چۆن شیمەی هاڕوون بووە جاش؟
ئامادەکردن: #شاخەوان قادر شۆڕش#
#02-03-2024#
دوای گەڕانەوەی بارزانییەکان لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد# لە ساڵی 1946دا، شێخ ئەحمەد و هەندێک لە خزمەکانی دەگیرێن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵی بارزانییەکان ڕادەگوێزرێن و لە دەوروبەری شاری #هەولێر# کۆدەکرێنەوە و چواردەوریان بە سیم دەگیرێت. بەشێک لەم ئاوارانە لە نزیک گوندی کۆرەک و ئەو ناوە دادەندرێن. پیاوەکانی ئەو ژن و منداڵانە کە پێشمەرگەی #مەلا مستەفا بارزانی# بوون لەگەڵ ئەودا چووبوون بۆ ڕووسیا. ئەوسا خەڵکی هەولێر هاوکاریی زۆری ئەم ماڵە ئاوارانەیان کرد و یارمەتییان دان، زۆریان گرتنە خۆیان و بەخێویان کردن.
مانگ و ساڵ تێپەڕبوون و وردەوردە کچ و ژنە بێ پیاوە بارزانییەکان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە تێکەڵاویی پەیدا دەکەن، هەندێک لە کچ و ژنەکانیان مێرد بە کەسانی ناوچەکە دەکەن. ژنێکی بارزانی کە منداڵیشی هەبووە مێرد بە هاڕوون باوکی شێمە دەکات. دەڵێن ژنەکە بە هاڕوونی گوتبوو مێردم کوژرایە. ئیدی لەگەڵ مام هاڕوون هاوسەرگیریی دەبەستێت و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات. وەکوو دەگێڕنەوە هاڕوون لە بنچینەدا خەڵکی گوندی کۆرەک نەبووە بەڵکوو گوندی مەشێی نێوان کۆرەک و مەلائۆمەر بووە.
لە دوای شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم بەسەر ڕژێمی پادشایەتدا لە ساڵی 1958 دا، مەلا مستەفا و ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕووسیا لە ساڵی 1959دا دەگەڕێنەوە ئێراق و کوردستان. بە بڕیاری مەلا مستەفا هەموو بارزانیە ئاوارەکان دەگەڕێندرێنەوە دەڤەری بارزان. بڕیار دەدرێت، هەرچی کچە یا بێوەژنە بارزانیە کە مێردی بە کەسێکی سۆرانی کردووە وازیان لێ بهێنن و دەستیان بۆ نەبەن. بەڵام وەکوو خەڵکی ناوچەکە دەیگێڕنەوە بڕیار دراوە هەر ژنە بارزانیەک کە مێردی هەبووبێت و مێردی کردبێتەوە، ژنەکە و پیاوەکەشی بکوژن.
ئەو ژنەی هاڕوون کە گوتبووی مێردم کوژرایە، وەکوو دەڵێن وای تێگەیشتووە و باوەڕکردووە، چونکە لە ڕاستیدا نەیاندەزانی ئەو خەڵکەی لەگەڵ مەلا مستەفا ڕۆیشتن چارەنووسیان چۆن بووە و چەندیان گەیشتوونەتە ڕووسیا. هەرچۆنێک بێت لە بێ بەختی ژنە، کە بارزانییەکان گەڕانەوە دەرکەوت مێردێ ئەو ژنەی هاڕوون لە ژیاندا مابوو و نەکوژرابوو.
دیارە لای خەڵک شاراوە نەبووە کەوا خێڵی بارزانی بە ڕێسای داخراوی پیاوسالاری و کۆمەڵایەتییەوە بەندن. هاڕوون ترسی لێ دەنیشێت و چاوەڕوانی ویژدانی مەلا مستەفا و ڕەحمی خوا دەکات. زۆر نابا ڕۆژێک ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارە بارزانییەکان دێن دەوری گوندی کۆرەک دەگرن، وەکوو ماڵی هاڕون لەوێ بووە. هاڕون زۆر لەوە دەترسێ کە بیکوژن، هەرچۆنی بێ بۆ ئەوەی دڵیان نەرم بکا و کاری خراپی لەگەڵ نەکەن، خزمەتێکی زۆر باشی چەکدارە بارزانییەکان دەکات، چەند کاوڕێک سەردەبرێت و خواردنی باشیان بۆ درووست دەکات. چەکدارە بارزانییەکان نان دەخۆن و شەو لە ماڵی مام هاڕوون دەمێننەوە. بەیانی زوو لە تاریک و ڕووندا پێش ئەوەی ڕۆژ هەڵبێت، ژنە بارزانییەکە و مام هاڕوون بە پێش خۆیان دەدەن و دەیانبەن. لە کۆتایی گوندی کۆرەک، لەناو باخچان هەردووکیان لە تەنیشت یەکتر ڕادەگرن و گوللەبارانیان دەکەن. دوای ئەوە دەڕۆن و گوندی کۆرەک بەجێ دەهێڵن.
مێردی ژنەکە کە لەگەڵ مەلا مستەفادا چووبووە ڕووسیا، بۆخۆی لە ڕووسیا ژنێکی ڕووسی هێناوە، بەڵام کە دێتەوە ژنەکەی پێشووی کە مێردی کردبووەوە، دەکوژێت. جگە لەوە کە هاڕوون و ژنەکە دەکوژن، دوو منداڵی بچووکیشیان هەبووە. منداڵەکان بێ دایک و باوک لە گوندی کۆرەک جێ دەهێڵن.
پارتی ئەوسا دەنگۆی ئەوە بڵاودەکاتەوە، گوایە هاڕوون سیخوڕی ڕژێم بووە بۆیە مەلا مستەفا بڕیاری کوشتنی داوە، هەندێک زیاتر دەڕۆن و دەڵێن، مەلا مستەفا خەریک بوو شێمەش بکوژێت، بەڵام لەبەر بچووکی تەمەنی ڕێگەیان نەداوە بیکوژێت. کێشەی ئەم ڕوونکردنەوە ئەوەیە یەکەم مەلا مستەفا خۆی نەهاتبووە گوندی کۆرەک تاکوو هەوڵی کوشتنی شێمەشی دابێت. دووم چەند کەسی تر وەکوو هاڕوون ئەوها لەلایەن مەلا مستەفاوە بڕیاری کوشتنیان بۆ دەرچووبوو و لەسەر سیخوڕی ئەوها کوژران؟ ئایا کەسێک بەڵگەیەکی لەسەر سیخوڕیی هاڕوون بینی؟ ئەگەر بەڵگە نەبێت، بانگاشەکەی پارتی پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە. کەسانی بێلایەن و خەڵکی نزیکی ئەوێ گومانیان لەم ڕوونکردنەوەی پارتی هەیە و دەڵێن ئەوان هیچیان لەم بارەیەوە لە هاڕوون نەدیووە. لەلایەکی تر ئەگەر پیاوەکە سیخوڕ بووە، ئەدی تاوانی ژنەکە چی بوو؟ تاوانی منداڵەکان چی بووە کە بێ دایکوباوک جێهێلدران؟
شێمە کە کوڕی مام هاڕوون بوو و لە ژنە بارزانییەکە نەبووە، لە دوای کوشتنی باوکی دەڕوات و گوندی کۆرەک جێ دەهێڵێت. دەگوترێت شێمە دەچێتە بەغدا و مەبەستی تۆڵەکردنەوەی هەبووە، پەیوەندی بە ڕژێمی بەغداوە کردووە. ئەوەی بەڵگەنەویستە شێمە ماوەیەک دەبێتە پۆلیس بووە و دواتر دەبێتە جاشی سەرۆکجاش حەمەی سابیر.
شێمەی هاڕوون لە سەردەمی حکومەتی #بەعس#دا دەکرێتە سەرۆکی مەفرەزە خاسە و جێگەی باوەڕی حکومەتی بەعس بووە، چونکە ڕاستەوخۆ دوژمنی مەلا مستەفا بووە. شێمە وەکوو بەکرێگیراوێکی دڵسۆزی حکومەتی ئێراق لە سەرەتای شەستەکانەوە دژی خەباتگێڕان و پێشمەرگە دەوەستێتەوە و دەست بەکار دەبێت. بەمجۆرە ماڵی شێمەی هاڕوون لە کۆنەوە وەکوو یەکێک لە مەفرەزە خاسە ناوزڕاوەکانی شاری هەولێر دەرکەوتن و ناسران. لە کۆنەوە لە دژی پێشمەرگە هاوکاری حکومەتی بەعسیان کردووە، تاوانکارییان کردووە، لە کۆتایی هەشتاکانیشدا لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا وەکوو مەفرەزە و فەوجە سوکەکانی دیکە بەشداریی لە تاوانی گەلکوژیی کورداندا دەکەن.
لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا پارتی ستراتیجیانە کاری بۆ ئەوە کرد زۆرترین سەرۆکجاش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، سەرانی یەکێتیش هەمان ڕێچکەیان گرتەبەر، بەکوورتی سەرۆکجاشەکان بەسەر هەردوولادا دابەش بوون. وەکوو بینیمان لێبووردنەکەی بەرەی کوردستانی لە بەهاری ساڵی 1991دا ئەم ئامانجەی سەرانی پارتی و یەکێتی بەباشی هێنایەدی.
سەبارەت بە ماڵی شێمەی هاڕوونی کۆنە جاش، لە ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین #مەسعود بارزانی# خۆی دێتە ماڵی شێمە لە گوندی مەلا ئۆمەر کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی شەقڵاوە لە کەناری هەولێر. مەسعود بارزانی سوڵح لەگەڵ بارامی کوڕی شێمە دەکات و بەڵێنی پارێزگاریی ئەم سەرۆکجاش و بنەماڵە ناوزڕاوە دەدات، وەکوو دەڵێن بڕێک پارەی باشیشی پێ دەدات. ئەوانیش دڵسۆزیی خۆیان بۆ پارتی ڕادەگەیەنن. دوای ئەوە مووچە و هاوکاریی دارایی بۆ بنەماڵەی شێمە بەردەوام دەبێت و بە جۆرێک دەکرێنە هێزێکی کۆمەڵایەتی و سەربازیی دیار و خاوەن سەرمایە و بازرگانی.
جێگەی سەرنجە بنەماڵەی شێمەی هاڕوون پەیوەندییان لەگەڵ عەرەبە بەعسییەکانی موسڵ و تکریت درێژە پێ دەدەن، وەکوو ئەوانە بەشێکیان دێنە پارێزگای هەولێر و ئێستا لەوێ نیشتەجێن.
=KTML_Bold=تێبینی:=KTML_End=
ئەم زانیاریانە لە زاری چەند کەسێکی هەولێر کە ئاگاداریان لە ڕووداوەکەدا هەیە وەرگیراوە. هەوڵم داوە بەسەرهاتەکە وەکوو خۆی چۆنی دەگێڕنەوە وا بنووسمەوە، دووبارە بە نووسینەکەدا چوومەوە و هەندێک دەستکاریم کرد. بەڵام دەکرێت سەرنج و تێبینی هەبن یا زانیاریی هەبێت لێرەدا نەنووسرابێت، وەکوو هەر بەسەرهاتێک کۆمەڵێ گێڕانەوە دەگرێتەخۆی و ئێمە لە هەمووان ئاگادار نین. [1]