گەزیزە پرسی ژن دەباتە نێو پرسی نەتەوە
نووسینی: #حەمەسوار عەزیز#
گەزیزە، لە دوێنی و لە ئێستاشدا یەکێک بووە لە کارەکتەرە گرنگەکانی دونیای شانۆی ئێمە و توانیویەتی ڕووبەرێکی تایبەت بەخۆی هەبێت لەو نێوەندە شانۆییە و کار و داهێنانەکانی جێگەی سەرنج بێت.
گەزیزە، لەسەر میراتی ئەو منداڵە قسەخۆش و زۆرزانە پاڵی نەداوەتەوە کە لە سەرەتاکانی کارکردنی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ناوبانگێکی گەورەی بۆ درووستکرد، بەڵکوو قۆناغەکانی دوای ئەوە، گەزیزە وەک کارەکتەرێکی خاوەن جیهانبینی و ڕێچکەی تایبەت، زۆرینەی بوارە زیندووەکانی ئەم هونەرە تاقی دەکاتەوە و تیایداندا باڵا دەکات، جگە لە ئەکتەر و دەرهێنەر، وەک نووسەرێکی کارامە تێکستە شانۆییەکانی دەبنە مایەی سەرنجی هەمووان و بۆشاییەکی گەورە نەوەک هەر لە کتێخانەی کوردی، بەڵکوو من پێم وایە ئەگەر تێکستەکانی وەربگێڕدرین، لە نزیکترین کاتتدا دەبێتە بەشێک لە میراتی شانۆی مرۆیی و سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.
گەزیزە، ئەگەرچی لە قۆناغەکانی دواتری کارکردنی، هەوڵیداوە هەمیشە لە فەزایەکی ژنانە دەربکەوێت و ژن ببێتە کارەکتەری سەرەکی نێو دونیای ئەم نووسەر و دەرهێنەرە، بەڵام شانۆی گەزیزە بە هیچ شێوەیەک ناچێتە نێو شانۆییەکی فێمنیستی و جێندەری، ئەو ئەوەندەی هەوڵیداوە بە واقیعی و لەسەر ئەڕزی واقیع و دوور لە درووشم و قسەسازی، گوزارشت لە کێشە و ئاریشەکانی کارەکتەری ژن و ئەو دونیایەی ژنی کورد بکات، بێ ئەوەی ئەو پرسە بباتە نێو کۆمەڵێک تیۆری هاوردەکراوی تایبەت کە ڕەنگە وەک پێویست خزمەتی پرسی ژنبوونی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی نەکردبێت، چونکە ئەو هەمیشە پێی وابووە کە کێشەی ژنی کورد دابڕاو نییە لە کێشەی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەت ئەو ڕەوشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەڵتوورییەی کە ژن و پیاو تیاییدا بەریەک دەکەون، بۆیە لای گەزیزە ژن و پیاو هەردووکیان بەر تاڵییەکانی کۆمەڵگە دەکەون و لەیەک سەنگەردان، ڕاستە لەوانەیە جیاوازی لە قورسایی سەرشانیان هەبێت، بەڵام گەزیزە پیاو وەک نەیار و چەوسێنەری ژن وێنا ناکات بە قەد ئەوەی وەک قوربانییەکی ئەو ڕەوشە کۆمەڵایەتی و سیاسییە نیشانیداوە.
خانمە داهێنەرەکانی وەک (#بەدیعە دارتاش# ، #گەزیزە عومەر عەلی ئەمین# ، #نیگار حەسیب قەرەداغی# ، #میدیا ڕەئوف بێگەرد# ، #فرمێسک مستەفا# )، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، بوون بە بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە نەخشەڕێگەی ئامادەیی و کاریگەریی ژن لەسەر ڕووبەری شانۆی کوردی و ئێراقی، هەندێکیشیان سنووری دوورتریان بڕیووەو بوون بەشێک لە نەخشەی شانۆ لە ئەوروپا و جیهان و لەنێو گرووپە پیشەمەندەکانی دونیا کایە دەکەن، لەم نێوەندەشدا ئەزموونی کاری (نیگار حەسیب قەرەداغی) وەک ئایکۆنێکی جیهانیی، نموونەیەکی جوانی تواناو داهێنانی ژنی کوردی نەخشاندووە.
ئەم ئامادەییە داهێنەرانە تەنیا لە بواری ئاکتین و کردەی دەرهێنان نەوەستاوە، بەڵکوو بەشێکی ئەم خانمانە لە ئێستادا لەنێو کایە سەخت و دژوارەکانی وەک ( تێکستی شانۆیی، شڕۆڤە و ڕەخنەی شانۆیی، پەروەردەکردنی ئەکتەر، کاری لابووری لە ڕاهێنانی جەستە و دەنگ، گەڕان بەنێو میتۆلۆژیا و داهێنانی فۆرمی ڕەسەنی کوردی و بوارە ئەکادیمی و فێرکارییەکان) و چەندی بواری تر پەنجەی خۆیان نەخشاندووە.
[1]