چرای دین لە نێو دڵیا هەڵکرا
بۆ ئەم جیهانە بوو بە چلچرا
شەش مانگ وەحی حەق ڕوئیای سادق بوو
هەرچی ئەیبینی زۆر موافق بوو
لەپاش ئەو موددە بە لوتفی مەننان
ڕۆژی دووشەممەی حەثدەی ڕەمەزان
جیبریل هاتە لای لە غاری حەرا
فەرمووی بخوێنە ئەی ڕوخسار چرا
فەرمووی قاری نیم، جوبریل بە ئازار
وشاردی و فەرمووی: بخوێنە ئەمجار
عوزری هێناوە بە وێنەی سابیق
وشاردییەوە جیبریلی فایق
فەرمووی: بخوێنە ئەی ساحێب تەمکین
فەرمووی: من ئوممیم بێ خەت و نووسین
جا وشاردییەوە جیبریلی ئەکڕەم
خوێندیەوە «إِقْرَأْ» تا «ما لَمْ يَعْلَمْ»
کە جیبریل ون بوو، حەزرەت بە دەهشەت
هاتەوە بۆ ماڵ بە ترس و وەحشەت
فەرمووی: دام پۆشن، کە دایان پۆشی
لەپاش سەعاتێ ڕووی کردە خۆشی
بەیانی فەرموو لەلای خەدیجە
وەزعی خۆی ئەووەڵ، هەتا نەتیجە
فەرمووی پەرۆشم لە وەزع و حاڵم
چیم بەسەرابێ و چۆن بێ مەئالم
خەدیجەی زانا، بە هۆش و زانست
فەرمووی موژدەبێ ئەی ڕاستی پەرست
لە هەردوو دونیا ساحێب حورمەتی
بۆ هەموو عالەم مایەی ڕەحمەتی
ئەتۆ مەردێکی بەرز و بەهرەمەند
ساحێبی بیر و کردەوەی پەسەند
ئینسانێ وابێ هەرگیز ناکەوێ
بەرزی وەهابێ، قەت دانانەوێ
جا بردی بۆلای وەرەقەی جەلیل
دانای مەزموونی تەوڕات و ئینجیل
پاش بەیاناتی حەزرەتی بەشیر
جوابی دایەوە وەرەقەی خەبیر
فەرمووی بە قوربان ئەو زاتە جوانە
لە مەلائیکەی موقەڕڕەبانە
فریشتەیێکە بۆ دین دەلیلە
ناوی مەشهوورە، کە جوبرەئیلە
ئەمینی وەحیە بۆ پێغەمبەران
کاتێ لای بەشەر ڕەوانە کران
ئەو فریشتەیە هێناویە ئەوسا
تەوڕات و ئینجیل بۆ مووسا و عیسا
هاتووە بۆلای تۆیش بە ئەمری خودا
چوون ئادەمیزاد گشت وان لە خەودا
کەلامی خودات بۆ نازڵ ئەکا
میعراجی خێرت بۆ حاسڵ ئەکا
ئەبی بە ڕەهبەر بۆ جینن و بەشەر
ڕوو بکەن لە خەیر، لا بدەن لە شەڕ
جا شۆڕش ئەکەن لەم سەر تا ئەوسەر
بۆت پەیدا ئەکەن هەزار دەردی سەر
بە زەمم و ئازار، بە ڕەخنە و لەکە
هەتا دەرئەچی لە شاری مەککە
ئاخ لەو سەردەما بەر حەیات ئەبووم
گەنج و بەهێز و دەسەڵات ئەبووم
هەوڵم بدایێ بۆ حورمەتی تۆ
تێکۆشیمایێ بۆ خزمەتی تۆ
جا حەزرەت فەرمووی: چۆن عەشرەتی من
ئەبن بە مایە بۆ حەسرەتی من!؟
من خارج ئەکەن لە وەتەنی خۆم!؟
کزی و غەریبی ڕەوا ئێرن بۆم!؟
پێی فەرموو: بەڵێ دونیا هەر وایە
عالەم دوژمنە بۆ ساحێب پایە
جا نەخوازەڵا پایەی ئەنبیا
لەوە بوڵەندتر نییە لە دونیا
لەپاش ئەم وەزعە هەتاکوو سێ ساڵ
هیچ ئایەت نەهات بۆ شای پڕ کەماڵ
فەقەت جوبرەئیل بۆ سەبووری ئەو
خۆی نیشان ئەدا جارجار بە پڕتەو. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#