مناڵەکان:
ئەولادی وەتەن، ئێمە کە وا میللەتی کوردین
بۆ غایەیی ئاسایشی میللەت هەموو گوردین
شێرانە ئەوا مەعرەکە ئارایی وەغا بووین
بۆ ڕشتنی خوێناوی عەدوو حازری ڕا بووین
لە پێشمانەوە هەر وا
بەیداخی زەفەر ئەڕوا
ڕیشەی عەدوو با دەر بێنین
حەق بەدەس خۆمان بسێنین
بۆ نەمانی مەزالیم، سوارانی جەنگی
تەپڵی بازیان لێدا بە شۆخ و شەنگی
***
باوک:
لەم وەزعە گەر ئەی دوژمنی کورد ئێوە ئەپرسن
ئەم هەمهەمەیە میللەتە هەڵساوە، بترسن
کفن بۆ خۆتان ببڕن
هەر لە ئێستاوە بمرن
لازمە لەبەر غەم و حەسرەت
ببن ئەشک ڕێزی مەزەللەت
ئەی دلاوەرانی وەتەن وەرنە ئیمداد
باوک بە پەرۆش، لێتان ئەکا ئیستیمداد
کوردانی غەهەنفەر شکەنی مەعرەکە ئاغۆش
نابێ بکەن ئەم باوکی خۆتانە فەرامۆش
زێرا کە دوو چاوی ئەبەدی ئێمە لە گۆڕا
چاوی لە زەفەرتانە لە حەرب و شەڕ و شۆڕا
باوک بە قوربانتان بێ
ڕۆحەکەی فیداتان بێ
وەختی فرسەت و ئیتتیفاقە
ڕۆژی لابردنی نیفاقە
ئارەزوو ئەکەم ئێوە، وەختی ئیحتیزار
بە شان و زەفەرەوە بمبەن بۆ مەزار
***
دایک:
بۆ دەفعی مەزالیم، لە مەوانیع مەکە پەرهێز
سا دەس بەرە شێر و تفەنگ و خەنجەری خوونڕێز
بۆ ئێوە کەوا غیرەتە یەک دەفعە ڕەگ و ئێسک
حاشا کە بە حوزنێکی زەلیلانەوە فرمێسک
لە چاوم بێتو بتکێ
دڵم یەک زەڕڕە بشکێ
چونکو ئێوە جەسوور ئەبینم
نامێنێ ئازاری برینم
شیرەکەم حەڵاڵتان بێ، ڕۆژی هیممەتە
ڕۆحەکەم فیداتان بێ، وەختی غیرەتە
***
مناڵەکان:
نوخبەی ئەمەلی ئێمە هەموو بەم دەسوبردە
خەڵقینە لەبۆ مەسعەدەتی میللەتی کوردە
مەوتێ کە حەیاتی وەتەنێکی لەدوا بێ
سەد ژینی زەلیلانەیی یاڕەب بە فیدا بێ
ئەوکەسانەی جەبانن
مەعنای ژیان نازانن
مردنی لە ڕێگای میللەتا
چاکترە لە ژین لە زیللەتا
هەرکەس خۆی بکا بە قوربانی میللەت
لە قەبرا هەتا مەحشەر ناکێشێ زیللەت
***
ئافرەت بە مناڵەوە:
یاران و ڕەفیقان و دلێر و یەلی کوردان
شەڕ جەژنی هەموومانە بڕۆین بۆ سەفی مەیدان
وەختێ کە بە تەوفیق و زەفەر دێنەوە لامان
ئەوسا گوڵ ئەکەین ئێمە بە شاباشی قەدەمتان
گەر لە ئێوە چەند کەس شەهید بێ
لازمە عەزای ئێمە عید بێ
ئەم پڵنگ بەچانەی وا ئینتیقام سێنن
گەورەیان ئەکەین ئێمە، حەقتان ئەسێنن
***
کچەکان:
ئێمە کە نەمانکردووە بۆنی چەمەنی شوو
مەجهوولی نەزەرمانە گوڵ و نەستەرەنی شوو
ئەم تازە جەوانانە لەبەر سیرەتی ئێمە
گەر بێتو بکەن ئارەزوویی شیرکەتی ئێمە...
لازمە کە دەعوەت بفەرموون
بێنەوە بە ڕوویێکی گوڵگوون
یەعنی چیهرە ڕەنگین بن بە شان و زەفەر
خوێنی دوژمن بڕژێنن بە نووکی خەنجەر
***
چەک بەدەستەکان:
ئێمە کە موسەللەح لە دەر و دەشت و لە شارین
سوێندخۆری حوزووری حەق و باب و کەس و کارین
بۆ مەسعەدەتی ئەم وەتەن و میللەتی کوردە
ڕیشە و ڕەگی زاڵم ببڕین بەم دەسوبردە
تاکەی لە زەحمەتا بین
لەناو مەزللەتا بین
لازمە بە کەیف و مەسەڕڕەت
ڕۆح بکەین بە قوربانی میللەت
زاتەن ئێمە خوڵقاوین
بۆ خزمەت کردن
بۆ ئەوەی فیداکار بین
تا ڕۆژی مردن...
سەرچاوە: #دیوانی بێخود#
هۆزانەوان: #بێخود#. [1][2]