مرۆڤی نیاندەرتاڵ و #ئەشکەوتی شانەدەر#
لێکۆڵەر: #لوقمان حەوێز#
مرۆڤە نیاندرتاڵەکان نزیکەی 45 هەزار ساڵە لەناوچوون، پتر لە دوو ملیۆن ساڵە لایەنی کەم شەش جۆر مرۆڤ درووستبوون و هەموویان لەناوچوون جگە لە مرۆڤە هۆمۆسێیپیانەکان کە ئێستا هەموو بستێکی هەسارەی زەوی داگیرکردووە، بۆیە بێگومان ئێمەی کوردیش لە جۆری هۆمۆسێیپیانەکانین، بەهۆی ئەوەی لە کاتی سەرهەڵدان و بوونی هۆمۆسێیپیانەکان هێشتا لە هەندێک شوێن نیاندرتاڵەکان مابوون لە نزیک یەکترەوە ژیاون بۆیە جوتبوون و خێزان درووستکردن هەبووە لەنێوان هەردوو جۆر و نەوەشیان ناوەتەوە بە یەکەوە، بەلێکدانەوە ونەخشەسازیکردن بۆ جینەکانی نیاندرتاڵەکان و هۆمۆسێیپیانەکان ئەوە دەزانین و دەشزانین بڕی لەسەدا دوو بۆ سەدا سێی لە جینۆمەکانی هەموو مرۆڤەکانی دونیا جگە لە ئەفریکییەکان ئەمڕۆ جینەکانی نیاندرتاڵەکانن، ئەوە لەلایەک لەلایەکی تر هەموو ئەو ڕەچەڵەکانەی ئێستا هەن لە هۆمۆسێیپیانەکان زۆرزۆر نوێترن لە تەمەنی ئەو کەللە سەرەی نیاندرتاڵە کە دۆزراوەتەوە، ڕەچەڵەکەکان درووستبوون دوای ئەوەی مرۆڤ نزیکەی بەر لە پانزە هەزار ساڵ دەستی بە جێنشینبوون کرد لە شوێنە جوگرافییەکان و شار و کۆمەڵگەکانی درووستکرد و لەو شوێنانە مانەوە، گەلێکیش لە ڕەچەڵەکان کە لە ناوچەکانیان دەژین ئێستا لە جیهان زۆر نوێتریشن لەوەش بەهۆی شەڕەکان و کۆچکردنەکان.
ئێمە دەزانین دوو ملیۆن ساڵ زیاترە مرۆڤی کۆن لە ئەفریکیاوە هاتووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ناوچانەش ژیاوە، مرۆڤی نوێش کە ئێمەی هۆمۆسێیپیاکانین 125 هەزار ساڵە لە ئەفریکاوە هاتووە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فاکتی یەکەم: کەللەسەری ئەو ژنە نیاندرتاڵە کە بەر لە 75 هەزار ساڵ ژیاوە ساڵی 2018 لە شانەدەری خاکی کوردستان دۆزرایەوە..
فاکتی دووەم: نە ئەو ژنە و نە مرۆڤە نیاندرتاڵەکان هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کورد و مێژووی کورد و کوردبوونەوە نییە. [1]