ئەو بەیانییەی دوای مردنی ئازیزێکت هەڵدەستی لە خەو دەبینی هیچ شتێک وەکوو جاران نییە، هەستەکانیش هەمان هەستی ڕابردوو نین، بەیانییەکی سارد و سڕە بە جۆرێک هەست بە ژیان ناکەی وەکوو جەستەیەکی بێ گیان سەیری دەوروبەرت دەکەی و لە ئەو دەگەڕێی.
بەڵام کوا؟
دەچیتە سەرسفرە تاوەکوو نانی بەیانی بخۆی و لەپڕ بانگی دەکەی کەچی وەڵامت ناداتەوە، بۆ چەند جارێک بەوناوە بانگی دەکەی کە هەمیشە ڕاهاتبووی بیخەیتە سەر زارت بەڵام دووبارە وەڵام نییە.
دەچیتە ژووری نووستنەکەی دەبینی جێگاکەی زۆر ڕێکە و پێخەفەکەی لە شوێنی خۆیەتی، بۆ چەند دەقەیەک ڕادەوەستی و دواتر چاوەکانت پڕ دەبن لە فرمێسک و ئەوە ڕێک ئەو کاتەیە کە دەزانی ئەو هیچ کات نایەتەوە.
دەگەڕێیتەوە سەر سفرەکە و سەیری جێگاکەی دەکەی کە هەمیشە عادەتی گرتبوو لەوێ دابنیشێت و تۆش کێشەت لەگەڵی دروست دەکرد و گەلێ جاران جێگەکەیت داگیر دەکرد، زەردەخەنەیەک دێتە سەر لێوانت لە هەمان کاتدا فرمێسکیش لە چاوەکانت قەتیس ماون، کێ دەتوانێت پێناسەی ئەو هەستە بکات، وەکوو مردنێکی لەسەر خۆ وایە.
لە کۆتاییدا خوانەکە جێدێڵی و بە دەم بیرکردنەوە لەوەوە دەچیت سەیری کتێبەکانی دەکەی، ئەو کتێبانەی کە لە هەموو سامانی ئەو دنیایە لای بەنرختر بوون.
کتێبە دڵخوازەکەی دەکەیتەوە پارچە وەرەقەیەک دەکەوێتە خوارەوە، سەیری دەکەی لێی نووسراوە (بەیانی زۆر جوانتر دەبێت لە ئەمڕۆ)، بەڵێ، ڕاستیکرد بەیانییەکەی زۆر جوانتر بوو چونکە لەکاتی نوێژی بەیانی، لە کاتی موناجات لەگەڵ خودایا ڕۆحی سپارد.
نووسەر: #دونیا پوشۆ#. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=