#قوباد تاڵەبانی#، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام #جەلال تاڵەبانی#، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ #چەمچەماڵ#، ئەمڕۆ یەکشەممە (#30-06-2024#) بە ئامادەبوونی
سەرکەوت حەسەنسەرکەوت حەسەن لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەندی ڕێکخستنی یەکێتی لە چەمچەماڵ کۆبووەوە.
دوای گوێگرتن لە بۆچوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەند سەبارەت بە دۆخی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە سنووری چەمچەماڵ، سیاسەت و دۆخی ئێستای یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ڕوون کردەوە.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال، ئەم قۆناغەی یەکێتی بە قۆناغی بووژانەوەی یەکێتی ناوبرد و ڕایگەیاند: یەکێتی لەم قۆناغەدا بە سەرکردایەتی #بافڵ تاڵەبانی# ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەبێتە جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ڕوونیشی کردەوە؛ پێشتر بەشێک لە خەڵک ڕەخنەیان لە یەکێتی دەگرت کە بەهۆی ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانەوە سیاسەتی یەکێتی ڕوون و شەفاف نییە، بەڵام ئێستا زۆرینەی کۆمەڵگە دەزانن یەکێتی ئامانج و سیاسەتی چییە و ئەمەش دەستکەوت و پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ یەکێتی و دەبێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوی زیاتر بەرەو شەفافییەت بنێین.
قوباد تاڵەبانی هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا یەکێتی لە هەموو کات بەرچاوڕوونترە و سەرکردایەتی و کادران و هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی بە یەک ئاڕاستە کار دەکەن. وتیشی: ئەم یەکێتییەی ناو یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستاندا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە گرنگی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستانی بۆ یەکێتی کرد و ڕایگەیاند: ڕاستە لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی بە سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەنگی هێزی لەناو هەرێمدا ڕاست کردووەتەوە، بەڵام گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە کە دەبێت یەکێتی سەرکەوتنێکی ئەوەندە گەورە بەدەست بهێنێت تا لەپێناو چاکسازی ڕیشەیی بە قوورساییەکی زۆر گەورەوە لەناو هەموو دامەزراوەکاندا ئامادەیی هەبێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێیانوایە یەکێتی تەنیا لایەنێکە کە دەتوانێت و هێزی ئەوەی هەیە چاکسازی ڕاستەقینە بکات. هەر بۆیە دەبێت ئەندامانی مەڵبەند و کادرانی یەکێتی لە سنووری چەمچەماڵ زیاتر بچنە ناو خەڵکەوە و ئەو متمانەیەی خەڵک بە یەکێتی بەهێزتر بکەن، چونکە یەکێتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پێویستی بە پشتگیری و متمانەی بەهێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە. [1]