قەمەر ئەم جازیبەی کەی بوو نواڕی دلبەرم پێما
نە شەوقی دیدەنم پێما نە قووەی دەستم و پێ ما
مەقامی یار کە قەسری دڵ نەبێ ئاوێنەیی چاوە
مونەووەر تینەتی لەم دەهرە کەی بوو کەی بەبێ جێ ما
سەفەربەر بن کە عالەم هەر کەسێ مرد گەیوەتە مەنزل
لەباتی ئەو بکەن شینی ئەوانەی پاشی ئەو جێ ما
وەفا و سەڵتەنەت یەک ناکەوێ بنواڕنە خورشید
لە تەختی نیوەڕۆدا فەرموو سایەی بۆ سەری کێ ما
چ یارایانە بنوێنن لە ڕووی جانانەدا خوبان
کە خۆر هەڵهات تەماشاکە فەلەک یەک کەوکەبی لێما
سیڕاتی موستەقیمی عەشقە ڕێگەی گوڵشەنی جەننەت
کە بولبول ساحێب ئیدراکە موعەتتەل کەی لەسەر ڕێ ما
لەبەر دەردی سەرە حەمدی بەسەر گەردی لەڕێدا کەوت
لە بەدبەختی لەسەر ڕێشدا سەری بێ سەندەڵی پێما
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]