ناونیشانی بابەت: کورتە مێژووییەکی کورد و بیری ماویزم
ناوی نووسەر: #ژیلوان هەڵەدنی#
=KTML_Bold=پێشەکی=KTML_End=
لەسەروبەندی دوای جەنگی دووەمی جیهانی (1939-1945) بیری چەپ و مارکسییەت چەندین ئاڕاسته و شێوازی وەرگرت، سەرمایەداری لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە گەشه و پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لەسەر بناغەی ئەوە بۆرژوازی لەوڵاتانی ناسراو بەجیهانی سێیەم بەباڵی راست و چەپییەوە دەست بەسەرهەڵدان و گەشەدەکات، ناکۆکی ناوخۆیی بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی پەرەدەسەنێ و بەتایبەتی قڵشتی نێوان سۆڤیەت و چین دروستدەبێت و ماویزم وەکو مۆدیلێکی ترو جیاواز لەکۆمۆنیزمی بلۆکی سۆڤیەتی سەرهەڵدەدات، بەم جۆرە ئەم پەرەسەندنە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەرهەڵدانی چەند مۆدیلی دیکە لەکۆمۆنیزمی رەخنەگرو ناکۆک بەکۆمۆنیزمی رووسی لەئاستی دنیادا، لەبەشێکی بەرچاوی دنیادا بەتایبەت ئەمریکای لاتین و ئه و بەشەی دنیا کەپێی دەڵێن جیهانی سێیەم، بزووتنەوەیەکی چەپی رادیکاڵ روو لەمەیدانداری و نەشونما دەکات، له و سەردەمەدا بەگوتەی مەنسوور حیکمەت لەئاستێکی بەرفراوانی جیهانیدا بزووتنەوەیەکی بەناو سۆسیالیستی بەتایبەت ماویزم و خەڵکگەرایی ناسیۆنالیستی، کە هەرکامیان بەجۆرێک ستراتیژی ناسیۆنالیستی و ریفۆرمیستی لەوڵاتانی ژێردەستەدا نوێنەرایەتی دەکردو ماتریاڵی پێویست بۆ نەخشاندنی سیمای سیاسی و تیۆری ئەم چەپە نوێیەی فەراهەم دەکرد، هەر لەم رێڕەوەدا خودی شۆڕشی چین بەڕابەری (ماوتسی تۆنگ 1893_1976) لەجیهاندا بره و پەیدادەکات و بەم هۆیەشەوە ماوو ماویزم(1) بەتایبەتی چەپیش بەگشتی لەجیهاندا بره و پەیدادەکات(2).
خۆ گرێدان لەگەڵ ماویزم هەم بۆ کەڵک وەرگرتن بوو لەئەزموون و رێباز و بره و پەیداکردنەکەی، هەم هەوڵێک بوو بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەم بلۆکە بەهێزە تازە پێگرتووە، لەهەمانکاتدا تیۆرییەکانی ماو لەگەڵ مەرام و ئامانجەکانی ئەم رەوتە ناسیۆنالیستییە تازەیە دەگونجا، هەم ناوی چەپی لەسەر خۆی دانابوو و قسەیەکی بۆ شارنشینی و کرێکار و خوێندەوار هەبوو، هەم پڕاوپڕ ناسیۆنالیستی و بابەت و ماڵی ئەوەبوو کە لەبارەی کاریگەری بیری ماویزمەوە نەرمین عوسمان دەڵێت:
ئه و گرووپە مارکسیانە، لەداوی 1968 بەره و هەڵکشان رۆیشتن لەڕووی ژمارەوە جگە لەشەپۆلە جیهانییەکە هەموو دنیای گرتبووەوە، هەندێک هۆکاری ئیقلیمی و ناوخۆیی هەبوو کەکاریگەریان لەسەر زۆربوونی ژمارەی ئه و کەسانە کردبوو، لەوانە:
یەکەم: کاریگەری سازمانی ئینقلابی ئێران (گرووپێکی مارکسی لینینی –ماوی بوون و لەحزبی تودەی ئێران جیابووبوونەوە) گرووپێک لەوانە تازە لە چین گەڕابوونەوە، روویان لەکوردستان کردو هاتنە لای باڵی مەکتەبی سیاسی و سەرەتا لەبەکرەجۆ بوون، لەوانە: خەسرەوی سەفائی (دکتۆر قوباد)، ئیسماعیل فەزائی، سەفا، دکتۆر جەلال ( کۆرشی لاشایی)، ئیبراهیم (عەلی سادقی)، ئەوانە رۆژانە کۆڕو کۆبوونەوه و سیمیناریان بۆ کەسانی ناو ئه و باڵە (م.س پارتی) دەگێڕا، لەوکاتەی ئەوان لەبەکرەجۆ بوون، یەکێتی قوتابیانی کوردستان سەر بەباڵی مەکتەبی سیاسی کۆنفرانسێکیان لەبەکرەجۆ ئەنجامدا، بەداوای لێبوردنەوە لەبەشی زۆری بەشداربووان، بەخۆم و هاوڕێیانم (شەماڵ جەمال) و ئەمیر قەساب لەنزیکەی 80 کەس لەبەشداربووان، ئەم ناوانەمان بیرماوە: دارۆی شێخ نووری، شاسوار جەلال (شەهید ئارام)، فازیلی مەلا مەحموود، شازاد سائیب، شەماڵ جەمال، فازیل تەیب، حسێن تەیب، ئەمیر قەساب، بەکر حسێن، حەمە ئەمین (پۆڵا)، سالار عەزیز، حەمە قەراغی، سەربەست بامەڕنی، حەمە جووجە، تەنیا دوو ژنیش لەسلێمانییەوە بەشداربوون، درەخشانی حەمەی فەرەجەفەندی و پەخشانی حەمەی فەرەجەفەندی، زۆربەی بەشداربووەکانی تر لەسلێمانییەوە بوون. له و ماوەیەی کۆنفرانسەدا، بەشداربووان زۆربەیان بەشەوانیش لەبەکرەجۆ دەمانەوە، شه و لەگەڵ برادەرانی سازمانی ئینقلاب کۆدەبوونەوه و باس له و رەوتە دەکرا، دوای ئەوە هەستدەکرا کەکاریگەرییەکی باشیان بەجێهێشتبوو لەسەر ئه و خەڵکە، هەموو شەوێکیش پێش خەوتن سروودی ئینتەرناسیۆناڵی جیهانیان دەوتەوە، وەک بۆیان گێڕامەوە، بۆ نیوەڕۆیەک هەموو ئەندامانی کۆنفرانسەکەیان بە تشریبی بامێ داوەتکردووە.
دوای بەکرەجۆ، هەر ئه و برادەرانەی سازمانی ئینقلاب، شووقەیەکیان لەیەکەم کۆڵانی گەڕەکی بەتاوین دوای گۆڕەپانی (گیران) نزیک شەقامی (نچال) بەرانبەر بەکەنیسەی ئەرمەن بەکرێ گرتبوو، ئەوانەی لەوێبوون هەندێکیان ناسراوبوون وەک: خەسره و سەفائی (دکتۆر قوباد)، ئیسماعیل فەزائی، سەفا، ئەوانەی لەئەورووپاش دەهاتنەوە هەر له و شوقەیە دەمانەوە، من خۆم خەسرەی سەفائیم بینی(3).
نەرمن عوسمان دەنووسێت: لەکۆتاییدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، بەهانەکان چی بوون کە ماویەت زاڵبوو بەسەر بۆچوونەکانی ناو ئه و گرووپە مارکسییانەدا؟ لەزۆربەی دانیشتنە بێ بەرنامه و بەبەرنامەکان باسی لێوەدەکرا، لەوانە: چەند بەڵگه و هۆکارێکیان دەهێنایەوە پێشەوە:
1.واقعی کوردستان هاوشێوەی حاڵی چین بوو، هەردوولا ناوچەیەکی نیمچە دەرەبەگایەتی و نیمچە داگیرکراو بوون.
2.هەردوو ناوچەکە لەهەمان رووەوە دواکەوتوو بوون، هەم لەڕووی ئابووری و هەمیش لەڕووی کولتووری و رۆشنبیرییەوە.
3.هەردوولا لەوڵاتانی جیهانی سێیەم ئەژماردەکران.
4.ئەزموونی گواستنەوەی شۆڕش لەلادێوە بەره و شاخ و لەوێشەوە بەره و شار که لەچین تاقیکرابووەوە، بۆ کوردستان گونجاوترو لەبارتربوو لەڕووی جێبەجێکردنەوە.
5.پێنەگەیشتنی پڕۆلیتاریا (چینی کرێکار) لەناو شارو کەمیی ژمارەیان و نەبوونی پڕۆلیتاریای راستەقینەی شۆڕشگێڕ لەکوردستان، وایکردبوو کەئەزموونی چین پەسەندتربوو بۆ کوردستان، هەروەها پەیڕەوکردنی رژێمی کۆلخۆزات ( هەرەوەزی کشتوکاڵی)و رۆڵی لەبونیادنانی وڵاتێکی سۆسیالیست و دەیان تاقیکردنەوەی تر گونجاوو لەباربوون بۆلای ئێمە.
ئەمانە و هەندێ هۆکاری شکستنی وڵاتانی تر لەجۆری ئەزموونی مارکسییەت وایکرد رێکخراوی مارکسی لینینی، ئەندێشەی ماوی پەیڕەوبکەن. ئەمه و جگەلەوەی باس لەوەدەکات کە خاڵە شەهاب بۆ سەرچاوەی کتێبەکانی ماوتسی تۆنگ و وەرگرتنی کتێب، سەردانی سەنتەری رۆشنبیری چینی دەکرد، باڵیۆزی چین زۆر بایەخیان به و رەوتە دەدا کەهەڵگری ئه و بیروبۆچوونانە بوون(4).
هەر لەم بارەیەوە برایم جەلال دەنووسێت: بەکرەجۆ لەگەڵ ئەوەی بنکه و بارەگای سەرەکی سەرانی باسکی (جەلالی) بوو، مەڵبەندی کێشانی نەخشه و پلانی خۆشکردنی شەڕی ناوخۆیی لایەنێکی شەڕەکە بوو، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بووبوو بەبنکەی داڵدەی کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکانی ئێرانی و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کەزۆربەیان هەڵگرانی بیری چەپ و کەسایەتی ناو حزبە چەپە جیاجیاکانی ئێرانی بوون، ئەوانە کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو لەسەر لاوە چەپەکانی ئه و باسکە و پەیدابوونی برەوی چەپی کوردستانی و بیری مارکسیزم و بیری ماوتسی تۆنگ(5).
لەناو ئه و کەسایەتییە ئێرانی و کوردیانەدا، کەسایەتییەکانی وەک ( ئیرەجی کەشکوڵی، خسرەوی سەفایی، مراد، سەفاو سیاسەتمەداری هۆشمەندو خاوەن بیرو هۆشیار (کۆرشی لاشایی) بوو، نازناوەکەی دکتۆر جەلال بوو، ئەم پیاوە هەڵگری بیری چەپ بوو، یەکێک بوو لەسەرکردەکانی (سازمانی انقلابی ایران) کەدواتر ناوەکەیان بوو بەحزبی زەحمەتکێشانی ئێران، دکتۆر جەلال یەکێک بوو لەتووندڕەوەکانی حزبی تودەی ئێران، کهپەیڕەوانی خەتی سۆڤیەتی بوون، پاشان لەساڵی 1965 لەبەر بێباوەڕی به و رێبازه و کارتێکەری سیاسەتی چین و بیری ماوتسی تۆنگ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لەحزبی تودە جیابوونەوه و رێکخراوێکی چەپیان بەناوی (سازمانی انقلابی ایران)، واتە رێکخراوی شۆڕشگێڕی ئێران دامەزراند، دکتۆر جەلال پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی لەگەڵ مام جەلال-دا هەبوو، توانی کاریگەری لەسەری هەبێ و بەمام جەلال بسەلمێنێ کەخوارووی کوردستان پێویستی بەڕێکخراوێکی چەپی مارکسی لینینی هەیە موتوربەکراوبێ بەبیروڕای ماوتسی تۆنگ، لەهەمان کاتیشدا کاری دەکرد بۆ برەودان بەئەزموونی چین و لێکچواندنی چین و کوردستان لەچەندین رووەوە.
کاریگەری د.جەلال لەسەر جەلال تاڵەبانی و پەیوەندی توندی جەلال تاڵەبانیش بەلاوە خوێنگەرم و هۆشیارەکانی باسکی جەلالی و بڕوابوونی تەواویشی بەئەزموونی چین و دیموکراسی گەلی شۆڕشی چین، بووەهۆی سەرهەڵدانی بیری چەپی مارکسی لینینی بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگ لەناو لاوەکانی سەر به و باسکە.
دکتۆر جەلال پێی وابوو، کەخوارووی کوردستان زەمینەیەکی لەباری لەدایکبوونی رێکخراوێکی چەپی سەر بەبیری ماوە، بەمەرجێ لەدوولاوە کاری بۆ بکرێ:
1.بۆ پێکهێنانی هۆیەکی راگەیاندن جا رۆژنامە یا مانگنامه یان وەرزنامە بێت، ببێتە مینبەری بڵاوکردنەوەی ئه و بۆچوون و بیروباوەڕو هێڵە.
2.وردە وردە ئەڵقەی بچووک بچووکی رۆشنبیری پێکبهێنرێت، تاببێتە ناوکی دروستکردنی رێکخراوێکی چەپی سەر بەبیری ماوتسی تۆنگ.
مام جەلال قۆڵی لێهەڵماڵی و کەوتە پەیوەندی و کارکردن لەناو کەسانی هۆشیار و رۆشنبیرەکانی ئەوسای باسکی جەلالی لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە هەستا بەدەرکردنی گۆڤاری (رزگاری) لە 1969 کە لەچاپخانەی شۆڕش لەبەغداد چاپدەکرا(6).
بەڵام حزبی شیوعیی عێراق کە سەر به و خەتەی یەکێتیی سۆڤییەت بوو، لەبابەتێکدا بەناونیشانی (تیۆری شۆڕش و چۆنیەتی بەکارهێنانی لینینیزمانەی لەئاوێنەی سەیرو سەمەرەی ماویزمدا) باسی ماویزم بەم شێوەیە دەکات:
سەرهەڵدانی ماویزم بەناوی رێبازێکی باوەڕگەری و سیاسی تایبەتییەوە لەبزووتنەوەی شۆڕشگێڕی هاوچەرخدا شتێکی رێکەوت نییە، ماویزم وەکو هەموو دیاردەیەکی گشتیی تر خاکێکی مەزوعی تایبەتی خۆی هەیە.
بزووتنەوەی شیوعیی جیهان رواڵەتی وەهای لێ دیارکەوتووه و بەرهەڵستی هەموو چەشنە دەسته و تاقم و رێبازێکی کردووە که لەڕیزەکانیدا سەریانهەڵداوه و ئەوانەی کەویستویانە سیاسەتی راستڕەوی هەلپەرستانە، یان سیاسەتی چەپڕەوی بەرگری گۆشەگیر، یان گیانی سەرکەشی-هێڵی بۆرژوازی بچووکی داپۆشراو بەچەند رستەیەکی مارکسیزمانە بەسەر بزووتنەوەی شیوعیەتی جیهاندا بسەپێنن، لینین زۆرجار شۆڕشگێرانی لەم تاکتیکە ئاگادارکردووە کەهەندێ دەستەی بۆرژوازی بچووک و دۆستە دوودڵەکان و دوژمنە نەزانەکانی مارکسیزم پەیڕەوی دەکەن، نووسیویەتی: پێگەیشتنی بزووتنەوەی کریکاران بەشێوەیەکی حەتمی ژمارەیەکی دیار لەبۆرژوازییە بچووکەکان رادەکێشێتە لای خۆی، ئەوانەی کەباوەڕی بۆرژوازیەت دیلی کردوون و بەزەحمەت توانیویانە خۆیانی لێ رزگاربکەن و ئەوانەی کەسەرلەنوێ و جارێک و چەند جارێکی ترو بەشێوەیەکی بەردەوام دەکەونە داوی).
مەترسی تێکدان و شێواندنی تیۆری مارکسیزم-لینینیزم بەهۆی بەکارهێنانی هەندێ بیروڕای شۆڕشگێڕانەی درۆو بەناوی مارکسیزمەوە پەرەدەسێنێت و زیاتر دەبێ، بەتایبەتی له و وڵاتانەدا کە لەسایەی زروفی دواکەوتنی ئابووریدا تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕانەیان دەست داوەتێ کەچینێکی کرێکارو بزووتنەوەیەکی کرێکارانەی پێگەییویان تێدانییە.
ماویستەکان کەخۆیان بەمارکسی دادەنێن و گوایا بەچاوێکی چینایەتییەوە سەیری رواڵەتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکەن هەرچی پەیڕەوی شۆڕشگێڕانەی لینینیزم هەیە دێنن و لەناوەرۆکی گرنگ بەتاڵی دەکەن، بەمە لەشیکردنەوەی چینایەتی واقیع دووردەکەونەوە.
ئەمڕۆ سروشتی ئەم سەردەمەی ئێستا و ناکۆکی و بنچینەییەکانی بوونە لەکانگەی تەواوی ناکۆکی بیروڕای مارکسییە لینینییەکان و ماویستەکان مەبەستیانە تەنیا لەناکۆکی بیرو نووسین پەتی نییە، بەڵکو کاکڵی ناکۆکی بیروڕا لەجۆری تێگەیشتنی ناوەرۆکی پەیوەندی هاوچەرخە لەجیهانداو، ئایا ئەم پەیوەندییە بەره و کوێ دەڕوات و هێزی چینەکان چۆن دابەشدەکرێن و لەبزووتنەوەی شۆڕشگێڕی جیهاندا دەوریان چییە؟ رۆژبەڕۆژ رژێمی سۆشیالیستی جیهان زیاتر کاردەکاتە سەر ئه و زروفەی کە سنوور بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی نێوان کارو سەرمایەدار دادەنێت له و وڵاتانەی کە بۆرژوازیەت زاڵە تیایاندا پارسەنگی تازەی هێزەکانی جیهان کارێکی گەورە دەکاتە سەر رێگه و شێوەی تێکۆشانی پڕۆلیتاریا لەپێناوی دامەزراندنی کۆمەڵێکی سۆشیالیستیدا.
ئەمڕۆ سروشتی ئەم سەردەمەی ئێستاو ناکۆکی و بنچینەییەکانی بوونەتە کانگەی تەواوی ناکۆکی بیروڕای مارکسییە لینینییەکان و ماویستەکان، مەبەستیشمان تەنیا لەناکۆکی بیرو نووسینی پەتی نییە، بەڵکو کاکڵی ناوەرۆکی بیروڕا لەجۆری تێگەیشتنی ناوەرۆکی پەیوەندی هاوچەرخە لەجیهاندا، ئایا ئەم پەیوەندییە بەره و کوێ دەڕوات و هێزی چینەکان چۆن دابەشدەکرێن و لەبزووتنەوەی شۆڕشگێڕی جیهاندا دەوریان چییە؟
ڕۆژبەڕۆژ رژێمی سۆشیالیستی جیهان زیاتر کاردەکاتە سەر ئه و زروفەی کەسنوور بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی نێوان کارو سەرمایەدار دەدانێت له و وڵاتانەی کەبۆرژوازیەت زاڵە تیایاندا پارسەنگی تازەی هێزەکانی جیهان کارگێکی گەورە دەکاتەسەر رێگه و شوێنی تێکۆشانی پرۆلیتاریا لەپێناوی دامەزراندنی کۆمەڵێکی سۆشیالیستیدا.
ئەمڕۆ وا بنکەی کۆمەڵایەتی شۆڕش فراوان بووه و توانای هەلی گواستنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ سۆشیالیست بەڕێگای جۆربەجۆرو لەوانە بەڕێگای ئاشتیانە زۆر بووە.
ماویستەکان بێ ئەوەی خۆیان بەشیکردنەوەی زانستانەی رووداوەکانی جیهانەوە ماندوو بکەن و تەجرەبەی رابردوو بەشێوەیەکی موتڵەق وەردەگرن، ئەوە دەچەسپێنن کەوا بۆ هەموو وڵاتێک و لەژێر هەموو زروفێکدا هەر تاکە رێگایەک هەیە، ئەم رێگایەش تێکۆشانی چەکدارانەیە، لایەنگیرانی باوەڕی وشک لەپەیکیندا وادەردەخەن کە (شۆڕشی بۆرژوازی شۆڕشێکە تیایدا چینێک کە لەسەر چەوسانەوە دەژیت، چینێکی تر لادەبات، هەتا ئەم شۆڕشەش لەشەڕی خۆ وڵاتیدا رزگاری نابێت و پاشان هیچ شۆڕشێکی پرۆلیتاریا بێ شەڕێکی خۆ وڵاتی ناکرێت)، بەم چەشنە ماویستەکان تووندوتیژیی شۆڕشگێڕانە لەخەباتی چەکدارو ئەمیش لەشەڕی خۆ وڵاتی نزیک دەکەنەوە، بەڵام لایەنگرانی کۆنی مارکسیزمی-لینینیزم باری ئەمڕۆمان ئەوە دەچەسپێنێت کەشێوەی دیاریکراوی خەبات لەنێوان بۆرژوازیەت و جەماوەری زەحمەتکێشاندا، لەنێوان شۆڕش و شۆڕشی پێچەوانەدا پارسەنگی نێوان هێزەکانی چەوسانەوە و چینی کرێکاران و هاوپەیمانانی ئۆردوگای سۆشیالیست لەدانانی ئەم پارسەنگییە لەڕادەی ناو دەوڵەتاندا دەورێکی گەورە دەگێڕێت.
سەرکردایەتی پەکین لەپلەی ناکۆکی بیروبڕواوە پەڕینەوە پلەی جموجۆڵی و کار بەهیوای لێکدانی یەکێتی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان، تروتسکییەکانیش لەخوایان دەویست بێن کەڵک لەمە وەرگرن، هەر بۆیەشە ئه و وەختە ترۆتسکییەکان بوژانەوە کەچالاکی دووبەرکیانە و تێکدەرانەی ماویستەکان کەوتە ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی جیهانەوە.
ئه و بەڵگەنامانەی لەبابەت مەسەلەی شەڕو ئاشتی و شۆڕشەوە تاقمە ترۆتسکییە جۆربەجۆرەکانی سەر بە (ئینتەرناسیۆنالیزمی چوارەم) لەساڵانی شەستەکاندا دایان ناوە بەڕوونی دەستنیشانی ئه و بارەی کردووە که لەبزووتنەوەی شیوعیەتی جیهاندا لەئەندامی چالاکیی دووبەرەکییەکانی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی چین سەریهەڵدا.
ترۆتسکییەکان بەهۆی یەکسانی بیروڕایان لەگەڵ ماویزمدا دەیانەوێت بگەنە ئامانجی خۆیان، ئەمان و ئەوانیش ئه و یاسا مەوزوعییانەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی پشتگوێ دەخەن و هەردوولا لەسیاسەتدا گیانێکی سەرکەشانەیان هەیە و بەلایەنگری رێبازی ویست (ئیرادە) روانینی دەروونی تایبەتی بۆ ئابووری ناسراون هەردووکیشیان پێکەوە دوژمنایەتی کردنی تیۆری مارکسیزم-لینینیزم لەناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی جیهاندا بەشداری دەکەن(7).
=KTML_Bold=پەراوێزەکان:=KTML_End=
1-ماویزم واتە ئه و تێگەیشتنەی کە ماوتسی تۆنگ لەمەڕ ستراتیژی شەڕیی شۆڕش و مارکسیزم-لینینیزم و هەروەها چۆنیەتی گونجاندنی مارکسیزم-لینیزم لەگەڵ بارودۆخی چیندا هەیبوو، یەکێک له و شتە سەرەکیانەی کە ماو و کۆمۆنیستەکانی چین لە کۆمۆنیستەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەوان ناوەندی خەباتیان لەشارەکانەوە بۆ گوندەکان گواستەوه و هەروەها بەپێچەوانەی وڵاتێکی وەک بەریتانیا کە خەباتی کۆمۆنیستی لەدەستی کرێکارانی شارنشیندا بوو، ئەمجارە لە چین و بەسەرکردایەتی ماو جووتیارانی گوندنشین خەباتەکەیان بەدەستەوە گرت، ئەمەش هەم جیاوازییە و هەم وەک خاڵێکیش دەستنیشان دەکرێ کە کۆمۆنیستەکانی چین بەشۆڕشی کۆمۆنیستیان زیاد کردووە، بۆیە شۆڕش لەوڵاتی چین بوو بەشۆڕشێکی پارتیزانی و ماوو سەرکردایەتی ئەم شۆڕشەی کردو لەساڵی 1949دا سەرکەوت و سوپاکەی ماو کەسوپایەکی جووتیاری بوو یەکە یەکە لەهەمان ساڵدا شارەکانیان گرت.. بڕوانە: گۆڤاری ئایدیا واڵا، ژمارە(36)، کانوونی یەکەمی 2012، ساڵی نۆیەم، ل137-138.
2-رێبوار ئەحمەد، مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆل، بەرگی یەکەم، چ1، بێ شوێنی چاپ، 2017، ل36.
3-نەرمین عوسمان، لەبەر تریفەی مانگ خەونەکانی نیشتمانمان دەچنی، چ1، چاپخانەی کارۆ، 2020، ل159-160.
4-نەرمین عوسمان، سەرچاوەی پێشوو، ل164-165.
5-برایم جەلال، چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە، چ2، چاپخانەی چوارچرا، 2012، ل14-15.
6-برایم جەلال، سەرچاوەی پێشوو، ل15-16.
7-بڕوانە: بیری نوێ، یەک شەممە، 12/1/1974، ل1-2. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=