جارێ کەرێکیان بانگ کرد بۆ شادی
قاقا پێکەنی کەر بە ئازادی
کلکی بەرزۆ کرد لوتی هەڵبڕی
بە دڵێکی خۆش جار جار ئەزەڕی
وتیان تۆ بۆچی وا پێ ئەکەنی؟
خۆ بانگ کراوی سەر زەماوەنی
وتی من بۆیە وا پێ ئەکەنم
نە دەهۆڵ کوتم نە شمشاڵ ژەنم
نە سەرچۆپی کێش نەدوایی گیرم
لەبەر بار کێشان زیز و زویرم
نە هەڵپەڕکێکەم وەک هەڵپەڕینە
نە ئاوازەکەم جوان و شیرینە
بەوا مەنواڕە کز و کەساسم
من وەک خەڵقی نیم خۆم چاک ئەناسم
ئەزانم بۆیە من بانگ کراوم
حەماڵی دار و بەر میلە ئاوم
چەن خۆشە گشت کەس جێی خۆی بزانێ
بەقەد جەوهەری شانی خۆی دانێ
نە چۆلەکە بێ و وەک باز بێتە ڕاو
بەسەرە خەری خۆی خاتە ناو داو
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]