دارە گەورەکەی سەرکەل تاریدەر
نشینگەی ڕێبوار، ئەم سەر و ئەو سەر
باڵات سپیدار سەر سەراوانە
گەڵات لاپەڕەی مێژووی زەمانە
هاژەی شا لەقت زاخاوەکەی دڵ
ڕیزێ هێلانەی بولبول لەسەر چڵ
پانکەی تەبێعی شنەی سێبەرت
خاڵی ڕووی گەردوون شکۆفەی سەرت
چەپەن قزڵجە و ڕاستت سەرکانە
تەماشاگاهت گشت کوردستانە
هەرچەن بە دیمەن دارێکی جوانی
بەڵام بە واتە ماوەی زەمانی
من سوێنت ئەدەم بە دیدەی یاران
بە نیم نیگای ناز گۆشەی دەواران
بە تاقی ئەبرۆی ڕەشی سیوەنگی
بە پێچی زوڵفی وەک ماری جەنگی
بە لەنجە و لاری نیمچە غەزاڵان
بەهاڕەی پۆیلەی نازک نەوهاڵان
ڕاسم پێ بێژە کێت دیوە بەچاو؟
چیت دیوە لە ڕووی گیتی ناتەواو؟
بەسەد ناڵە و دەرد دار هاتە وەرام
وتی ئەی قانع دەروون پڕ لە زام
من تووڵە نەمام دەورەی مادانم
چەقاوی دەس و پەنجەی کوردانم
کاتێ مادەکان لە ئەورووپاوە
بڵاوەیان کرد بەڕووی دنیاوە
هاتنە ئیکباتان کە هەمەدانە
کردیان بە پێتەخت جێگەی شاهانە
چوون خۆیان کورد بوون دەوڵەتی کوردان
لە کوردستانا چاک دایان مەزران
ئەوەڵ دیوکس پادشای کوردان
ڕەشید و سەخی مەردی ڕووی مەیان
زۆر چاک دایمەزران ئەساسەی شاهی
بناغەی خوێندن سوارەی شاهی
ئاڵای داچەقان سپی و سەوز و سوور
ئەدرەوشایەوە نزیک تا لە دوور
ئەو سککەی پارەی هێنایە کایە
لەڕووی دنیادا کردیان بە مایە
جێگەداری ئەو فرەفرتیش بوو
وەبەرزی هۆزی کەوتە هاتوچوو
لە پاش ئەو نۆبە هاتە نیوخشتر
دانیشت لەسەر تەخت شێری پڕ هونەر
ئاشووری فەوتان لە کوردستانا
وەک شێر ئەینرکان لە ڕوی میدانا
منیش یادگار شاهانی دوورم
بەم سەر یاڵەوە پڕ جەفا و جەورم
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]