$ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی ئەوروپای #پژاک# بڵاوکرایەوە$
=KTML_Bold=ناوەرۆک:=KTML_End=
ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی =KTML_Bold=پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک=KTML_End= بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە: تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ناوەندی کار و خەباتی ئێمە دەبێت.
ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی ئەوروپای پژاک
لەپاش کۆتایی هاتنی دووەمین کۆنگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ئەنجامنامەیەک بڵاوکرایەوە و چەند بڕیارێک پەسەند کرا، تێیدا هاتووە: ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ئیرادەی کوردی ئازادە و کلیلی چارەسەری پرسی دیموکراسی و پێکەوەژیانە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەو پێیەش تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ناوەندی کار و خەباتی ئێمە دەبێت.
پژاک لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: لە سەردەمێکدا دووەمین کۆنگرەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەبەسترێت، کە ناوچەکە لە ڕەوشێکی هەستیاری سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە و ڕەوشی نادیاری سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر ئەم ناوچەیەدا و لە هەموو لایەکەوە دەستتێوەردان، بووەتە هەوێنی ئاکتەرانی ناونەتەوەیی و ناوچەیی و دەستێوەردانەکان و شەڕی پڕۆکسی لە ئاجێندای ڕۆژانەی ئەو هێزانەدایە.
دەستێوەردانەکانی ئێران و تورکییە لە ناوچەکە، دۆخێکی هەستیاری ساز کردووە کە ئەو دۆخە بەرەو شەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیی دەڕوات و ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ دەستێوەردانی بەرفراوان تری ئاکتەرانی ناونەتەوەیی. شەڕی غەزە لە پانتاییەکی بەرفراوان و لە چوارچێوەی ئاجێندای خۆیدا خەڵکی سیڤیلی لە ڕەوشێکی نالەباردا ڕاگرتووە و هاوکات پلان و دەستێوەردانەکانی تورکییە بە هاوکاری و چاوساخی ڕاستەوخۆی پاڕتی دیمۆکڕات و بنەماڵەی بارزانی لە ڕۆژاوای کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان، ئەو دۆخەی چەندین بەرابەر مەترسیدارتر کردووە بۆ داهاتو و چارەنووسی گەلی کورد. ئەو ئامادەکاریەی تورکییە بۆ باشووری کوردستان و هێرش بۆ سەر پێگەکانی گەریلا، وەک پیلانێکی نەگریس بۆ سەر داهاتوی کوردستان دەنرخێندرێت و ڕەوش، ئەوەندەی کە هەیە ئاڵۆزتر دەکات.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران دوای کوژرانی گوماناوی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، نیشانی دا کە گەلانی ئێران دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئیتر هیچ مەشروعیەتێک بۆ دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران قایل نابن و سیناریۆکانی پێشوی ئەو دەستەڵاتە، لەناو خەڵکدا جێگە و پێگەی نەماوە و ڕێژەی بەشداریکردنی دەوری یەکەم ئەو ئیدعایەی نیشانیدا، هەرچەند بە شێواز و میتۆدی جودا هەوڵیان داوە ڕێژەی دەنگەکان زیادە نیشان بدەن و بە موهەندسی کردنی هەڵبژاردن و دانانی مەسعودی پزشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران، سیگناڵێکی ڕاستەوخۆیان بۆ موعتەدل نیشاندانی ئەو دەستەڵاتە لە بەرانبەر هێژمۆنی جیهانی نیشان دەدات تاکوو لە بواری ناودەوڵەتی شەرعیەتێک بۆ خۆیان بەدەست بهێنن و هاوکات چەکەرەیەکی ڕیفۆرمخوازی لە دڵی گەلانی ئێراندا بچێنن، بەڵام ئەو تەرفەند و میتۆدانە لەسەر گەل هیچ باندۆرێکی نەماوە. لاوازی و بێ پلانی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی ئێران و سیاسەتی سەرکوت و برسی کردنی گەل، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گەڵان و ڕادیکاڵ بوونەوەی خواستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. هەژاری، بێکاری، نەبوونی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ئابووری، دیپلۆماسی ناکارامە، سەرکوتی سیستەماتیکی ژنان، گەندەڵیی سیاسی و ئیداری و سەرکوتی بیرمەندانی ئایینە جیاوازەکان و درێژەدانی سیاسەتی گرتن و ئەشکنجە و کوشتن، بووەتە هۆی نارەزایەتی بەربڵاوی گەلانی ئێران و بە شێوازی گۆڕینی ڕوکەشی سەرۆککۆمارێک ناتوانن ئیتر فریودانی خەڵک بە شێوازی پێشو درێژە پێبدەن.
لە کەشوهەوایەکی ئاوادا ئەکتەرە سەرەکییەکانی بەشدار لە گۆرانکاریەکانی ناوچەکەدا، خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە دەکەن، گەلانی ئێرانیش لە گەڕان بەدوای مۆدێلی ژیانێکی ئازاد و شایستە دان. ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان -پژاک لە ئەوروپا بە هەستکردن بە هەستیارییی دۆخەکە خۆی بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەکات. لەو چوارچێوەدا لە ڕۆژانی 28-29-30|2024، کۆنگرەی دووەمینی خەباتی خۆی لە ئەوروپا بەڕێوە برد.
لەو کۆنگرەیەدا بە چڕوپڕی لەسەر ڕەوشی سیاسەتی جیهانی، ناوچەیی و بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ و یا ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیی هەیە، گفتوگوی لەسەر کرا.
لەسەر توکمەکردنی تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی و بۆ پێشخستنی خەباتی هاوبەش لەگەڵ تەڤگەری شۆڕشگێڕی، دیموکراتیک و ئازادیخوازی نەتەوەیی گەلانی ئێران، ژنان، کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کۆنگرەدا باس و گفتگۆی لەسەر کرا.
کۆنگرە بە پێی ئەو دۆخەی کە لە کوردستان و ناوچەکەدا تێپەڕدەبێت و پێویستی تێکۆشان لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا، هەروەها لەناو کۆنگرەدا بۆ وڵامدەربوون بە ئەم دۆخە، باسێکی بەرفراوانی لەسەر پێویستی پتەوکردنی ڕێکخستن کرا. پێداگری لەسەر ئەوە کرا کە پێشخستنی ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕوحی شۆڕشگێڕی ڕێگەچارەی هەنوکەیی تێکۆشانی ڕزگاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە.
کۆنگرە بە ڕوحی شۆڕشگێڕی و بە شەفافیەتەوە باس و گفتگۆی لەسەر لاوازیەکانی پێشووتری خەباتی پژاک لە ئەوروپادا کرد. بایەخدان بە ئەو هەوڵ و تێکۆشان و دەستکەوتانەی کە تا ئێستا لە خەباتی پژاکی ئەوروپادا وە دەست هاتون باسی لێوەکرا و بەرز نرخێندران. ڕێز لە هەموو ئەندام و دۆست و وڵاتپارێزانە گیرا کە بوونەتە هێز و وزەی تێکۆشانی پارتەکەمان لە دەرەوەی وڵات.
کۆنگرە لە دوای شرۆڤە کردنی ڕەوشی ڕابردوی خەباتی پژاک لە دەرەوەی وڵات و دیاریکردنی لاوازی و دەستکەوتەکان، دەرفەت و لەمپەڕەکان و پێویستییەکانی تێکۆشانی داهاتووی خەباتی پژاکی لە دەرەوەی وڵات دەستنیشان کرد و بەوردی دیاسپۆرای کوردی خستە بەر شیکردنەوە.
کۆنگرە نرخاندنی لە ڕەوشی کوردان کرد کە حاشاهەڵنەگرە کە کۆچبەربوونی کوردان بۆ دەرەوەی وڵات، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو پرسە نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیانەوە هەیە کە لە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستاندا خوڵقاون و زۆربەی هەرە زۆری کوردانی دەرەوەی وڵات ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو زۆری و زەحمەتی و توندوتیژیەی کە بەسەر گەلەکەماندا سەپاوە، بوونەتەوە.
ئەو بارودۆخە لەگەڵ هەموو ئازارەکان، هەگبەیەکی پڕی لە هەستی نیشتمانپەروەری، ماتەوزە (پتانسیڵ)، ئەزموون و تواناییشی خولقاندووە کە ئەگەر باش هەڵبسەنگێندرێ و بیری لێبکرێتەوە و ئۆرگانیزە بکردرێت، دەتوانێت هەم ببێتە پاڵپشتی شۆڕشی ناوخۆ، هەمیش ببێتە هێزی ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکی کوردان لە هەندەران، تا تاک و کۆمەڵگەی کورد لە هەندەران بتوانێت وێڕای کەڵک وەگرتن لە دەرفەتەکان و باشیەکانی کۆمەڵگەی خانەخوێ، لە نرخە ئەرێنییەکانی کولتووری کوردی و ناسنامەی کوردی دانەبڕدرێت.
ئەوروپا ژمارەیەکی بەرچاوی کوردی هەرچوارپارچەی کوردستان و ماتەوزەی بەرچاوی کاروخەباتی تێدایە کە ئێمە تا ئێستا نەمانتوانییوە بە باشی ئەو ماتەوزە بخەینە گەڕ. بەشێک لەو کەمووکۆڕیانە کە نەیانهێشتووە ئێمە وەک ڕێکخستنی پژاک لە ئەوروپا بەباشی ئەو ئیمکانانە بخەینە گەڕ، لە کۆنگرەدا دەستنیشان کران و ڕێبازی چارەسەرییان تاوتوێ کراو. قووڵبوونەوە بۆ شێوازی نوێ و دۆزینەوەی ڕێبازی گونجاو بۆ پێشانگەیەتییەکی ڕاست خرایە بەرباس. بۆ ئەم مەبەستە کۆنگرە بە شرۆڤەیەکی ورد و هەمەلایەنە کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لە کەشوهەوایەکی گەرم و شۆڕشگێرانەدا پەسند کرد لەژێرەوە چەند بڕیارێک ئاماژەیان پێکراوە:
1) ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ئیرادەی کوردی ئازادە و کلیلی چارەسەری پرسی دیموکراسی و پێکەوەژیانە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەو پێیەش تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ناوەندی کار و خەباتی ئێمە دەبێت.
2) لەژێر فەلسەفەی ئازادی ژندا، تێکۆشان دژی زێهنییەتی جنسییەت پارێز بە بنەما دەگرین.
3) پاراستنی کولتوری ئەرێنی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، وەک هەوێنی کاری ڕێکخستنی بە بنەما دەگیرێت.
4) ژیانی هاوبەشی گەلان و پەرەپێدان بە کولتوری پێکەوە ژیان و ناسینی جیاوازییەکان لە بەرانبەر کۆمەڵگەی هۆمۆژێنی دەوڵەت-نەتەوە بە بنەما دەگیردرێت.
5) دیپلۆماسی وەک ئامرازی ئاشتی و نزیکایەتی دۆستانەی گەلان دەبینرێت. لەو چوارچێوەدا دیپلۆماسی گەل بەبنەما دەگیرێت و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی تر ئەولەویەتی کارمان دەبێت.
کۆنگرە چەندین بابەتی دیکەی لە خۆ گرت، وەک مژاری گەنجان، ژنان، ژینگە. بە پلاننامەیەکی توکمە و بە درووشمی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین، نەتەوەی دیمۆکراتیک بوونیاد دەنێین لە کەشوهەوایەکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا و بە مۆراڵی بەرز کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
[1]