با بڵێین بەعزێ لە ئیڕهاساتی
لە کەڕامات و لە موعجیزاتی
لە پێش نوبووەت «خرق العاده»ی خاس
لە ئیستیلاحا پێی ئەڵێن «اِرهاص»
بە مەعنای ئەساس بۆ پێغەمبەری
دامەزراندنی پایەی سەروەری
بە «خرق العاده»ی دوای نوبووەت
بێ موعارەزە بڵێ «کرامَت»
پاش نوبووەت و تەڵەبی کوففار
هەر خاریقەیێ ئەو بیکا ئیزهار
بەو خاریقەیە ئەڵێن «مُعجِزه»
چونکی خەسمەکەی بەوە عاجزە
نیشانەکانی شەوی وەلادەت
هەموو ئیڕهاس بوون لەبۆ نوبووەت
هەر وا ئەو هەورە لە کاتی سەفەر
لە ڕاسەریەوە ئەبوو بە سێبەر
کە بوو بە ڕەسوول سەییدی ئەنام
گەلێ جەمادات لێیان کرد سەلام
کۆڵەکەیێ بوو لەو مزگەوتەدا
بۆ خوتبە پاڵی پێیەوە ئەدا
کاتێ تەرکی کرد پاش بینای مینبەر
ناڵاندی لەبەر فیراقی دولبەر
تا ڕۆیشتە لای بە میهرەبانی
باوەشی پیا کرد وەک برای گیانی
ئەوجا بێدەنگ بوو بە سەبر و ئارام
بە مەحەببەتی «عليه السّلام»
تەسبیحاتی کرد بە ئەمری خودا
مشتێ وردە بەرد لە دەستی ئەودا
هەروا لە دەستی بووبەکر و عومەر
لە دەستی عوسمان مەحبووبی سەروەر
بە ئەمری ئەو بوو دارخورما لە دوور
هات بوو بە حیجاب بۆ شاهی مەنسوور
دارێکی سەمری بانگ کرد بۆ تەسدیق
هات و پاش تەسدیق گەڕاوە تەحقیق
وشتر چەن دەفعە هاتن بۆ شکات
لە قورسی بار و ڕێگەی دوور وڵات
شکاتی ئاسک و قسەی سووسەمار
باسی دەفەی شان بۆ خەتەری ژار
گەلێ دوعای کرد گشتیان قبووڵ بوون
بۆ خێر و بۆ شەڕ بۆ بوون و نەبوون
بە دوعای ئەو بوو حەزرەتی عومەر
ئیمانی هێنا، گەیشت بە سەمەر
بە دوعای ئەو بوو حەزرەتی ئەنەس
عومر و ئەولاد و ماڵی کەوتە دەس
بە دوعای ئەو بوو کە ئیبنو عەبباس
لە دونیا گەڕا بە «اعلم النّاس»
بە دوعای ئەو بوو ساڵی وشکەساڵ
باران ئەباری مەحاڵ بە مەحاڵ
دوعای شەڕیشی لە هەرکەس ئەکرد
بە ئەمری خودا تەئسیری ئەکرد
ئەو پێنج بێشەرمە کە بە ئیستیهزا
بۆ حەزرەت ئەبوون بە مایەی سزا
دوو ئەسوەد ناو و حاریس و وەلید
عاس ئیبنو وائیل نامەردی پەلید
زوو گیرۆدە بوون بە دوعای حەزرەت
لە دونیا دەرچوون بە داخ و حەسرەت
ئەسوەدی کوڕی موتتەلیب کوێر بوو
ئەسوەدی دووهەم ئیسقای پێ فێر بوو
وەلید بە تیرێ جەستەی داڕزا
عاسیش بە دڕکێ فەوتا بە سزا
حاریسیش سەری داوەشا بە زام
لە دونیای ڕۆشن دەرچوو بە ناکام
بوون بە سەدەقە بۆ ئەو پێنجانە
کەوتنە کۆشش ئازا و مەردانە
پەیمانی شەڕیان تێکدا بە یەکجار
هۆزی حەزەریان هێناوە بۆ شار
مەعتەم و زەمعە و هیشام و زوهەیر
«ابو البحتري» مەردی ساحێب خەیر
بە دوعای ئەو بوو عەتەبەی نەگبەت
کوشتی شێرێکی بەهێز و هەیبەت
پیاوێکی عەرەب دڵ و دەروون سارد
بە دەستی چەپی تەعامی ئەخوارد
حەزرەت بە نەرمی و ئارامی فەرمووی
دەستی ڕاس چاکە نانی پێ بخۆی
کابرا بە عیناد وتی ناتوانم
هەر بە دەستی چەپ خواردن ئەزانم
فەرمووی با وابێ کابرای بەدعەمەل
دەستی نەخۆش کەوت بە دەردی شەلەل[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#