بە جلێکی ڕەش و ڕوویەکی خۆشەوە، لەسەر قەڵای هەولێر، تەمبوورەکەی لە کۆشی خۆی دانابوو، دوای چڕینی گۆرانییەک، دڵبخوین دارا ویستی بیناسێنێت، بەڵام پەشیمان بووەوە و وتی: پێویست ناکا، هەمووان ئایینوور دۆغان دەناسن.
ئایینوور (دۆغکان)، خانمە گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی دێرسمی باکووری کوردستانە. خۆی دەڵێت: لە هۆزی شکاکم. ئێستا لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا دەژی.
ئایینوور: لە ماڵباتێکی کۆچەری لەدایکبووم
ئایینوور دۆغان، میوانی تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو لە هەولێر، لە ئێوارەیەکدا لەسەر قەڵای هەولێر، دڵبخوین دارا، پێشکەشکاری نێوداری تۆڕی میدیایی ڕووداودا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کرد.
دەسپێکی هەڤپەیڤینەکە ئاوا دەستی پێ کرد
ڕووداو: چۆنی ئایینوور؟
ئایینووری دۆغان: باشم، مادام لە کوردستانم زۆر باشم.
ڕووداو: من زۆر حەزم دەکرد لە نزیکەوە ئایینوور ببینم، لە دوورەوە دەیناسم، چەند خۆشە لە نزیکەوە بتناسین!
ئایینووری دۆغان: ئێمە لە دڵەوە یەکدیمان دەناسی
ڕووداو: دەنگی تۆ هەمیشە بڵندە و خەمگینیشی تێدایە
ئایینووری دۆغان: دەنگی من دەنگی گەلی کوردە، دەنگی برینەکانی کوردە
ئایینوور دۆغان: زۆر بیری چیا، داپیرم و منداڵیی خۆم دەکەم
ئایینوور لەبارەی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەیەوە وتی: لە ماڵباتێکی کۆچەری لەدایکبووم، ڕانی مەڕ و ماڵاتمان هەبوو، بەهاران دەچووینە سەر چیای مونزور لە دێرسم بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات.
ئەو خانمە هونەرمەندە، نزیکەی 30 ساڵە گوندەکەی جێهێشتووە و باس لەوە دەکات، کە ئێستا زۆر بیری چیا دەکەم، بیری داپیرم، منداڵیی خۆم و گفتوگۆی جاران دەکەم.
لەبارەی ماڵباتەکەشی دەڵێت: ئێمە لە ماڵەوە بە کوردی گفتوگۆ دەکەین. بەردەوام لەگەڵ خوشکەکم ئایسوون بە یەکەوەین، نزیکەی 20 ساڵە بە یەکەوە کاردەکەین.
بە گۆرانی کچا کوردانم ناسرام
ئایینوور دەیان گۆرانی بە زمانی کوردی و تورکی هەیە، بەڵام دەڵێت: بە گۆرانی کچا کوردانم ناسرام. ئەو کاتێک دەچێتە سەر سەکۆ هەست بە دڵخۆشی دەکات. چونکە دەتوانم ئەوەی لە دڵمدایە دەریبڕم و هەست بەئازادی دەکەم.
ئەو هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیوتن بووە، کاتێک منداڵ بووم، لاسایی دەنگی کەو و باڵندە و ئاوم دەکردەوە. زۆر هەستێکی هونەریم هەبوو، خەونی ئەوەم بۆ درووستبوو کە ببمە هونەرمەندێکی جیهانی و گۆرانی لە وڵاتانی جیهان بڵێم، ئەوەشم کرد.
ئەو خانمە هونەرمەندە، لەگەڵ زۆر هونەرمەندی بیانی کاری کردووە، لە ئەمریکا، ئوسترالیا، سەنگاپوور و زۆر وڵاتی ئەوروپا کۆنسێرتی کردووە.
بە کوردی باشتر دەتوانم هەستی خۆم دەربڕم
ئایینوور دەڵێت: گۆرانی تورکیشم گوتووە، گۆرانی تورکی و کوردی جیاوازییان نییە، بەڵام من کوردم، دڵی من بۆ کورد دەسووتێت و بە کوردیی گەورەبووم، بۆیە کوردی بۆ من خۆشترە و زیاتر دەتوانم باشتر هەستی خۆم دەربڕم.
لەنێو ماڵباتەکەیدا، دایکی ئایینوور دەنگی خۆشە: دایکم دەنگی زۆر خۆشە و پڕە لە هەست.
ئایینوور دۆغان ساڵی 1994 چووەتە ئیستەنبووڵ، لە ساڵی 1995 بڕیاریداوە دەست بە کاری هونەری بکات. سەرەتا لە تەمبوورەوە دەستمپێکرد. لە ساڵی 2004 ناسرام و سەرەتاکەش بە گۆرانی کچا کوردان بوو.
ئایینوور زیاتر گوێ لە دەنگی هونەرمەندە کۆنەکان دەگرێت، لەوانە شاکرۆ، خان ئەزیزی، مرێم خان، کاوێس ئاغا ئەمانە لەنێو میوزیکی کوردی زۆر تایبەتن، شاکرۆ بولبولی کوردستانە. گوێ لە گۆرانییە نوێیەکانیش دەگرم، بەڵام دەنگیان کاریگەرییان لەسەرم نابێت.[1]