لە ملیا بەختی من ڕەش بوو بەدەورەی خاڵییا ئاڵا
لە مل دەستی کە هەڵگرت زلف بەلێوی ئاڵیا ئاڵا
بە عومری خۆی هەر ئەمجارە بە مندا چاوی هەڵهێنا
کە مەستانە نیگاهی کەوت بە دیدەی کاڵیا ئاڵا
کە مانگ و ڕۆژ ئەگەینە شەوقی ڕوخساری بە ناچاری
لە دەورەی دائیما هەر دوو بە دەورەی ساڵیا ئاڵا
قەزا پەل بەستی شێری نەڕ بکا نەی پارەیێ بەسیە
لە ملیا سەیری کەن دەستم لەگەڵ دەسماڵیا ئاڵا
برۆ میزانی دوو چاوی کە ڕاگرت تالیعی من بوو
سەری کرد وەک سەری موو چوو بە لای مسقالیا ئاڵا
لە شەکراوم گەلێ پێ خۆشترە قاوەی شەکەرلی من
لە دەم تا هاتە دەر شەککەر بەجوێنی تاڵیا ئاڵا
تەماشای شەهسواری ئاسمانی فەخری عالەم کەن
کە حەمدی ئەسپەکەی بەدرە بەدەورەی ناڵیا ئاڵا
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]