ئەوە هەورەکان دەست و پەنجەیان لە یەک ئاڵا و
لەو دیو جەنگەڵی چری هەورەوە..
خۆر وەکوو چرای کوختیەکی لادێ کز و بێ تینە
بارانیش دای کرد... ئەوە بارانە؟.. یان خوێنی سپی
چۆڕاوگەی زامی هەوری ژێر دەمی شمشێری تیژی برووسکەی شینە؟
***
ئای چەند شەیدای ئافرەتێکم لە باران بێ..
پەریزادەی با و بۆران بێ..
کەوتمە مەرەکەبی گوناهەوە...
دەرم بێنێ و بمداتە بەر ڕێژنەی ئەشکباری
کە سەراب بوو بە مەنزڵم...
مەمکیم بۆ بکاتە دوو کانی و
پرچی بە کەپری مرواری
ئەم ئێوارەیەش هەمان ئێوارەی جاری جاران بوو..
بەڵام پەیکەری شەقامێکی بەر تاوە باران بوو
ڕێبوارێ وتی.. وەرە ژێر چەترم
وتم نەء هاوڕێ.. حەز ئەکەم هێندە بچووک ببمەوە..
هەتا تنۆکێ ئەبێ بە قەبرم!
بە شێتی زانیم..
منیش لە سایەی ئاسمانی نوقم لە شین و شۆڕا..
دەفتەری تەڕبووی شیعرم ئەگەرچی..
پیتەکانی گشت کاڵ کاڵ بوونەوە
دڵم لە پەری باران نەتۆرا
بەخیلیم ئەبرد بەو تنۆکانەی...
بە شان و ملی کچەکانەوە ڕێچکەیان ئەبەست
لە خۆم ئەپرسی.. بۆ نمەی باران وەکوو ملوانکە ناهۆنرێتەوە و
بۆ وەکوو بازن ناکرێتە دەست؟
باران بە زمانێ ئەدوێ کەس پیس ناکا
باران ساتێ توڕە دەبێ گوڵ سیس ناکا
باران لە میحرابی دڵما مۆمی نوێژی هەڵکردووە
پێستم وەکوو شەختە.. بیریشم لەلای هەتاوێ نییە..
لەودیو جەنگەڵی چری هەورەوە..
کە وەکوو چرای کوختێکی لادێ کز و بێ تینە
باران شەرستە ئەکا.. ئەوە بارانە؟ ... یان خوێنی سپی..
چۆڕاوگەی زامی هەوری ژێر دەمی شمشێری تیژی برووسکەی شینە؟ [1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#