لە بسم الله تەڵەب کە عزی عوقبا
لە بسم الله تەڵەب کە ئیشی دونیا
لە ناوی وەحدەت و یۆنس لە زگ حووت
بە ئاسانی نەجاتی بوو لە دەریا
بە ناوی حەق بە گوڵ بۆ ناری نەمروود
لە ناوی خالق و بۆ دەستی بەیزا
ئەگەر ناوی خوداوەندی نەکا ئیش
چلۆن حوشتر لە بەردی سەخت پەیدا
بە تەیرێکی زەعیف و بێ پەڕ و باڵ
هەزار ئەسحابی فیلی خستە ئەفنا
ئەفەوتێنێ هەزاران چەشنی قاروون
بە ئەسکەندەر ئەبەخشێ تەختی دارا
لە خوانی ڕەحمەتی حەق جیرە خۆرن
هەزاران وەحشی و نادان و دانا
بە ناوی زاتی پاکی خۆی موحەققەق
هەموو سەر سوورەتی قورئانی دانا
لەلای زاتی خوا هیچ نانوێنێ
چە شێخ قانع، چە کەیخەسرەو، چە کیسرا
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]