ئەوەشدان بەسەر دەسەڵاتەکەیدا زاڵ بن. بۆیە سرووشتییە کە عوسمانییەکان قزلباشەکان دەربکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان پارێزراو بێت و لەھەمانکاتدا سزایەکی تووندیشیان دەرکرد بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەریان ئاشکرا بێت قزلباشن، کاتێک چەوساندنەوەیان زیادی کرد قزلباشەکان بەردەوامبوون لەوەی خۆپیشاندان بە بەکتاشییەکان بکەن بەرەو ڕۆژھەڵات بڕۆن. بە ئومێدی ئەوەی پەیوەندی بە سوپای سەفەوییەکانەوە بکەن، بەڵام کاتێک زانیان ڕەوشەکەیان بۆ لە بار نییە و ئامانجەکەیان پێ ناپێکرێت، بەسەر لایەنەکانی ڕۆژھەڵاتی موسڵ دابەشبوون و پەیوەندییان بە ھاوکارانیان و ھاونیشتمانیانی خۆیانەوە کردەوە لە ڕێگەی ڕاماڵینی دەوڵەتە تازەکەیەوە کە لە ناوچەکە ھەبوو، پاشان لەوێ سەقامگیر بوون و دەستیان کرد بە کاری کشتوکاڵی بێ ئەوەی لەو کۆمەڵگە تازەیە بتوێنەوە، یان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆیان بزر بکەن. نووسەر چەند بەڵگەیەکی لاواز لەسەر ئەوە دێنێتەوە کە ئەسڵی شەبەک تورکن وەک: سمێڵ ھێشتنەوە و لێک نزیکی زمانەکانیان، دەرکەوتنی شێوازی بیناسازی سەلجوقی لە شوێنە پیرۆزەکانیاندا بە تایبەت لە مەزارگەی ئیمام زەینلعابدین بن عەلی لە گوندی عەلی ڕەش. ھەروا پەرتووکە پیرۆزەکەیان کە بە زمانی تورکی نووسراوە. ھەندێک لە نەتەوەکانی تورک بەڵگە بە ھەندێک سەرچاوە دێننەوە کە شەبەک بە بنەچە تورکن کە ئەوەش دەقەکەیە “شرۆڤەی لۆرانس لوکھارت کە باس لە بوونی تورکمانی سەفەوی (قزلباش) لە ئێراق دەکات، بۆ ئەوەی شا ئیسماعیل ئەو ھۆزە تورکمانیانە (تاکاللو، ئەستاجلو، زولقەدەر، شاملۆ، ڕاملۆ، ئوشار، کاجار، فارشاک) کەسب بکات، کە ئەوسا لە باکووری ئێراق و باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا و سووریا و ئازەربایجان بوونیان ھەبوو، چونکە تورکمان بڕبڕەی پشتی ھێزی سەربازیی سەفەوییەکان بوون. پاش ئەوەی شا ئیسماعیل لە شەڕی چاڵدێران شکستی ھێنا و زۆرینە شوێنکەوتووانی لە باکووری ئێراق پەرتەوازە بوون، شا ئیسماعیل لە 1508 تا 1510 حوکمڕانی کوردستان و بەشێک لە باکووری ئێراقی کردووە.
پڕفیسۆر موسا مەتا دەڵێت: وا دیارە شەبەکەکان پەیوەندییەکی پتەویان بە بەکتاشیەکان و قزلباش و سەفەوەییەکان ھەبووە، بەو پێیەی سەربازی شا ئیسماعیل بوونە و لە موسڵدا دانیشتوون. ھەروەھا، موسا مەتا دەڵێت: زمانی شەبەک لە بنەڕەتدا تورکییە و تێکەڵ بە فارسی و کوردی و عەرەبی بووە، پەرتووکە پیرۆزەکەشیان کە ناوی “بویروق”ە، ئەویش بە زمانی تورکی نووسراوە، بیروباوەڕەکەشیان بۆ ھەمان مەزهەبی بەکتاشی وعەلەوی دەگەڕێتەوە. بەهەمانشێوە، ئەدمۆنس کە لە چەندان پۆست لە پارێزگاکان و وەزارەتەکانی ئێراق کاریکردووە و بۆ ماوەی چەند دەیەیەکیش لە ئێراق ژیاوە دەڵێت: زۆرینەی شەبەکەکانی ئێراق تورکمانن. ئەلعومەرییش وای بۆ دەچێت کە شەبەک لەسەر مەزهەبی شیعەی تورکمانین. ھەندێکی دیکە گریمانی ئەوەیان ھەیە کە شەبەکی موسڵ لە پاشماوەی ھۆزەکانی “ئاقوقۆینلو یان قەرەقۆینلو”ی تورکمانی بن.
ھەندێک لە توێژەران بۆچوونیان وایە کە شەبەک بە ئەسڵ کورد بن وھەر لە دێرزەمانەوە لە شاری موسڵ نیشتەجێ بووبن. یەکێک لەو نووسەرانەی کە زۆر لەو بۆچوونە پێداگیری دەکات نووسەری ناسراوی کوردی شەبەک “ئەحمەد شەوکەت”ە. ئەو وای بۆ دەچێت کە شەبەک بوونیاتنەری شاری موسڵ بن چونکە نەوادشیر کوردی کە میدییە ئەو قەڵاتی لە کەرتی ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە درووستکردووە، ئەمەش پێش ئەوەی ئاشوورییەکان بێنە ناوچەکە بە پێنج سەدە بە لایەنی کەم بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی حەوانەوەی ئەو کاروانانەی لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژاواوە بە ناوچەی حەریر گوزەر دەکەن. نووسەر پشت بە چەند سەرچاوەیەک دەبەستێت وەک: بۆچوونی مێژوونووسی ئەڵمانی “فۆن ھامەر”، کە لە 1774 ز لەدایکبووە. ئەو دەڵێت: دانیشتووانی موسڵ بە زمانی کوردی قسە دەکەن و ئەوان کوردن. سەرەڕای ئەوەی کە کوردن بە ھەر سێ زمانی عەرەبی و فارسی و تورکیش دەزانن. ھەروەھا ئەو ڕاستییە مێژوونووسی بەناوبانگ “لسترانگ”یش پشتڕاستی دەکاتەوە، کاتێک دەڵێت: ھەر لە دێرزەمانەوە خەڵکی موسڵ کوردن. بەهەمانشێوە، مێژوونووسی بەناوبانگی کورد “ئەمین زەکی بەگ” دەڵێت: خەڵکی موسڵ کوردن. نووسەر “چەلەبی زادە”ش کاتێک سەردانی موسڵ دەکات و پەرتووکی “کشف الفنون” دادەنێت، دەڵێت: بینیم خەڵکی موسڵ بە زمانی کوردی قسە دەکەن. گەڕۆکی بە ناوبانگی ئیتاڵی “مارکۆ پۆلۆ”، کە لە 1280 بە موسڵ تێپەڕدەبێت، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە گەر لە پشتێنەی موسڵ بچیتە دەرەوە ھۆزگەلێک دەبینی کە مێزەری گەورەیان لەسەرە و بە ژیانی کۆچەری دەژین و پێیان دەگوترێت کورد.
ئەحمەد شەوکەت لە پوختەی بیرۆکەکەیدا دەڵێت: شەبەک لە بنەچە نەوەی کوردن و لە ھەمانکاتدا ئەو پرسیارەش دەکات “گەر نیشتمانی کورد بە درێژایی سرووشتی کوردستان درێژبێتەوە، ئیتر بۆ شەبەکەکان ھیچ نامێنێتەوە تەنیا ئەوە نەبێت کە کوردن”. جگە لەوە نووسەری تریش ھەن دەڵێن: شەبەک ئەسڵیان کوردە، بەڵام ئاماژە بە ھاتنیان و مێژوو و چۆنییەتی نیشتەجێبوونیان ناکەن لە ناوچەکانی موسڵدا.
بۆچوونێکی تر شەبەک بۆ یەک بنەچە ناگەڕێننەوە، بەڵکوو وای دەبینن کە ئەسڵی شەبەک لە زۆر پێکھاتە پێکھاتوون، لەم بارەوە توێژەری ئینگلیز مەکنیزی ساڵی 1958 وای دەبینێت کە “کە شەبەک لە ئەسڵی زۆر ڕەگەز پێکھاتوونە کە لە ناوچەکەدا بوونە. کاتێک لەگەڵ عەرەب تێکەڵبوون زمانەکەیان تێکھەڵکێش کراوە. نەک وەک قەومەکانی دیکە عەرەب و کورد و فارس و تورکمان. ھەر یەکێک لەو قەومانە لە ھەوڵی ئەوەدان ڕەگەزی شەبەک بە خۆیانەوە بلکێنن و بیانکەن بە عارەب، تورکمان یان فارس. زوھێر کازم عەبود پشتڕاستی ئەو بۆچوونە دەکاتەوە و دەڵێت: شەبەک لە ڕەگەزی چەند قەومێک پێکھاتوونە و تێکەڵکێش بوون، بەڵگەشی بۆ ئەمە مانا زاراوەکەیەتی کە “شەبەک” مانای تێلبەند دەگەێنێت. وەک چۆن دەڵێن پەنجەکانم تێکھەڵدەکێشم. لێرە تێکھەڵکێشان بۆ زۆر دێت، شەبەک واتە لێرەدا تێکەڵبوون و چوونە ناویەکی چەند ڕەگەزێک.
=KTML_Bold=راسپاردە=KTML_End=
بە مەبەستی تەواوکردنی توێژینەوەکەم لەسەر پرسی شەبەکەکان، چەند پرسیارێکم ئاڕاستەی چەند کەسایەتییەکی شەبەک کرد و ڕاوبۆچوونی ئەوانم لەسەر ئەو کارەساتە تراژیدیە وەرگرت، پرسیارەکانیشم ئەمانە بوون: ئێوە وەک خەڵکی شەبەک چۆن دەڕواننە کەیسی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونتان لە دەڤەرەکانی خۆتان، لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش. ئایا ئێوە ھەر تەنیا داعش بە تاوانبار دەزانن یان ھێزە ئیقلیمی و ناوچەیەکانیش بەشدارن لەو تاوانەدا؟ داخۆ پێشنیاز و ڕاسپاردەی ئێوە چییە بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی ئاوارەکان و گەڕانەوەی هاووڵاتییانی شەبەکی بەردەستی داعش و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان و قەرەبۆ کردنەوەیان؟ ئەی داھاتووی شەبەکەکەکان لە ئێراق و ھەرێمی کوردستاندا چۆن دەبینن؟
شێخ یونس شەبەک (کەسایەتی) دەڵێت: ئێمە باوەڕمان نەدەکرد لەم سەردەمەدا تووشی فەرمانێکی وەھا ماڵوێرانکەر ببین و ئاوارە بین، بەڵام ئێمە بێئومێد نەبووین لە ھەموو بوارێکدا بەرخودانمان کردووە، لەناو وڵات و دەرەوەش. بەڕای من داعش تاوانباری سەرەکییە، بەڵام دەوڵەتانی ھەرێمی دەستیان لەو کۆمەڵکوژییە ھەبووە و ھێزەکانی ئێراقی خەمساردییان ھەبوو، بۆیە پێویستە سزای یاسایی تاوانباران و کەمتەرخەمەکان بدرێن، ڕزگارکردنی دەشتی نەینەوادا. قەرەبۆ کردنی ماددی و دەروونی خەڵکی شەبەک ئێمە لە موسڵ. بایەخدان بە خزمەت و گیانی خەڵکی، جێبەجێکردنی یاسا و ڕەچاوکردنی مافی شەبەک لە ئێراق و ھەرێمی کوردستاندا کاری لە پێشینەن بن.
عەمار غانم، کەسایەتییەکی شەبەک، دەڵێت ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی جیاوازی نەکرد لە جینۆسایدی پێکهاتەکانی کوردستان لەوانەش شەبەک و ئێزیدی و کاکەیی و تورکمانی شیعە و کریستیانەکان، بۆیە پێویستە دوای ئازادکردنی موسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر خاک و ماڵی خۆیان، سەرەتا دەڤەرەکانیان ئاوەدان بکریتەوە، قەرەبۆ بکرێنەوە و چارەسەری بریندارو سەقەت و کەمئەندامەکانیان بکرێت و پڕۆژەی کارکردن بۆ بێکارەکان دابین بکرێت. هەروەها لە هەمووی گرنگتر لە بواری پەروەردە و فێرکردندا خوێندن بە زمانی دایک بێت تا ڕۆڵەکانی ئێمەش وەک منداڵانی هەرێمی کوردستان بە زوانی کوردی بخوێین.
=KTML_Bold=لە پەیوەند بە پرسی شەبەکەکان دەکرێت ئێمەش ئەم ڕاسپاردانە بخەینەڕوو:=KTML_End=
1-ناوچەکانی شەبەک بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و ئاوارەکان ژیانیان دابین بکرێت.
2-چارەسەرکردنی گرفتی لاوان و ئاستی بەرزی ڕێژەی بێکاری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و وازھێنان لە خوێندن.
3-چارەسەرکردنی ڕەوشی ھەڵایساوی پەنابەران لە تورکیا و یۆنان و سربیا.
4-چارەسەرکردنی ڕەوشی منداڵانی زەوتکراو لە سایەی داعشدا دوای داگیرکردنی موسڵ کە کاریگەریی زۆری ھەبووە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بوونیاتی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی تاوانکردنی بەرفرەوانی لە دژی مافەکانی مرۆڤ دەرهەق بە شەبەکەکان.
5-یارمەتیدانی کەمئەندامەکانی شەبەکەکان، کە بەدەست گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی و نەبوونی فێرکردن و کێشەی خێزانییەوە دەناڵێنن.
6-بایەخدان بە پەروەردە و فێرکردن لە ناوچە کوردییەکانی شەبەک تا نەوەی نوێ بە زمانی دایکی خۆیان کە کوردییە گۆش بکرێن و لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن دانەبڕێن.
=KTML_Bold=ئەنجام=KTML_End=
پوختەی توێژینەوەکەمان ئەوەیە کە شەبەک لە چەند ھۆزێکی زۆرینەی کورد و کەمینەیەکی عەرەب و تورکمان و فارس پێکھاتوونە و بە درێژایی مێژووی پێکەوەژیانیان تێکەڵ یەکتر بوون. ھەر یەک لەو ھۆزانەش شانازی بەوە دەکەن کە شەبەکن ئەویش بە ھۆی پابەندبوونیان بە ئایینەکەیان و بەھا بەرزەکانی نێو کۆمەڵگەکەیان، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ کۆمەڵگەی موسڵ بەڕێزەوە سەیری ئەو پابەندبوونەی شەبەک دەکەن. لەوەدا بۆمان ئاشکرا دەبێت زۆرینەی ئەو نووسەر و توێژەرانەی قسەیان لەسەر بنەچە و زمان و باوەڕی ئایینی شەبەکەکان کردووە زانستی نەبوون. لەوانە هەندێکیان لەبەر کەمزانیارییان، هەندێکیشیان بە هۆکاری ڕەگەزپەرستی نەتەوەییان ئەسلی شەبەکیان گەڕاندۆتەوە بۆ سەر نەتەوەکانی خۆیان. هەندێکیش لەو مێژوونووس و توێژەرە بیانییانە بە مەبەستی سیاسی و سیخوری و لێکترازانی پێکهاتەکانی گەلی کوردستان شەبەکیان بردۆتەوە سەر بنەچەی دیکەی غەیری کورد. هەروەک چۆن بەرانبەر بە زازاکی و لوڕ و هەورامییەکان هەمان سیاسەتیان گرتۆتە بەر. ئەمڕۆ بە خراپ لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە بەرهەمەکەی دەچننەوە لە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە هەورامییەکان یان لوڕەکان، زازاکییەکان کورد نین، بۆیەش پێویستە لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەمەودوا بایەخی پتر بەم پێکهاتە ڕەسەنەی کوردستان بدات لە بوارەیلی جیاوازی کولتوری (زمان و کەلەپووری میللی و وێژە و هونەر). هەروەها لە بوارەکانی پەوەروەردە و فێرکردن دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت تا نەوەکانیان لە زانست و زانیاری بێبەش نەبن، لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی وەک هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە پێی پلان و بەرنامەرێژی دەڤەرەکەیان ببوژێنێتەوە و دواجاریش هەوڵی دڵسۆزانە بدرێت کە ناوچەکان کە کەوتوونەتەوە ماددەی 140 بگەڕێندرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان=KTML_End=
نصر مردان. الشبک. اصلهم، لغتهم، ديانتهم واعدادهم . جنيف 2010.
نصر مردان. عراقيون أصوليون متبعا المذاهب و الديانات، جنيف.
السيد احمد الحسين. ما هي الطائفة الشبکية، نجمة الجدي، موقع الالکتروني.
هەردەوێڵ کاکەیی، فەرهەنگی شەبەک، ئەنیستیتیوتی کەلەپووری کوردی، سلیمانی 2013.
هوگر تاهر توفیق، الکرد و المسآلة الارمنیة 1877-1920، دار الفارابی، دار اراس 2014.
مایکل غینتر. کورد العراق-الام وامال. ت: عبدالاسلام النقشبندی، دار اراس 2012.
جیرارد جالیاند. المآسات الکوردیە، ت: عبدالسلام النقشبندی، دار اراس 2012.
شیرکو کرمانج. الهویة و الامة فی العراق، دار الساقی ودار اراس 2015
عفرة بینگیۆ. کرد العراق: بناء الدولة داخل الدولة. دار الساقی ودار اراس 2014.
احمد محمود الخلیل. تآریخ الکرد فی العهود الاسلامیة، دار الساقی 2013.
خضر دوملی. دلیل الصحفیین للکتابة عن قضایا الاقلیات، مطبعة #ماردین# اربیل 2017.
ڕەشاد میران. گۆڤاری ئەکادیمیا. ژمارە 37.
گۆڤاری سوبارتو. ژمارەی ساڵی 2014.
ویکیپێدیا. [1]